لەمەودوا بە پرسی راكان جبوری لێدوان دەدرێت

راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت

کەركوك

راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، لێدوانی رۆژنامەوانی و پێدانی زانیاری لە تەواوی فەرمانگە و یەكە ئیدارییەكان قەدەغە دەكات و هەڕەشەی سزادانیان دەكات لە ئەگەری پێشێلكردنی بڕیارەكەدا. تەنیا لەیەك حاڵەتدا نەبێت، ئەویش "وەرگرتنی رەزامەندی خۆی یان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان".

بڕیارەكە  لە 5ی ئەیلولەوە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئاستەنگی بۆ رۆژنامەنوسان و كەناڵەكانی راگەیاندن دروستكردووە، جگە لە فەرمانبەران، بەڕێوەبەری فەرمانگەكانیش ئامادەنین لێدوان بدەن.

هەوار فارس، كچە رۆژنامەنوس لە شاری کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "راكان سەعید دەیەوێت ئاستەنگ دروستبكات بۆ دەزگاكانی راگەیاندن، زۆربەی كارە رۆژنامەوانییەكانی ئێمە پێویستی بە لێدوان و وەرگرتنی زانیارییە لە فەرمانگەكان، ئەگەر ئەوان ئاستەنگ دروستبكەن و لێدوان نەدەن كەواتە سنورداركردنی كاری راگەیاندنە".

راكان سەعید دەیەوێت ئاستەنگ دروستبكات بۆ دەزگاكانی راگەیاندن

(كەركوك ناو) لە ماوەی هەفتەیەكدا پەیوەندی بە لانیكەم پێنج بەڕێوەبەری فەرمانگە و جێگرەكانیانەوە كرد لە كەركوك بۆ وەرگرتنی زانیاریی، لە نێویاندا سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری كارەكانی فڕۆكەخانەی كەركوك. بەڵام جەختیانكردەوە كە لێدوانیان لێ قەدەغەكراوە لەلایەن پارێزگارەوە.

مەروان عانی، سكرتێری رۆژنامەوانی راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "نوسراوەکە بۆ قەدەغەكردنی لێدوان نییە لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان، بەڵکو تەنیا بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگە حکومییەکانە، ئەو بڕیارەش گرنگە چونکە ناکرێت فەرمانبەرێک ئاسایی بە ناوی فەرمانگەکەوە قسە و لێدوان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بکات".

لەبارەی ئەوەی بەڕێوەبەرەكان دوای بڕیارەكەی راكان سەعید قسە ناكەن، وتی "هەڵە تێگەیشتنێك هەیە".

دوای 20 رۆژ بەسەر بڕیارەكەدا هێشتا بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی كەركوك، ئامادەنین لێدوان بدەن.

سەردار شوانی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی لقی كەركوكی، سەندیکای رۆژنامەنوسانی عیراق، لەبارەی بڕیارەكەوە وتی "لەگەڵ بەشی راگەیاندنی ئیدارەی پارێزگای کەرکوک لە پەیوەندیداین، ئەوان دەڵێن لێدوان تەنیا لە فەرمانبەران قەدەغەكراوە و زیاتر بەدوای ئەو بابەتەدا دەچین".

بەپێی نوسراوەكەی پارێزگار، تەنیا ئەو فەرمانگە و یەكە ئیدارییانە دەتوانن زانیاریی بدەن كە رەزامەندی پارێزگاری كەركوك یان بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەكانیان هەیە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT