هه‌ر هاوڵاتییه‌كی دانیشتوی موسڵ، رۆژانه بڕی 300 لیتر ئاوی پاكی به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وشه به‌پێی پلانه‌كانی ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا، هه‌رچه‌نده خه‌ڵك ناڕازین له كه‌میی و پیسی ئاوی خواردنه‌وه.
سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی ئاوی پاك بۆ موسڵ، روباری دیجله‌یه و جگه له زیانه‌كانی شه‌ڕی داعش كه به‌ر تۆڕه‌كانی گواستنه‌وه‌ی ئاو كه‌وتون، هه‌بونی زیاده‌ڕۆیی و چه‌ند كێشه‌یه‌كی تر وه‌ك به‌ربه‌ست ده‌بینرێن؛ له‌به‌رده‌م گه‌یشتنی ئاوی پێویست به خه‌ڵك.
ئه‌ندازیار نیلسن فیلبس، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌شه ئاوی هه‌ر تاكه‌كه‌سێك له موسڵ ده‌گاته 300 لیتر له رۆژێكدا، ئه‌وه‌ش له ئاستی رێژه‌ییه جیهانییهكاندایه".
پرۆژه‌كانی دابینكردنی ئاو، به‌بڕوای فیلبس، پێداویستی سێ ملیۆن دانیشتوی شاره‌كه پڕناكاته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر تۆڕه‌كانی دابه‌شكردنی ئاو بۆته ته‌حه‌دی له‌به‌رده‌م فه‌رمانگه‌كه‌یدا.
له ئه‌ركه‌كانی فه‌رمانگه‌ی ئاو، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی باسیكرد، پاككردنه‌وه ئاو رۆژانه له رێی 80 ته‌ن كلۆر، پاڵاوته‌ی ئاو و دابه‌شكردنیه‌تی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، به‌شێك له ئاوی ماڵان، به تایبه‌ت له به‌ری راست قوڕاوی تێدایه، ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه بۆ كۆنی هێڵه‌كانی دابه‌شكردنی ئاو و وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕ.
ئه‌ندازیار غهبیر غانم، شاره‌زا له‌پرۆژه‌كانی ئاو و ئاوه‌ڕۆدا بۆ (كه‌ركوك ناو) باسی له‌وه‌كرد، دامه‌زراندنی ده‌زگای چاودێری (ئهسكادا) بۆ سه‌رپه‌رشتی ئیداره‌دانی فه‌رمانگه‌ی ئاو و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی دابه‌شكردنی ئاو گرنگه.
وتیشی "پرۆژه‌كانی ئاو له موسڵ پێویستی به نوێكردنه‌وه هه‌یه، له‌رێی سودوه‌رگرتن له‌و پێشكه‌وتنانه‌ی له‌و بواره‌دا هه‌ن، .. به تایبه‌ت كه روباری دیجله به شاره‌كه‌دا ده‌ڕوات و ده‌توانن سودی لێ وه‌ربگرن".
رێكخراوه مرۆییه‌كان، دوای كۆتایی داعش ده‌یان پرۆژه‌ی ئاوی پاكیان له موسڵ ئه‌نجامداوه، ئه‌وه‌ش به پاڵپشتی دارایی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بووه بۆ په‌ره‌پێدان.
ئه‌ندازیار زیدان عه‌مار، یه‌كێك له لێپرسراوانی چاككردنه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی ئاو له نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به یه‌كه‌وه كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ی ئاو له‌گه‌ڵ پاره‌ی شاره‌وانی و ئاوه‌ڕۆ باش نیه، هۆكارێكی سه‌ره‌كییه تا خه‌ڵك ئه‌و پاره‌یه نه‌ده‌ن كه لایانه".
ئه‌و پێشنیازیكرد پاره‌ی ئاو له كرێی خزمه‌تگوزارییه‌كانی تر جیابكرێته‌وه، به‌وه‌ش، خه‌ڵك پاره‌كه ده‌دات و به‌هۆیه‌وه بودجه‌ی فه‌رمانگه‌ی ئاو زیادده‌كات، كه ده‌توانێت زیاتر گه‌شه به كاره‌كانیان بده‌ن.
گرفتی ئاوی پاك ته‌نیا له ناوشاردا نیه، له ده‌ره‌وه‌ی موسڵ و نه‌ینه‌وا به گشتی هه‌مان كێشه هه‌یه.
وائل یه‌حیا، ئه‌ندازیار له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "قه‌رزێكی ئه‌ڵمانی هه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی 25 پرۆژه له ژماره‌یه‌ك گوند كه به ده‌ست كه‌مئاوییه‌وه ده‌ناڵێنن".
پرۆژه‌كانی ئاو، ده‌كه‌ونه ناحیه‌ی گه‌یاره تا شۆره، به‌ره‌و تل عه‌تبه، به‌ڵام به‌شێك له كاره‌كان وه‌ستاوه به‌هۆی روداوه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌وه و بڕیاره جارێكی‌تر پرۆژه حكومییه‌كان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه، دوای ته‌رخانكردنی بودجه.
بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌شێكی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه په‌سه‌ندكراوه و بڕێكی ته‌رخانكراوه بۆ پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان، له نێویاندا ئاو و ئاوه‌ڕۆ.