به‌رێوه‌به‌ری ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له كه‌ركوك و شاندێكی یاوه‌ری، له بازگه‌ی ناحیه‌ی له‌یلان رێگرییان لێكرا بچنه كه‌مپی ئاواره‌كان، به مه‌به‌ستی رێكخستنی سیمینارێك ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان.
بڕیاربوو ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2ی تشرینی یه‌كه‌م له كه‌مپی ئاواره‌كانی له‌یلان له كه‌ركوك، كۆمسیۆن به هه‌ماهه‌نگی فه‌رمانگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران سیمینارێكی هۆشیاری رێكبخه‌ن له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ده‌نگدان و رێكاره یاساییه‌كانی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام به‌هۆی رێگریی هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه دواخرا.
قه‌یس محه‌مه‌د خورشید، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆن، دوای رێگریی له بازگه‌ی له‌یلان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌داخه‌وه ئه‌وه چه‌ندینجاره له بازگه‌ی له‌یلان كێشه‌مان بۆ دروستده‌كه‌ن و رێگه‌ناده‌ن بچینه كه‌مپ، له كاتێكدا ئێمه مۆڵه‌تمان هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی باڵا و له به‌غداوه كارئاسانیمان بۆ كراوه، فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانیش ئاگاداركراونه‌ته‌وه".
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆن، كه بانگهێشتی میدیاكانی كردووه بۆ روماڵی ئه‌و سیمیناره له كه‌مپی له‌یلانی یه‌ك، چالاكییه‌كه بۆ گه‌یاندنی دوایین ئاماده‌كارییه‌كان و رێكاره‌كانی په‌یوه‌ست به هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانه.
"رێگری له ئێمه له كاتێكدایه سه‌ر به حكومه‌تین نه‌ك حزب و لایه‌نێكی دیاریكراو، ئامانجیشمان بوو ئاواره‌كان ئاگاداربكه‌ینه‌وه له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و چۆنیه‌تی ده‌نگدان، تا ده‌نگه‌كانیان نه‌فه‌وتێت" به‌وته‌ی قه‌یس محه‌مه‌د.
له ناحیه‌ی له‌یلان، دوو كه‌مپی ئاواره‌كان هه‌یه كه زیاتر له دوو هه‌زار خێزانی تێدا نیشته‌جێیه، زۆرینه‌یان خه‌ڵكی حه‌ویجه و ناوچه‌كانی تری كه‌ركوكن.
به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆن ده‌ڵێت ئه‌وه یه‌كه‌مجار نیه له‌و بازگه‌یه‌دا كێشه‌یان بۆ دروستده‌كرێت، پێشتریش رێگریی كراوه، هه‌رچه‌نده بۆ كه‌مپ و ناوچه‌كانی تری داقوق و تازه به‌بێ گرفت چالاكییه‌كانیان رێكخستووه.
كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆ ئه‌و سیمیناره جگه تیمی خۆیان و رۆژنامه‌نوسان، وه‌فدی نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق (یونامی)یشیان له‌گه‌ڵدا بوو.
په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) كه بۆ روماڵی سیمیناره‌كه له له‌یلان بوو، دوای تێپه‌ڕینی له بازگه‌كه رێگه‌نه‌درا بچێته نێو كه‌مپه‌كه‌وه و وتی "ئێمه توانیمان بازگه‌كه تێپه‌ڕێنین و بگه‌ینه به‌رده‌م كه‌مپه‌كه، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمسیۆن هه‌ر له بازگه‌كه به دوری دوو كیلۆمه‌تر له‌و كه‌مپه رێگریی لێكرا و گه‌ڕایه‌وه".
رێگری له تیمی كۆمسیۆن له كاتێكدایه له نێو كه‌مپه‌كاندا، بنكه‌ی گه‌ڕۆكیان هه‌یه بۆ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگدان و دروستكردنی كارتی بایۆمه‌تری بۆ ئاواره‌كان، جگه له‌وه‌ش له نێو ناحیه‌كه‌دا (باشوری خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك)؛ ناوه‌ندی جێگیری كۆمسیۆن هه‌یه.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق به كه‌ركوكیشه‌وه، بڕیاره له 1ی نیسانی 2020دا ئه‌نجامبدرێت، كه له كه‌ركوك زیاتر له ملیۆنێك ده‌نگده‌ر هه‌یه.