خێزانه كورده‌كانی دوزخورماتوو، به‌شێكیان ئاماده‌نین بگه‌ڕێنه‌وه و نزیكه‌ی دوو ساڵه له ئاواره‌ییدا ده‌ژین، به‌هۆی سوتاندن و ته‌قاندنه‌وه‌ی دوكان و خانووه‌كانیان له روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا.
زۆرینه‌ی ئاواره‌كانی ئه‌و قه‌زایه، كه له ئۆكتۆبه‌ری 2017وه ئاواره‌ی ناوچه‌كانی گه‌رمیان بون، هێشتا قه‌ره‌بوی زیانه‌كانیان وه‌رنه‌گرتووه، بۆیه له توانایاندا نییه شوێنی مانه‌وه‌یان نۆژه‌نبكه‌نه‌وه و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ژیانی ئاسایی.
شیلان عوسمان (39 ساڵ)، ماڵی ده‌كه‌وته گه‌ڕه‌كی جه‌میله له دوزخورماتوو، به‌ڵام دوو ساڵه له زێدی خۆی دووره و له ناحه‌ی رزگاری قه‌زای كه‌لار نیشته‌جێیه، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "خانووه‌كه‌مان له شه‌ڕه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا ته‌قێنرایه‌وه، توانا‌مان نیه چاكی بكه‌ینه‌وه، تازه ئه‌و خانوه‌مان دروستكردبوو، هێشتا پێنج ملیۆن دیناری دروستكردنه‌وه‌ی قه‌رزارین، به‌ڵام نه‌مانتوانی تێیدا نیشته‌جێبین".
ئه‌و ژنه ده‌ڵێت به‌هۆی خاپوربونی خانوه‌كه و مه‌ترسییان له بارودۆخی ئه‌منی، بڕیاریانداوه نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ دوزخورماتوو، بۆیه له كه‌لار منداڵه‌كانی خستۆته خوێندنگه و ده‌یانه‌وێت به فرۆشتنی موڵكه‌كانیان، به یه‌كجاری له ناحیه‌ی رزگاری نێشته‌جێبن.
هاوسه‌ری شیلان كارمه‌ندی پۆلیسه، وه‌ك ئه‌و باسیكرد، به هه‌وڵێكی زۆر و به ئاسته‌م له روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا به سه‌لامه‌تی رزگاریان بووه و هه‌ڵاتون، "فیشه‌ك به‌ر ئۆتۆمبێل و خانوه‌كه‌شمان كه‌وت به‌رله‌وه‌ی بڕۆین".
ته‌نیا خێزانه‌كه‌ی شیلان نیه نیازی گه‌ڕانه‌وه‌یان نییه، زۆرینه‌ی كه‌سوكاریی خۆیی و هاوسه‌ره‌كه‌ی، له گه‌رمیانن و وه‌ك ئه‌وان زیانمه‌ند بون.
"ئه‌وانیش چیتر ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ دوزخورماتوو، چونكه هەموومان تەنانەت ماڵی ناسراوەكانیشمان تەقێنراوەتەوەو سوتێنراوەو به كەڵكی ژیانكردن نه‌ماوه" شیلان وای وت.
له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، به بڕیاری حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی عیراق، هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی له چوارچێوه‌ی "سه‌پاندنی یاسادا" گه‌ڕانه‌وه بۆ ته‌واوی ناوچه‌كانی جێناكۆك، له قه‌زای دوزخورماتوو پێشمه‌رگه له شه‌ڕێكی قورس‌دا روبه‌ڕویان بۆوه و دواتر به هه‌زاران خێزانی كورد ئاواره‌بوون.
ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا (53 ساڵ)، هاوڵاتیه‌كی ئاواره‌ی دوزخورماتووه و له كه‌لار نیشته‌جێیه، له هه‌مان شه‌وی ئاواره‌ییدا، هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌نه‌خۆشی گیانی له ده‌ستداوه و حه‌وت منداڵی دوای خۆی به‌جێهێشت.
"له 16ی ئۆكتۆبه‌ردا دوزم به‌جێهێشت، تائێستا نه‌گه‌ڕاومه‌ته‌وه و بڕیاریشمداوه نه‌گه‌ڕێمه‌وه، چونكه خانووه‌كه‌م سوتاوه و توانای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ییم نییه، زیانی زۆرم به‌ركه‌وتووه".
ئه‌حمه‌د فه‌رمانبه‌ری حكومییه و له ئاگركوژێنه‌وه‌ی دوزخورماتوو ده‌وام ده‌كات، ئه‌و به ته‌نیا هاتوچۆ قه‌زاكه ده‌كات و به‌و موچه‌یه‌ش، بژێوی خێزانه‌كه‌ی دابینده‌كات و كرێی خانوو ده‌دات، "راسته بارودۆخی ئابوریم خراپه به‌ڵام شه‌وان به ئارامی سه‌رده‌نێینه‌وه".
(كه‌ركوك ناو) لە راپۆرتێكی-دا پێشتر بڵاویكردەوە كە 200 خانوی هاوڵاتیان و 100 دوكان و كۆگا لە گەڕەكی كۆماری قەزای دوزخورماتوو سوتێنراون یان تاڵانكراون، لەگەڵئەوەشدا، 50 خانووی لێپرسراوانی كورد و پێشمەرگە و چەكدارە خۆبەخشەكان تەقێنراونەتەوە، لە ئەنجامی شەڕی نێوان هێزەكانی حكومه‌تی عیراقی و پێشمەرگە.
سەردار ئه‌حمه‌د فه‌تاح، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای دوزخورماتوو له كوتله‌ی كوردی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "تائێستا سه‌دا 15ی ئاواره‌كانی دوزخورماتوو نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش به هۆكاری جیاواز، له‌وانه 93 خانوو ته‌قێنراونه‌ته‌وه و نزیكه‌ی 350 خانووش سوتێنراون، به‌ڵام هێشتا قه‌ره‌بوونه‌كراونه‌ته‌وه، بۆیه خه‌ڵكه‌كه ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه".
به‌وته‌ی ناوبراو، سه‌رباری چه‌ندین هه‌وڵ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام داواكارییه‌كانیان بۆ قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوانی روداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ر جێبه‌جێنه‌كراون؛ "بەداخەوە هەمویان كەمتەرخەمن و تائێستا هیچیان بۆ ئەم ئاوارانە نەكردووه" سه‌ردار ئه‌حمه‌د واده‌ڵێت.
به‌پێی به‌دواداچونێكی نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق (یونامی)، كه له كۆتایی 2018دا بڵاویكردۆته‌وه، تا ئه‌وكات هه‌زار و 440 خێزانی ئاواره‌ی دوزخورماتوو نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای دوزخورماتوو باسی له‌وه‌كرد، به‌شێك له خێزانه ئاواره‌كان له پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ردا خانووه‌كانیان به جێهێشت، "له ترسی دەنگۆی شەڕی داعش و هاتنی هێزی حەشدی شەعبی، به تایبه‌ت له هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی رزگاری و حەی جەمیلە خه‌ڵك ئاواره‌بون و زیانی زۆریان به‌ركه‌وت".
به‌پێی لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچونه‌كانی یونامی بۆ زیانی روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر له دوزخورماتوو، كه ساڵی رابردوو ئه‌نجامه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه، زیاتر له 150 دوكان و خانووی هاوڵاتیان لە گەڕەكەكانی دوزخورماتوو ته‌قێنراونه‌ته‌وه، یان سوتێنراون یاخود روخێنراون.
كه‌ریم شكور، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی حه‌مرینی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه حزبه‌كه‌ی یه‌ك لایه‌نی سیاسی كوردی بوو بۆ قه‌زای دوزخوماتوو گه‌ڕاوه‌ته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئاواره‌كانی شه‌ڕی 16ی ئۆكتۆبه‌ر تائێستاش ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه، به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منی و ئه‌و زیانه زۆره‌ی له رووی ماددی و مه‌عنه‌وییه‌وه به‌ریانكه‌وتووه، خانوه‌كانیان روخاوه و پێویسته قه‌ره‌بوبكرێنه‌وه".
ئه‌و لێپرسراوه‌ی یه‌كێتی داوایكرد دڵنیایی ئه‌منی و پاراستنی سه‌رو گیانی خه‌ڵك به ئاواره‌كان بدرێت تا بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه.
كه‌ریم شكور ده‌ڵێت دوو جۆر ئاواره له دوزخورماتوو هه‌یه؛ ئه‌وانه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌گه‌ڵ پێشتر، چونكه چه‌ندین خێزان له ساڵانی 2007 تا 2010 قه‌زاكه‌یان به‌جێهێشتووه به‌هۆی مه‌ترسی گروپه چه‌كدارییه‌كانی نه‌قشبه‌ندی، دواتر قاعیده و پاشان داعش.
قەزای دوزخورماتوو سه‌ر به پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كورد‌و عەرەب پێكهاتون.