نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك، بەدوای هاوبەشدا دەگەڕێت بۆ دروستكردنی لیستێك بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بۆ ئەو مەبەستەش زنجیرەیەك كۆبونەوە و دەستپێشخەریی كردووە و ئامادەكارییەكانی تەواوكردووە.
نەجمەدین كەریم، چەند مانگێكە خواستی خۆی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی كەركوك دەربڕیوە بە لیستێكی سەربەخۆ، لەو ماوەیەشدا لە زۆرینەی چاوپێكەوتن و لێدوانە رۆژنامەوانییەكانیدا باسی دۆخی كەركوك و گرنگی هەڵبژاردنی داهاتوو دەكات. لە ئێستاشدا دەیەوێت هاوبەش پەیدا بكات. بۆ ئەو مەبەستە سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی و حزبی شیوعی كردووە و لەگەڵ چەند سەركردەیەكی توركمان و عەرەبی كەركوك لە گفتوگۆدایە.
نەشوان جەلال، سکرتێری رۆژنامەوانی نەجمەدین کەریم بە (کەرکوک ناو)ی وت "دكتۆر نەجمەدین لە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداریی دەكات و ئامادەكارییەكانی تەواو كردووە".
دكتۆر نەجمەدین لە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا بەشداریی دەكات و ئامادەكارییەكانی تەواو كردووە
وتیشی "ئەگەر لیستێکی هاوبەشی حزبە کوردستانییەکانیش دروستبێت ئەوا ئەگەر هەیە بەشداری تیادا بكات".
لە هەفتەكانی رابردودا، نەجمەدین كەریم بەجیا لەگەڵ هەریەكە لە عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و كاوە مەحمود، سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان كۆبووەوە.
سەرچاوەیەک کە لێپرسراوێتی هەیە لە حزبی شیوعی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە كۆبونەوەكە باس لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان کراوە و نەجمەدین كەریم دەستپێشخەریی بۆ حزبی شیوعی كردووە تا بە هاوبەشی کار بکەن بۆ یەکلیستی، بەڵام حزبی شیوعی داواكەی رەتكردۆتەوە و وتومانە جگە لە لیستی كەركوكی كوردستانی بەشداریی لەهیچ لیستێكی تر ناكەین".
حزبە كوردییەكانی كەركوك، 9ی ئهیلول، رێككەوتنێكیان راگهیاند بۆ ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگای كهركوك، تا لهڕێی لیستێكی هاوبهشهوه بهناوی "كهركوكی كوردستانی" بهشداری بكهن، بەڵام لیستەكە هێشتا بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە.
حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بڕیاریداوه به لیستی سهربهخۆ بهشداری ههڵبژاردنهكانی كهركوك بكات و پارتی دیموكراتی كوردستان و نهوهی نوێ-ش خۆیان یهكلایینهكردۆتهوه.
لەگەلئەوەشدا رێی تێناچێت، نەجمەدین كەریم و یەكێتی بتوانن لەیەك لیستدا بەشداریی بكەن، بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوانیان و وازهێنانی نەجمەدین كەریم لە یەكێتی.
نەجمەدین کەریم، هەمان داوای حزبی شیوعی لە کۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كردووە، بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆی دانیشتنەكە بۆ (كەركوك ناو)، كە جەختیكردەوە "لەوەڵامدا کۆمەڵی ئیسلامی وتویانە ئێمە گفتۆگۆی خۆمان دەکەین و دواتر وەڵامدەدەینەوە".
محەمەد جەلیل، لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی پێنجی کۆمەڵی ئیسلامی لە کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە كۆبونەوەكەدا لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر، باس لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کراوە و دۆخی شارەکە و پەیوەندی نێوانیان تاوتوێکراوە، بەڵام نەجمەدین كەریم داوای هاوبەشی لە لیستێكدا لە كۆمەڵی ئیسلامی نەكردووە".
لە كۆبونەوەكەدا لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر، باس لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کراوە
كۆمەڵی ئیسلامی، لە ئێستادا دەستپێشخەری بۆ یەكلیستی كوردی كردووە لە كەركوك و لە لیستی كەركوكی كوردستانیدا بەشدارە.
سكرتێری رۆژنامەوانی نەجمەدین كەریم، بە (كەركوك ناو)ی وت "نەک تەنیا لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی و حزبی شیوعی، بەڵکو نەجمەدین كەریم لەگەڵ زۆربەی لایەنەکانی کەرکوک پەیوەندی هەیە و کۆبوتەوە، لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی حزبی تورکمانی و عەرەبی وەک کەسایەتی کۆبونەوەی هەبووە، بەڵام داوای یەكلیستیمان لێنەكردون".
لەگەڵئەوەشدا جەختیكردەوە كە نەجمەدین كەریم بەشداریكردن لە لیستێكی هاوبەش رەتناكاتەوە.