فەلاح یایچی، قایمقامی بەوەكالەتی كەركوك، دوای سێ رۆژ لە دەستبەسەركردنیی و بە تۆمەتی كەمتەرخەمیی لە كارەكەیدا، ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئەیلول بەكەفالەت ئازادكرا.
فەلاح یایچی، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو) وتی "بۆ ماوەی سێ رۆژ دەستبەسەربوم لە بنكەی پۆلیسی قۆرییە، لەسەر كەیسێك كە تایبەتە بە كەمتەرخەمی لە ئەركدا لە پرسی زیادەڕۆ، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە كەفالەت ئازادكرام".
فەلاح یایچی، قایمقامی کەرکوک (بەوەکالەت)، نیوەڕۆی یەکشەممە 22ی ئەیلول، لەگەڵ عەمید ئەنوەر، کە لێپرسراوێتی هەیە لەو هێزەی کە تایبەتە بە لابردنی زیادەڕۆیی، دەستگیرکراون، ئەوەش بە بڕیاری دادوەری دەستەی نەزاهە و لەسەر سكاڵای وەزارەتی رۆشنبیری عیراق.
پێشتر سەرچاوەیەک لە دادگای کەرکوک، کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، جەختیکردەوە كە دەستگیركردنەكە، "بەهۆی کەمتەرخەمیی ئەو دوو لێپرسراوە بووە لە کارەکانیان، چونکە ئامادەنەبون رێگریی بکەن لە زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵکێکی وەزارەتی رۆشنبیری لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکان لە کەرکوک".
ئەو زەوییە لەلایەن ژمارەیەک لە هاوڵاتیانەوە کراوە بە خانوو و سەرەڕای بونی بڕیاری روخاندنی خانووەکان، بەڵام قایمقام و ئەو لێپرسراوەی پۆلیسی زیادەڕۆ ئامادەنەبون بڕیارەکە جێبەجێبکەن، بەپێی سەرچاوەکانی (کەرکوک ناو).
فەلاح یایچی کە هاوکات لێپرسراوی بشی زیادەڕۆییە، لە دوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە لەجێی کامیل ساڵەیی و بەوەکالەت کراوەتە قایمقامی کەرکوک.
سەرچاوەکەی دادگای کەرکوک، وتیشی "دەستەی نەزاهە گوماندەکات هەریەکە لە فەلاح یایچی و عەمید ئەنوەر بەرتیلیان وەرگرتبێت بۆیە ئامادەنین بڕیاری لابردنی زیادەڕۆ بۆ سەر ئەو موڵکە جێبەجێبکەن"، بەڵام ئەوە هێشتا یەکلایینەبۆتەوە و بۆ دادگا جێهێڵدراوە.