خوێندكارانی خوێندنی كوردی لە شنگال، هێشتا كتێبیان پێنەگەیشتووە و ناچار كتێبی دڕاو و كۆنی ساڵانی پێشویان بەسەردا دابەشكراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە 10 رۆژ بەسەر دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندندا تێپەڕ بووە.
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، 21ی ئەیلول زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا، لە تەواوی هەرێمی كوردستان و ئەو پەروەردانەی لە ناوچەكانی جێناكۆك سەر بە پەروەردەی هەرێمن.
بەڵام كێشەی نەبونی كتێب بەرۆكی گرتون و زۆرینەی خوێندكاران هێشتا كتێبیان وەرنەگرتووە.
سابر سلو، خوێندکاری قوناغی یانزەی وێژەیی لە خوێندنی کوردی لە شنگال، هێشتا سێ كتێبی وەرنەگرتووە، ئەوانیش ئابوری، عەرەبیی و مێژوو، ئەو كتێبانەی تریش زۆرینەی دڕاون و كۆن بون.
"ئەو شتانەی گرنگن ناچار لەسەر دەفتەر دەینوسین، ئیدارەی خوێندنگەكە پێماندەڵێت كتێبەكان كۆپی بكەن تا كێشەكە چارەسەردەبێت"، سابر زیاتر وتی "پارەمان نییە هەموو كتێبەكە كۆپی بكەین".
ئیدارەی خوێندنگەكە پێماندەڵێت كتێبەكان كۆپی بكەن تا كێشەكە چارەسەردەبێت
ئەوەش لەكاتێكدایە بەهۆی گەڕانەوەی بەشێك لە ئاوارەكان، ئەمساڵ سێ خوێندنگەی ئامادەیی و 15 خوێندنگەی سەرەتایی و بنەڕەتی كراونەتەوە.
لە قەزای شنگال پێنج هەزار خوێندكار سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستانن و بە كوردی دەخوێنن و لە 21ی ئەیلولەوە دەوامیان دەستپێكردۆتەوە.
نەزیر خەڵەف، بەڕێوەبەری ئامادەیی بەرخودان لە شنگال – سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم-، هەرچەندە 500 خوێندكاریان هەیە بەڵام هیچ كتێبێكیان وەرنەگرتووە.
نەزیز وتی "تەنیا نیوەی خوێندكارەكانمان كتێبیان وەرگرتووە، ئەویش كتێبی دڕاو و كۆنن، لەكاتێكدا قۆناغی ئامادەیی گرنگترین قۆناغی خوێندنە".
تەنیا نیوەی خوێندكارەكانمان كتێبیان وەرگرتووە
ئەو گلەیی هەیە لەوەی هیچ لایەنێك لە خەمی پرۆسەی خوێندن نییە و وتی "رۆژانە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگالەوە دەکەین، ئەوانیش دەڵێن هەوڵدەدەین كتێبتان بۆ رەوانە بكەین... ترسمان هەیە خوێندكارەكان واز لە خوێندن بهێنن".
كرۆكی كێشەكە پەیوەندی بە بازگەكانەوە هەیە وەك بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی شنگال دەڵێت.
حسێن خدر، بە (كەركوك ناو)ی وت "له مانگی ئابی ئهمساڵەوە به نوسراوی فهرمی داوامان له رێکخراوی یونسێف و ژمارهیهک رێکخراوی تركردووە، بۆ گهیاندنی کتێبەكان، بهڵام تاوهکۆ ئێستا هیچ رێکخراوێک به داواکارییهکهمان رازی نەبووە".
دوو ساڵی رابردوو، رێكخراوی یونسێف بەو ئەركە هەڵدەستا.
بەڕێوەبەری پەروەردە وتیشی "ئەمساڵ یونسێف وتیان ئێمە كتێب ناگەیەنین... بۆیە نوسراوى فهرمیمان ئاراستهی ئهنجومهنی پارێزگای نهینهوا كردووە، بۆ هاوكاریكردنمان، بەڵام ئەوانیش وەڵامیان نییە".
كتێبی خوێندنی كوردی بۆ شنگال لە پارێزگای دهۆكەوە دێت، لە ماوەی نێوان ئەو دوو شارەش نزیكەی 10 بازگەی لێییە و هەر یەكەو هێز و لایەنێكی ئەمنی لێیە و رێگریی دەكەن لە گواستنەوەی كتێبی كوردی.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی شنگال لە خۆرئاوای موسڵ، وتی "خوێندکاران دڵنیادهکهینهوه که به ههموو شێوهیهک ههوڵدهدهین کێشهکهیان چارهسهر بکهین بهڵام لهوانهیه كاتی بوێت".