پۆستێکی فەیسبوکی چاوه‌ڕواننه‌کراو خه‌ریکه ته‌واوی ئه‌و ریسه بکاته‌وه به خوری که بارزانی نزیکه‌ی سێ مانگه دەیڕێسێت بۆ سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و ئەوەنەشی نەماوە خەونی گەشتی جیهان بە پاسپۆرتی کوردییەوە بکاتەوە خەونی نیوەڕێگا.
"بڕیارماندا به قبوڵکردنی پێشنیاره‌کانی هاوپه‌یمانان وه‌ک به‌دیلی ریفراندۆم"، پۆستەکە هی بافڵ تاڵه‌بانی، کوڕە گه‌وره‌ی جه‌لال تاڵەبانییە، کە لە دره‌نگانێکی ئێواره‌ی رۆژی 23ی ئه‌یلولی 2017دا بڵاوکرایەوە، نوسینەکە هەستێکی تێکەڵاو لە سەرسوڕمان و راچڵەکینی بە هەرێمدا پەخشکرد، کە رۆژێک دواتر خەونی دێرینەی نەتەوەیەک لە سەنگی مەحەک دەدرێت.
له ناوماڵ و بازاڕ و فه‌رمانگه‌کاندا، لە چایخانه و شوێنه گشتییه‌کاندا هه‌موان چاویان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌واڵه به‌په‌له‌یه‌یه که خێراخێرا له‌سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌کان ده‌رده‌که‌وێت و هەرێمی دابەشکردووە بەسەر دوو بەرەدا کە هەریەکە و لە ئاوازێک دەخوێنێت.
ئه‌و پۆستە دوای که‌متر له 24 کاتژمێر له وتارێکی حه‌ماسی بارزانی هات له‌نێو ئاپۆڕای ده‌یان هه‌زار که‌س له هه‌ولێر که تیایدا وتی "ئه‌م پرسه له‌ده‌ستی من و حزبه‌کان ده‌رچوه و که‌وتۆته ده‌ستی ئێوه"، وه‌ک ئاماژە‌یه‌ک به‌وه‌ی لە بڕیاری ریفراندۆم پەشیمان نابنەوە.
بارزانی له‌گه‌ڵ راوه‌شاندنی په‌نجه‌ی راستیدا زیاتر وتی "من ئه‌و که‌سه‌نیم خۆم شه‌رمه‌زاری میلله‌ته‌که‌م بکه‌م".
ئه‌مه دواوتاری بارزانی بوو وه‌ک بانگه‌شه‌ی ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلولی 2017 له هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌کانی جێناکۆک، دوای زیاتر له سێ مانگ بێنه‌وبه‌رده و ده‌یان کۆبونه‌وه‌ی جۆراوجۆری ناوخۆیی و ده‌ره‌کی بۆ دواخستنی، به‌تایبه‌ت له ناوچه‌کانی جێناکۆک.
بڕیاری ریفراندۆم
له 7ی حوزه‌یرانی 2017 لە سەڵاحەدین که باره‌گای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستانی لێیه، نوێنەری پارتە سیاسییەکانی ناو په‌رلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، جگە لە هه‌ردوو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی که پێکه‌وه خاوه‌نی 30 کورسی پەرلەمان بون، له کۆبونه‌وه‌دان.
بارزانی که ئه‌وکات سه‌رۆکی هه‌رێم بوو، سه‌رپه‌رشتی کۆبونه‌وه‌که ده‌کات، بڕیاردرا 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی لە هەرێمی کوردستان و ناوچه‌کانی جێناکۆک به‌ڕێوه‌بچێت و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پێکهێنرا بە سەرۆکایەتی بارزانی.
ئەم بڕیارە دۆخى هەرێمى کوردستانی خستە قۆناغێکى نوێوە، بەشێک لەلایەنەکان داوایاندەکرد کۆدەنگى لەسەر هەبێت، یان لەپەرلەمانەوە بڕیارى لەسەر بدرێت و بەشێکیشیان پێیانوابوو لە ئێستادا کاتى ریفراندۆم نییە.
دوای سێ رۆژ یه‌کێتی و پارتی بڕیاریاندا په‌رله‌مانی کوردستان بۆ مه‌به‌ستی ریفراندۆم کارابکه‌نه‌وه، که نزیکه‌ی دوو ساڵ بوو به‌هۆی ناکۆکییه سیاسییه‌کانه‌وه و بە بڕیاری مه‌کته‌بی سیاسی پارتی په‌کخرابوو .
بڕیاری ریفراندۆم له مانگی ئه‌یلول و له په‌رله‌مان وه‌کو خۆی په‌سه‌ندکرا، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ئه‌و مشتومڕە بوو که سێ مانگی خه‌یاند و بە ئه‌نجامدانی ریفراندۆم کۆتایی هات.
جگه له گۆڕان و کۆمه‌ڵ که پێیانوابوو زه‌مینه‌ی ریفراندۆم له‌بارنییه، ته‌واوی پارته‌کان پشتیوانی‌یان له بارزانی کرد، به‌ڵام جوڵانه‌وه‌ی "نه‌خێر له ئێستادا"، بۆ ریفراندۆم پێکهێنرا، هه‌رچه‌نده کاریگه‌ری ئه‌وتۆی نه‌بوو له‌سه‌ر پرۆسه‌که.
ریفراندۆم له ناوچه‌کانی جێناکۆک
پرسى ئەنجامدانى ریفراندۆم لە ناوچەکانى جێناکۆک یەکێک بوو لەو بابەتانەى زۆرترین مشتومڕى بەدواى خۆیدا هێنا، سه‌رکردایه‌تی که‌رکوکی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان جگه له نه‌جمه‌دنی که‌ریم که پارێزگاری که‌رکوک بوو، له‌دوایین رۆژە‌کانی بانگه‌شه‌دا به‌ته‌واوی دژایه‌تی ئه‌و پرۆسه‌یان کرد.
به‌ڵام سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی له سلێمانی و هه‌ولێر زۆر به‌گه‌رمی و هاوشانی بارزانی بانگه‌شه‌یانده‌کرد، به‌تایبه‌ت هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، هاوسه‌ری جه‌لال تاڵه‌بانی، کۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگری سکرتێری گشتی یه‌کێتی و مه‌لا به‌ختیار و ئه‌ندامانی تری مه‌کته‌بی سیاسی.
کۆتایى مانگى هەشت ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، که رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆکایه‌تی ده‌کرد، به زۆرینه‌ی دەنگ بڕیاریدا بەشداری لە پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا بکات، بێ گوێدانه بایکۆتی هه‌ردو نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و تورکمان له ئه‌نجومه‌نەکە.
مەسعود بارزانی له‌گه‌ڵ کۆسره‌ت ره‌سوڵ، له 12ی ئه‌یلول سه‌ردانی شاری کەرکوکی کرد و له‌گه‌ڵ جه‌ختکردنه‌وه له ریفراندۆم لەکاتی خۆیدا وتی "کەرکوک شارێکی کوردستانییە و ریفراندۆم دەکات"، ئه‌مه‌ش گڕی به‌ردایه ماڵی پێکهاته‌کانی ئه‌و شاره.
سێ رۆژ دوای ئه‌و سه‌ردانه‌ی بارزانی، سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی له که‌رکوک، هۆشداریی لێکه‌وته‌ی خراپی ریفراندۆمی له پارێزگاکه ئاراسته‌ی مەسعود بارزانی کرد.
رەوەند مەلا مەحمود، جێگری مەڵبەندى یەکێتى لە کەرکوک، بە(کەرکوک ناو) وت “دۆخی که‌رکوک جیاوازبوو، تا 23ى مانگ تێگەیشتنێک دروستبوو لەلایەن یەکێتیی و تەنانەت بەرپرسانى پارتى لە کەرکوک کە ریفراندۆم لە کەرکوک نەکرێت، بەڵام ئەوەبوو کراو ئەو بارودۆخە هات بەسەر کەرکوکدا".
دوو رۆژ به‌ر له ریفراندۆم
دۆخه‌که زۆر ئاڵۆزه، خه‌ریکه ئه‌و به‌ره‌یه فراوانده‌بێت، که له‌گه‌ڵ دواخستنی ریفراندۆمن، هاوپه‌یمانان ناڕازین، ئێران و تورکیا و عیراق به‌ئاشکرا هه‌ڕە‌شه ده‌که‌ن.
پارتی هه‌ڵوێستی رونه و هیچ گۆڕانکارییه‌ک روینه‌داوه، به‌ڵام دۆخی ناو یه‌کێتی باش نییه، ئۆرگانه‌کانی ئه‌و حزبه و سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی ته‌نیا له دوو رۆژی به‌ر له ریفراندۆمدا 24 راگه‌یه‌نراویان بڵاوکردەوە، زۆرینه‌یان جگه له کۆسره‌ت ره‌سوڵ و نه‌جمه‌دین که‌ریم له‌گه‌ڵ دواخستنی ریفراندۆم بوون، ناوه‌ندی بڕیاری یه‌کێتیش که ئه‌وکات له‌ده‌ستی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌ددا بوو تاڕاده‌یه‌ک بێده‌نگ بوو.
دۆخه‌که ئه‌گه‌ر بۆ هه‌رێمی کوردستان تاڕاده‌یه‌ک ئاسایی بێت، بۆ که‌رکوک ته‌واو پێچه‌وانه بوو، بۆیه ململانێیه‌که گوازرایه‌وه بۆ ئه‌و شاره و ئه‌گه‌ری ئەوە لە ئارادا بوو هه‌وڵی دواخستنی ریفراندۆم له‌و شاره سه‌رکه‌وتوو بێت.
رێبوار تاڵەبانى، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک و لایه‌نگرێکی سه‌رسه‌ختی ریفراندۆم له‌پاڵ نه‌جمه‌دین که‌ریم، به (که‌رکوک ناو)ی وت “یەکێتى هەوڵیدا ریفراندۆم لە کەرکوک نەکرێت… له‌دوا رۆژهەکانی بانگه‌شه له کۆبونه‌وه‌یه‌کدا به‌شداربوم که کاک کۆسرەت، کاک نەجمەدین کەریم و مەلا بەختیار و ئاسۆ مامەند نوێنه‌ری به‌شێک له پارته‌کانیش به‌شداربون، قسە لەسەر ئەوه‌کرا مانعێک نییە ریفراندۆم لە کەرکوک نەکرێت، بەڵام یەکێتى خۆى هەڵوێستى دەرنەبڕى کە ریفراندۆم نەکرێت”.
23ی ئه‌یلول مەڵبەندى یەکێتی لە کۆبونەوەی حزبه کوردییه‌کان به‌ڕە‌سمی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی له که‌رکوک ره‌تکرده‌وه، هه‌ڕەشه‌ی رێگریی کرد له‌دانانی سندوقه‌کانی ده‌نگدان.
"کەمتر لە پێنج سەعاتی تر هەموو شتێک بۆ خەڵک یەکلاییدەبێتەوە لەسەر پیلانە هەواڵگرییەکانی تورکیا دژ بە کەرکوک"، ئه‌مه به‌شێکه له راگه‌یه‌نراوێکی سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی له که‌رکوک له په‌یجی ره‌سمی له فه‌یسبوک 23ی ئه‌یلول بڵاوکرایه‌وه.
رێبوار تاڵەبانى وتی "فشار هه‌بوو بۆ سه‌ر من، به‌ڵام من بەگوێى ته‌نیا حزبێکم نەدەکرد، چاوەڕێى بڕیارى هەموو حزبەکانم بووم".
كات بۆ گفتوگۆ نه‌مابوو، چوار سه‌رکرده‌ی کورد که بارزانی گوێی لێده‌گرتن، پێداگرییان کرد که ریفراندۆم له که‌رکوک بکرێت، ئه‌وانیش کۆسره‌ت ره‌سوڵ، نه‌جمه‌دین که‌ریم، که‌مال که‌رکوکی و محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود بوون، ئه‌وه‌ش به‌پێی وته‌ی ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود.
ره‌وه‌ند هه‌روه‌ها وتی "حزبە بچوکەکانیش رۆڵى خراپیان هەبوو لە هاندانى بارزانى بۆ ئەوەى ریفراندۆم بکات".
سه‌رچاوه‌یه‌ک که له‌زۆرینه‌ی کۆبونه‌وه‌کانی یه‌کێتی به‌شداریی کردوه له‌و ماوه‌یه‌دا، وتی "کاک کۆسره‌ت ته‌نانه‌ت به‌هێزه‌وه هات بۆ که‌رکوک و ئه‌گه‌ر ریفراندۆم نه‌کرایه 24ی ئه‌یلول خوێن ده‌ڕژا، دکتۆر نه‌جمه‌دین و خودی بارزانیش پشتیوانی‌یان ده‌کرد، بۆیه ناچار ئه‌و سه‌رکردانه‌ی له‌که‌رکوک دژی ریفراندۆم بون له پارێزگاکه بێده‌نگیان لێکرد".
به‌دیلی هاوپه‌یمانان
بارزانی له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ده‌یان کۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مریکا ئه‌نجامدا بۆ پرسی ریفراندۆم، پۆل پۆل باڵیۆزی وڵاتان، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه و سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌وروپی و ئه‌مریکی و ناوچه‌که سه‌ردانی ده‌که‌ن.
له 14ی ئه‌یلول، که ته‌نیا 11 رۆژی مابوو بۆ ریفراندۆم، شاندێکی باڵای هاوپەیمانان له برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و یان کۆبیچ، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمەریکا لەعیراق و فرانک بەیکر، باڵیۆزی به‌ریتانیا گه‌یشتنه لای بارزانی.
دانیشتنەکە لە سەنتەری سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنی دژی داعش لە دهۆک بەڕێوەچوو، تیایدا وه‌فده‌که بەدیلێکیان لە جێگای بەڕێوەچونی ریفراندۆم خسته‌ڕوو.
له کۆبونەوەکەدا ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و نوێنەری یوئێن، پێشنیازیان کردوە، پرسی کورد و ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێم ببردرێته کۆبونەوەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان. داواشیانکردبوو بۆ دوو ساڵ پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دوابخرێت.
کات زیاتر ده‌ڕوا و مقۆمقۆی دواخستن ته‌شه‌نه‌ده‌سێنێت، رۆژی 23ی ئه‌یلول کۆمسیۆن هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کان ته‌واوده‌کات و چاوه‌ڕێی ئۆکه‌ی کۆتاییه.
له‌وکاته‌دا پۆستێکی بافڵ تاڵه‌بانی، کوڕە گەورەى جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشوى عیراق، "بڕیارماندا لەسەر پەسەندکردنی بەدیلی پێشنیازکراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا، بۆیە پێمانباشترە ئەم بەدیلە تاقیبکرێتەوە و کورد بە یەک دەست و یەک ئەجێندا لە بەغدا، گفتوگۆیەکی مێژویی خۆی لەسەر هەموو پرسەکان بکات، تا ئەنجامدانی گشتپرسی لەئێستادا"، ئه‌مه دۆخه‌که بۆ چه‌ند کاتژمێرێک ده‌باته قۆناغێکی تره‌وه.
دوای که‌متر له دوو کاتژمێر، پافڵ تاڵەبانى لە راگەیەندراوێکدا وتى کە نوسینەکە بە هەڵە لەلایەن یەکێک لە کارمەندانی بەشی راگەیاندنی نوسینگەکەی بڵاوکراوەتەوە، دوای ئاگادارکردنەوەی لابراوه.
دواین رۆژ
بارزانی وه‌کو سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم داوای کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌که ده‌کات له 24ی ئه‌یلول رۆژێک به‌ر له ریفراندۆم.
کۆبونه‌وه‌که که مه‌به‌ست لێی تاوتوێکردنی به‌دیله‌کانی هاوپه‌یمانان بوو، به‌ڕاگه‌یه‌نراوێک کۆتایی هات "ریفراندۆم لە وادەى خۆیدا ده‌کرێت".
ئەکرەم ساڵح، ئەندامى سەرکردایەتى پارتى به (که‌رکوک ناو)ی وت “هەرچەندە فشارى ناوخۆیى وه‌کو گۆڕان و کۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌بوو، له‌گه‌ڵ به‌شێکی یه‌کێتیش، هه‌روه‌ها فشاری توندی ده‌ره‌کی، به‌ڵام جەنابى سەرۆک هەر سوربوو لەسەر ئەنجامدانى ریفراندۆم”.
ریفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌کانی جێناکۆک له‌سه‌دای 92ی ده‌نگی به‌ڵێی به‌ده‌ستهێنا؛ بەڵام جادوو بەسەر جادوگەرەکەدا هەڵگەڕایەوە. دوای 21 رۆژ و له 16ی ئۆکتۆبه‌ردا، له‌ماوه‌ی شه‌وو رۆژێکدا، هێزه عیراقییه‌کان بۆ ته‌واوی ناوچه‌کانی جێناکۆک گه‌ڕانه‌وه، ریفراندۆم-یش له‌ژێر فشاری به‌غدادا سڕکرا.
هەر ئەوە نەبوو، خەونی رەنگاڵەیی سەدان کەس بۆ فڕین بە پاسپۆرتی کوردییەوە نەیەتەدی، بەڵکو بۆ ماوەیەکی دوورودرێژیش فڕین بە هەر پاسپۆرتێکەوە کاری نەکردە بوو.