فەلاح یایچی، قایمقامی كەركوك (بەوەكالەت) لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا، ئەوەش بە بڕیاری دادوەری دەستەی نەزاهەی كەركوك و لەسەر سكاڵای وەزارەتی رۆشنیبری عیراق.
فەلاح یایچی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی ئەیلول، لەگەڵ عەمید ئەنوەر، كە لێپرسراوێتی هەیە لەو هێزەی كە تایبەتە بە لابردنی زیادەڕۆیی، دەستگیركراون و لە ئێستادا لە بنكەی پۆلیسی قۆرییە دەستبەسەرن.
سەرچاوەیەكی دادوەری، لە دادگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەستبەسەركردنیان بە بڕیاری دادوەری دەستەی نەزاهە بووە و لەسەر سكاڵای وەزارەتی رۆشنبیری عیراقە".
هەروەها سەرچاوەیەك لە قایمقامیەتی كەركوك، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، جەختیكردەوە لە دەستبەسەركردنی ئەو دوو لێپرسراوەی كەركوك لە بنكەی پۆلیسی قۆرییە و وتی "تائێستا ئازاد نەكراون".
دەستگیركردنە بەپێی سەرچاوەكەی دادگا، بەهۆی كەمتەرخەمیی ئەو دوو لێپرسراوە بووە لە كارەكانیان، چونكە ئامادەنەبون رێگریی بكەن لە زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵكێكی وەزارەتی رۆشنبیری لە گۆڕەپانی ئاهەنگەكان لە كەركوك.
ئەو زەوییە لەلایەن ژمارەیەك لە هاوڵاتیانەوە كراوە بە خانوو و سەرەڕای بونی بڕیاری روخاندنی خانووەكان، بەڵام قایمقام و ئەو لێپرسراوەی پۆلیسی زیادەڕۆ ئامادەنەبون بڕیارەكە جێبەجێبكەن، بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو).
فەلاح یایچی كە هاوكات لێپرسراوی بشی زیادەڕۆییە، لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە لەجێی كامیل ساڵەیی و بەوەكالەت كراوەتە قایمقامی كەركوك.
سەرچاوەكەی دادگای كەركوك، وتیشی "دەستەی نەزاهە گوماندەكات هەریەكە لە فەلاح یایچی و عەمید ئەنوەر بەرتیلیان وەرگرتبێت بۆیە ئامادەنین بڕیاری لابردنی زیادەڕۆ بۆ سەر ئەو موڵكە جێبەجێبكەن"، بەڵام ئەوە هێشتا یەكلایینەبۆتەوەو بۆ دادگا جێهێڵدراوە.