دادگای كەركوك بڕیاری دەستگیركردن بۆ غەفور ساڵح، یەكێك لە جێگرانی لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی دەكرد، بە پێی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر.
ئەو فەرمانە كە ئاراستەی تەواوی ئەندامانی بەرزەفتی دادوەریی و پۆلیس كراوە بۆ دەستگیركردنی ناوبراو و كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە.
بەپێی فەرمانەكە غەفور ساڵح سەمین رەمەزان زەندی، لەسەر سكاڵایەك كە لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆری كەركوك لە دژی تۆماركراوە، فەرمانی دەستگیركردنی هەیە.
هەرچەندە بەرواری فەرمانەكە رون نییە، بەڵام لەسەری نوسراوە 2019ە و سەرچاوەیەكیش كە لێپرسراوێتی هەیە لە مەڵبەندی كەركوك، جەختی لە راستی ئەو فەرمانە بۆ (كەركوك ناو) كردەوە و وتی "سكاڵاكە تازەیە".
غەفور ساڵح، باوكی دیلان غەفور، پەرلەمانتاری یەكێتییە لە كەركوك و ساڵی 2018 بە پێچەوانەی بڕیاری ئیدارەی كەركوك ئاڵای هەرێمی كوردستانی لەسەر بینای مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لە كەركوك هەڵكرد، بەڵام دوای چەند خولەكێك و لەسەر داوای دژە تیرۆری عیراق ئاڵاكە داگیرا.
غەفور لەبارەی فەرمانەكەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا لە ئێوەوە دەیبیستم كە هەواڵێكی لەو شێوەیە هەیە، بۆیە قسەی لەسەر ناكەم".