بەرەی عەرەبی یەكگرتوو كە لە كۆمەڵێك حزب، سەرۆك هۆز و كەسایەتیی عەرەبی كەركوك پێكدێت، هاوپەیمانێتییەكیان بۆ هەڵبژاردنەكانی نیسانی داهاتوو راگەیاند و تانەش لە ناوی هاوپەیمانی حزبە كوردییەكان دەدەن.
ئەو بەرەیە، ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئەیلول، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تۆماركردنی ناوی خۆیان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان راگەیاند بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.
سەفا عوبەیدی، لێپرسراوی راگەیاندنی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو، لە كۆنگرەكەدا وتی "هاوپەیمانێتییەكەمان لە کەسانی ئەکادیمی، سەرۆک هۆز و کەسایەتی بەناوبانگی كەركوك پێکهاتووە و كۆكەرەوەی نێو ماڵی عەرەبییە لە كەركوك".
وتیشی "لە هەوڵداین بۆ كاركردن بۆ بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی و یەكلیستی پێكهاتەی عەرەب بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو".
لە هەوڵداین بۆ كاركردن بۆ بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی و یەكلیستی پێكهاتەی عەرەب بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو
ئەم بەرەیە چەند جارێك رەخنەیان روبەڕوی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی كردۆتەوە كە ئەوانیش لە كۆمەڵێك حزب و سەرۆك هۆز و پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجومەن پێكدێن و راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك یەكێكە لە كەسایەتییە بەهێزەكانی.
بەرەی عەرەبی سەرەڕای ناكۆكییەكانیان لەگەڵ ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی و تۆمەتباركردنی یەكتر بە گەندەڵیی و خزمخزمێنە، بەڵام ئامادەن بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵیان.
شێخ وەسفی عاسی، سەرۆکی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، وتی "ئێمەى عەرەب هیچ كاتێک مافەکانمان بە تەواوى بەدەستناهێنین تاوەکو هەموان لە یەک لیست کۆنەبینەوە بۆ ئەوەى دەنگى عەرەب پەرتەوازە نەبێت وەکو هەڵبژاردنەکانى پێشوتر".
وتیشی "ناوی هاوپەیمانێتی حزبە كوردستانییەكان كێشەی هەیە و ئێمە تانەی لێدەدەین، چونكە ناوێكی نەتەوەپەرستییە و پێچەوانەی یاسای تۆماركردنی ناوی قەوارە و لیستەكانە لە كۆمسیۆن".
حزبە كوردییەكانی كەركوك، 9ی ئهیلول، رێككەوتنێكیان راگهیاند بۆ ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگای كهركوك، تا لهڕێی لیستێكی هاوبهشهوه بهناوی "كهركوكی كوردستانی" بهشداری بكهن، بەڵام لیستەكە بەهۆی كشانەوەی یەكێك لە حزبەكان كێشەی تێكەوتووە.