تەنیا كۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دوو ملیار و 451 ملیۆن دینار لەسەر حكومەتی عیراق كەوتووە، لەگەڵ سی ملیۆن بۆ كارتی مۆبایل و 590 ملیۆن دینار بۆ بەنزین. لەگەڵئەوەشدا، نزیكەی سێیەكی ئەندامانی ئەنجومەن دوو ساڵە بۆ رۆژێكیش دەوامیان نەكردووە.
ئەو گەندەڵییە كە بەبێ لێپرسینەوە و سزادان بەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای گرتووە، لەكاتێكدایە لەو دوو ساڵەدا چوار ئەركی سەرەكییان پێسپێردراوە بۆ یەكلاییكردنەوەیان، بەڵام لە هیچیاندا سەركەوتوو نەبون.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە بەهۆی ناكۆكییە سیاسیی و ئەمنییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ناكۆكی پێكهاتەكان، پەكخراوە و لەو ماوەیەدا تەنیا لە یەك كۆبونەوەدا نیسابی یاسایی ئەندامان تەواو بووە، ئەویش بڕیاری ئەوتۆی تیا نەدراوە.
كۆبونەوەیەكی تاقانە و سێ ملیار دینار
ئهنجومهنی پارێزگای کهرکوک، لە 9ی نیسانی 2019، یهکهم کۆبونهوهی خۆی دوای ساڵێک و شهش مانگ له پهککهوتنی دانیشتنهکان سازکرد، ئهوهش بۆ تاوتوێکردنی چهند پرسێکی تایبهت به پارێزگاکه، لهوانە بودجه.
لە كۆبونەوەكەدا، 21 ئهندام به سهرۆکی کاتی ئهنجومهنهوه لە كۆی 41 ئەندام ئامادەبون و بەوتەی ئهحمهد عهسکهری، ئەندامی ئەنجومەن، بڕیاردرا لهسهر کاراکردنهوهی لیژنهکانی ئهنجومهنی پارێزگا و سهرۆکی لیژنهی داراییش گۆڕدرا.
هاوکات، پارهی تهرخانکراوی پترۆدۆلار بۆ کهرکوک له بودجهی عیراق تاوتوێکرا، دواتر ئەندامان رێککهوتن له دوو ههفتهی دواتردا تاوتوێی چۆنیهتی خهرجکردنی بودجهی تهرخانکراو بۆ پارێزگاكە و پلانی پڕۆژەکان بکەن تا له دانیشتنێکی تردا دهنگی لهسهر بدرێت، هەر بە وتەی عەسكەریی.
لە وادەی كۆبونەوەی دواتردا، نیسابی یاسایی تەواو نەبوو، ئەوكات بابهكر سدیق (كاكهڕەش)، ئهندامی ئهنجومهنی پارێزگا بە (كەركوك ناو)ی وت "ئامادەنەبونی ئەندامان پێشێلكاریی یاساییه، چونكه له كۆبونهوهی پێشتر بەدەنگدان كاتی كۆبونەوەكە دیاریكرا".
ئەوە یەكەم و دواین كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو لە دوو ساڵی رابردودا، دەیان هەوڵی جۆراوجۆر بۆ كۆبونەوە شكستیانهێنا.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 ئەندام پێکدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (کورد)، تورکمان بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام و پێکهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە؛ تەواوكردنی نیسابی یاسایی پێویستی بە ئامادەبونی 21 ئەندامە.
نزیكەی 13 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دوو ساڵە بەهیچ شێوەیەك بەشداریی هیچ چالاكی و كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگایان نەكردووە و تەنانەت نەگەڕاونەتەوە بۆ پارێزگاكە و دەوامناكەن.
نزیكەی 13 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دوو ساڵە بەهیچ شێوەیەك بەشداریی هیچ كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگایان نەكردووە
لەو ژمارەیە 11 ئەندامیان بە بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان یان دەرەوە نیشتەجێن؛ ئەوە جگە لە ئامادەنەبونی رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و ئەندامێكی تری ئەنجومەن لە پێكهاتەی كلدۆئاشوری كە ئەمەیان لە دەرەوەی وڵات دەژیت.
ئێستا لانیكەم 27 ئەندامی ئەنجومەن لە كەركوك دەژین و ژمارەیەکیان رۆژانە لە بینای ئەنجومەن دەوام دەكەن، بەڵام هەر سەركەوتوو نەبون لە رێکخستنی كۆبونەوەیەکی نوێ.
ئەوەش لەكاتێكدایە هەر ئەندامێكی ئەنجومەن مانگانە نزیكەی دوو ملیۆن و 300 هەزار دینار وەردەگرێت، لەگەڵ نزیكەی 600 هەزار بۆ كرێی بەنزین و هاتوچۆ؛ لەوەش زیاتر، 50 هەزار بۆ ئینتەرنێت و مانگی هەریەك سێ بۆ چوار كارتی 10 هەزار دیناریان بۆ مۆبایلەكانیان پێدەدرێت.
بەپێی ئەو ژمارانە كە لە ئەنجومەنی پارێزگاوە دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، تەنیا موچەكانیان لەو دوو ساڵەی كە ئەنجومەن پەكخراوە، دوو ملیار و 451 ملیۆن دینار بووە، لەگەڵ 30 ملیۆن دینار بۆ كارتی مۆبایل و 590 ملیۆن دینار بۆ بەنزین؛ 47 ملیۆن و 150 هەزار دیناریش بۆ هێڵی ئینتەرنێت. بەگشتی ئەو كۆبونەوەیەی ئەنجومەنی پارێزگا سێ ملیار دینار لەسەر بودجەی عیراق كەوتووە.
گەندەڵییەك بێ لێپرسینەوە
بەپێی یاسا بەركارەكان، لە نێویاندا یاسای پارێزگا نەبەستراوەكان بە هەرێمەوە، ژمار 21ی ساڵی 2008، ئەنجومەنی پارێزگا باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریی هەیە لە سنوری ئیدارەی پارێزگاكەیدا، بەجۆرێك مافی دەركردنی یاسای ناوخۆیی هەیە تا لەو رێگایەوە ئیدارەی كاروبارەكانی پارێزگەکە بكات.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەپێی فەرمانی 71ی پۆڵ برێمەر، حاكمی مەدەنی عیراق لە ساڵی 2005 پێکهێنراوە و كار بەو یاسایە ناكات، بەڵام ئەندامان بە نزیكەیی هەمان ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتییەیان هەیە.
جەمال مەولود باپیر 82 ساڵ، لە كانونی دووەمی 2019، وەكو سەرۆكی بە تەمەن و كاتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیاریكرا، بە (كەركوك ناو)ی وت "پەیڕەوى ناوخۆ و یاسای ئەنجومەن رێگە دەدات بە ئەندامان سێ هەفتە لەسەریەك ئامادەى کۆبونەوەکان نەبن، ئەگەر زیاتر بوو نوسراوێک ئاڕاستەى کوتلەکەى دەکەین و دواتر بە ئامادەبونى سەرۆکى ئەنجومەن لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكەین".
ئەوەش لەكاتێكدایە دوو ساڵە لانیكەم 13 ئەندام بەهیچ شێوەیەك نەگەڕاونەتەوە كەركوك و موچە و هەموو ئیمتیازیاتێكیش وەردەگرن.
جەمال مەولود لەوبارەیەوە وتی، "ئێستا بەهۆى کێشەى سیاسیی پارتیی و یەکێتىییەوە، یان عەرەب و تورکمان، بەشێک لە ئەندامانى ئەنجومەن ئامادەی کۆبونەوەکان نابن، ئەمەش وادەکات کارەکان پەکبخات و لێپرسینەوەشیان لەگەڵدا ناكرێت".
چوار ئەرك لە چاوەڕوانی ئەنجومەندا
لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك چاوەڕواندەكرا، چوار ئەركی سەرەكی جێبەجێبكەن، لە نێویاندا، پەسەندكردنی بودجە، هەڵبژاردنی پارێزگار، چاودێریی دامودەزگاكان و لێپرسینەوە، بەڵام هیچ یەكێك لەو ئەركانەی جێبەجێنەكردووە.
لەو دوو ساڵەدا، لێپرسینەوە و سزای هیچ بەڕێوەبەر و كارمەندێكی فەرمانگەكانی نەداوە، تەنانەت نەیتوانیووە لێپرسینەوە لە ئەندامەكانی خۆیشی بكات كە ئامادەی كۆبونەوەكان نابن.
هەروەك چۆن دوای دەیان گفتوگۆ و كۆبونەوە نەتوانرا پارێزگارێك هەڵبژێرن؛ سەركەوتوش نەبوو لە پەسەندكردنی بودجە و دابەشكردنی بەسەر سێكتەرەكاندا لەناو ئەنجومەندا و شكستیانهێنا، ناچار لەڕێی كۆكردنەوەی ئیمزا و دواتر لەڕێی بەغداوە رەزامەندی لەسەر درا، هەرچەندە ئەندامانی ئەنجومەن زیاد لە 100 تێبینیان هەبوو.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بەشێك لە ئەندامان رۆژانە دەوامی خۆیان دەكەن و لە چالاكییەكانی ئەنجومەن و بەسەركردنەوەی فەرمانگەكاندا تاڕادەیەك ئامادەن، بەڵام ئەوان ژمارەیەکی كەمی ئەندامانن.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، دەستەی نەزاهەی كەركوك، لە ماوەكانی رابردودا، دۆسییەیەكی تایبەتی بۆ پرسی دەوامنەكردنی ئەندامانی ئەنجومەن جوڵاندووە، بەڵام رون نییە كارەكانیان گەیشتۆتە كوێ، هەرچەندە ئەوەش وەك ئومێدێكی لاواز دەردەكەوێت لە چالاككردنی ئەو دامەرزاوە گرنگەی كەركوكدا.