دادگای باڵای كارگێڕی بڕیاری دورخستنەوەی دوو جێگری پارێزگاری نەینەوای هەڵوەشاندەوە، ئەوەش دوای حەوت مانگ لە دورخستنەوەیان دێت. لەگەڵئەوەشدا دادگا تانەی لە دروخستنەوەی پارێزگاری نەینەوای رەتكردەوە و وەكو خۆی پەسەندی كرد.
ئەو بڕیارەی دادگا كە لە 8ی ئاب دەركراوە، تیایدا جەختدەكاتەوە لەوەی دورخستنەوەی هەریەكە لە حەسەن زەنون عەلاف و عەبدولقادر سنجار، جێگرانی پارێزگاری پێشوی نەینەوا، هەنگاوێكی راست نییە، بۆیە هەڵیانوەشاندۆتەوە.
هەروەها لە نوسراوەكەدا دادگای ئیداری بڕیاری دورخستنەوەی نەوفل حەمادی سوڵتان، پارێزگاری پێشوی نەینەوای پەسەند كردووە و تانەكەی ناوبراوی رەتكردۆتەوە.
حەسەن زەنون و عەبدولقادر سنجار، لە 24ی ئازاری ئەمساڵ بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق لەگەڵ پارێزگاری پێشوی نەینەوا دورخرانەوە، ئەوەش بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی و ئیداریی و خراپ بەڕێوەبردن.
حەسەن زەنون، لەبارەی بڕیارەكەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "دەسەڵاتی دادوەری عیراق مافەكانی بۆ گێڕاینەوە، چونكە بڕیاری دورخستنەوەمان دادپەروەرانە و یاسایی نەبوو".
وتیشی "دوای تەواوبونی رێكارە یاساییەكانی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دروخستنەوەمان دەگەڕێینەوە سەر كاری پێشومان".
دوای لابردنی پارێزگار و دوو جێگرەكەی، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لە ئایاری ئەمساڵ پارێزگارێكی نوێ و دواتر دوو جێگری هەڵبژاردەوە و لە ئێستادا دەستبەكارن.
سیروان محەمەد، جێگری هەڵبژێردراوی پارێزگار، بە (كەركوك ناو)ی وت"ئێمە لە راپەڕاندنی ئەركەكانی خۆمان بەردەوامین لە چوارچێوەی یاسادا، كۆبونەوە فەرمییەكانمان لەگەڵ لێپرسراوانی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاكە بۆ پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاریی بۆ هاوڵاتییان".
ئەو گۆڕانكارییانەی موسڵ لێكەوتەی نقومبونی كەشتییەكی گەشتیاریی بوو لە روباری دیجلە لە ئێوارەی 21ی ئازار، بەهۆیەوە زیاتر لە 200 كەس خنكان و هێشتا تەرمی بەشێكیان نەدۆزراوەتەوە.
نقومبونی ئەو كەشتییە ناڕەزایی فراوانی لەسەر ئاستی عیراق لێكەوتەوە و لەپاڵئەوەشدا دۆسیەی تر دژ بە پارێزگار و لێپرسراوانی تری نەینەوا كرایەوە و زۆرینەیان دورخرانەوە یان گۆڕدران.
دوای بڕیارەكەی دادگا بە هەڵوشاندنەوەی ئەو دوو جێگرە لابراوە، لەئێستادا پارێزگار چوار جێگری هەیە، بەبێ ئەوەی هیچ لایەكیان ئامادەبێت لەو پۆستەی خۆی بكێشیتەوە.
لەبارەی ئەو پرسەوە، تائێستا مەسنور مەرعید، پارێزگاری نەینەوا هیچ رونكردنەوەیەكی نەبووە.