وەزارەتی ناوخۆی عیراق تەواوی غیاباتەكانی عەمید سەرحەد قادری هەڵوەشاندۆتەوە، ئەوەش لەسەر داوای وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا فەرمانی دەستگیركردنەكەی هەڵنەوەشاتەوە. بۆیە كاتی گەڕانەوەی بۆ كەركوك و دەستبەكاربونەوەی دیار نییە.
سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی كەركوك، لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە نەگەڕاوەتەوە سەر كارەكەیی و ئەو ماوەیە بە ئامادەنەبوو هەژماركراوە، لەگەڵئەوەشدا فەرمانی دەستگیركردنی هەیە لەلایەن بەغداوە.
سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك و ئاگاداری دۆسییەكەی سەرحەد قادرە، بە (كەركوك ناو)ی وت "رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم لە كۆبونەوەی ئەمدواییەدا لەگەڵ یاسین یاسری، وەزیری ناوخۆی عیراق باسی دۆسییەی سەرحەد قادر و گەڕاندنەوەی بۆ كەركوك كراوە، لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی عیراق بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكەی داوە و لە دەستپێشخەرییەكدا بە بڕیارێك تەواوی غیاباتەكانی هەڵوەشاندۆتەوە".
یاسر یاسری، وەزیری ناوخۆی عیراق لە 28ی ئابی ئەمساڵ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێم كۆبۆوە.
سەرچاوەكە جەختیكردەوە "وەزیری ناوخۆی عیراق بە نوسراوێك داوای دۆسییەكەی سەرحەد قادری لە پۆلیسی كەركوك كردووە، سەرەتا غیاباتەكانی هەڵوەشاندۆتەوە، بەڵام هێشتا فەرمانی دەستگیركردنەكەی ماوە".
وەزیری ناوخۆی عیراق بە نوسراوێك داوای دۆسییەكەی سەرحەد قادری لە پۆلیسی كەركوك كردووە
لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی ناوبراو بۆ پۆستەكەی، سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرحەد قادر، جەختیكردەوە "هەوڵ هەیە فەرمانی دەستگیركردنەكەی هەڵبوەشێتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سەر كارەكەی، بەڵام جارێ ئەوە ماوە".
سەرحەد قادر، ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئەیلول، سەردانی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كردووە و وێنەیەكی خۆیی و رێبەر ئەحمەدی لە ئەكاونەتەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردۆتەوە.
سه‌رحه‌د قادر، لە مانگی ئابی ئەمساڵ، لە لێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمریكا، وتی "فەرمانی دەستگیركردنەكەم لەسەر ریفراندۆمە، ته‌نها ئه‌فسه‌رم بڕیاری ده‌ستگیرکردنم بۆ ده‌رچووه"، هەروەها ره‌خنه‌شی له کابینه‌ی پێشوی حکومه‌تی هه‌رێم گرت، بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، به‌وه‌ی "شه‌رمنانه" مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ دۆسیه‌که‌یدا كردووە.
"چه‌ند جارێک له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی پێشوی حکومه‌تی هه‌رێم دانیشتین و پێموتن كە کێشه‌ی ئێمه سیاسییه، من بڕیاری ریفراندۆمم نه‌داوه، ئه‌وانه‌ی ریفراندۆمیان ئه‌نجامدا، ئێستا له به‌غدا جێگری سه‌رۆک وه‌زیران و په‌رله‌مانتارن، به‌ڵام هه‌ڵوێستیان لاواز بوو".
ناوبراو چەند جارێك ئەو رەخنانەی لە میدیاكاندا گرتووە و لەبارەی دەنگۆی وازهێنانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان، بە دەنگی ئەمریكای وتبوو "له ماڵی خۆم دانیشتوم و چاودێری دۆخه‌که ده‌که‌م، سه‌ردانی دۆست و لایه‌نه‌کانم کردوه و ئه‌وانیش سه‌ریان لێداوم، به‌ڵام نه‌چومه‌ته نێو هیچ لایه‌نێکه‌وه، ئه‌وه دوره له‌راستیه‌وه"، ئەوەش لە وەڵامی ئەوەی دەنگۆی وازهێنانی لە پارتی و سەنگەر گواستنەوە بۆ حزبێكی تر.