هیچ پزیشكێكی ژنان و منداڵبون لە قەزای شنگال نییە، نەخۆشخانەی گشتی نۆژەننەكراوەتەوە و لە تەواوی قەزاكە تەنیا سێ پزیشكی گشتیی و ئەمبوڵانسێك هەیە، لەكاتێكدا نزیكەی 30 هەزار كەس لە ئێستادا لە ناوەندی قەزاكە نیشتەجێن.
ئەو كێشە تەندروستییانەی بەرۆكی خەڵكی شنگالی گرتووە، لەكاتێكدایە دانیشتوانەكەی لە ئاوارەیی گەڕاونەتەوە و هێشتا هەزاران خێزان لەبەر نەبونی خزمەتگوزاریی لە كەمپەكان دەژین.
سەعید قاسم، سێ ساڵ لەمەوبەر گەڕایەوە شنگال و باوكی پێنج منداڵە، بە(کەرکوک ناو)ی وت "بۆ بچوکترین نەخۆشی دەبێت سەردانی شارهکانی ههرێمی کوردستان بکهین، دوجار کچەكەم بردۆتە دهۆك بۆ چارەسەر، هەر جارەو تێچوی 500 هەزار دینار بووە".
"لە شنگال سهردانی نەخۆشخانە دهکهین دەڵێن پزیشک نەهاتووە و دهبێت چهند کاتژمێرێک چاوهڕێ بکهین، چونكە لە دەرەوەی شنگال دێن، دەبێت بۆ هەموو پشكنینێك بچینە دەرەوەی شنگال و بۆ دەرمانیش بە هەمان شێوە"، سەعید قاسم وایوت.
ئەوەش لەكاتێكدایە خەڵكی شنگال باری داراییان باش نییە و لە 3ی ئابی 2014ەوە ئاوارەی كەمپەكان بون و ماڵەكانیان خاپور بوو.
سەعید وتی "ئەگەر من بتوانم كچەكەم ببەمە دهۆك بۆ چارەسەر، خەڵكی تر ناتوانێت"، بۆیە داوایكرد حكومەتی عیراق هاوكاریی شنگال و ئەو پارێزگایانە بكات كە داعش هێرشیكردنەسەر و ئێستا خەڵكەكەی وردە وردە دەگەڕێنەوە.
نەخۆشخانەی گشتی شنگال تەنیا سێ پزیشكی پسپۆڕی هەیە، ئەوانیش ماڵەكانیان لە دەرەوەی قەزاكەیە، هەروەها هیچ پزیشكێكی ژنان و منداڵبونی لێ نییە و تەنیا یەك ئەمبوڵانسیشی هەیە.
سهباح سهیدو، جێگری بهڕێوەبهری تهندروستی شنگال به (کهرکوک ناو )ی وت "لهکاتی هێرشی داعش نەخۆشخانەی گشتی بە تەواوی وێران بوو و نۆژەننەكراوەتەوە، ئێستا لە بینایەكی ترداین كە بۆ نەخۆشخانە نابێت".
"نەبونی پزیشك بۆ هەندێك نەخۆشیی و نەشتەرگەری كێشەی سەرەكییە، حاڵەتەكانی منداڵبون دەبێت بچێتە دەرەوەی شنگال ئەمە بارگرانییە بۆ خەڵك"، سەباح وایوت.
ئیدارەی شنگال وەك خۆیان دەڵێن دەیان جار داواكارییەكانیان بۆ ئیدارەی نەینەوا بەرزكردۆتەوە، بەڵام وەڵامیان نەبووە. تەنیا كێشەی دەرمان تاڕادەیەك چارەسەركراوە، هەر بە وتەی سەباح.
وتیشی "یهک ئهمبوڵانسمان ههیه، لەكاتێكدا بەپێی ستانداردی جیهانی پێویستمان بە پێنج ئەمبوڵانسە".
ناوەندی قەزاكە لە خۆرئاوای موسڵ، نزیكەی 30 هەزار كەس لێی نیشتەجێیە و لێپرسراوانی تەندروستیش دەڵێن، ئەو ژمارەیە پێویستی بە پزیشك، دەرمان و پێداویستی زیاتر هەیە.