له شاری كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ خۆپیشانده‌رانی به‌غدا و داوای هه‌لیكار گردبونه‌وه، ئه‌وه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ناڕه‌زاییه‌كاندا، كه به‌هۆیه‌وه حكومه‌ت بڕیاریدا هه‌ر پارێزگایه‌ك سه‌رپشك بكات له راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی په‌یامنێرانی (كه‌ركوك ناو)، تا كاتژمێر 10ی به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، هیچ جموجۆڵێك له كه‌ركوك نه‌بووه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندان، به‌ڵام هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سنوردار كراون.
ناڕه‌زایی هاوڵاتیانی عیراق، چه‌ند رۆژێكه له به‌غدای پایته‌خته‌وه ده‌ستیپێكردووه و چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ی گرته‌وه له نێویاندا كه‌ركوك، كه له هه‌ندێك ناوچه‌ش به‌هۆی ئاڵۆزییه‌كانه‌وه ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی كوژران و برینداربون.
عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له به‌غدا راگه‌یاند، له كاتژمێر 5ی به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌وه تا كاتێكی نادیار و بڕیاریشیدا، هه‌ر پارێزگارێك له سنوره‌كه‌یدا خۆیدا سه‌رپشك بێت بۆ راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ.
قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له به‌غدا، كارمه‌ندانی فه‌رمانگه و وه‌زاره‌ته خزمه‌تگوزارییه‌كان ناگرێته‌وه، رێگریش ناكرێت له هاتوچۆی خه‌ڵك به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه له‌گه‌ڵ نه‌خۆش و ئه‌وانه‌ی بارێكی له‌ناكاویان هه‌یه.
پریشكی ناڕه‌زاییه‌كانیان، ئێواره‌ی چوارشه‌ممه 2ی تشرینی یه‌كه‌م گه‌یشته كه‌ركوك و نزیكه‌ی 150 كه‌س چونه به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی پارێزگا و داوایانكرد، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی به‌غدا به‌ده‌م داواكارییه‌كانیانه‌وه ناچێت ئه‌وا پێویسته هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و حكومه‌تێكی نوێ پێكبهێنرێت.
عەلی محه‌مەد، یەكێك بوو لە خۆپیشاندەران و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "خۆپیشاندان ده‌كه‌ین دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له بەغدا هه‌یه، چونكه هه‌لیكار نیه و من ساڵانێكه زانكۆم ته‌واو كردووه به‌بێ ئه‌وه‌ی دابمه‌زرێم".
به‌پێی ئاماره‌كانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ته‌ندروستی، له یه‌كه‌م رۆژی خۆپیشاندانه‌كاندا كه‌سێك كوژرا و زیاتر له 200 كه‌سی تر برینداربون، به‌ڵام ئاماره نافه‌رمییه‌كان باس له به‌رزبونه‌وه‌ی قوربانییه‌كان ده‌كه‌ن بۆ زیاتر له 10 كوژراو.
غانم به‌شار، یه‌كێك له خۆپیشانده‌رانی كه‌ركوك بوو، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ناڕه‌زایی ئێمه بۆ پاڵپشتییه له به‌غدا و شاره‌كانی تر، جگه له‌وه‌ش، هیچ هه‌لیكار و دامه‌زراندن و خزمه‌تێك نییه، پێویسته حكومه‌ت به ده‌م داواكاری خه‌ڵكه‌وه بچێت".
زۆرینه‌ی به‌شداربوانی خۆپیشانده‌رانی كه‌ركوك، له هاوڵاتی عه‌ره‌ب بون و پێشتر مۆڵه‌تیان بۆ ناڕهزاییهكهیان وه‌رنه‌گرتبوو.
نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق (یونامی)، له دوو راگه‌یه‌ندراوی جیاوازدا، وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی له كهوتنهویه قوربانی به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه، داوای دانبه‌خۆداگرتنی له ناڕازییه‌كان كردووه و به‌پێویستی ده‌زانێت، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی‌دا گفتوگۆی راسته‌وخۆیان هه‌بێت.
سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق، له سێ راگه‌یه‌ندراودا و له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه، هه‌ر ناڕه‌زاییه‌كیان به مافی خه‌ڵك زانیووه، ئه‌گه‌ر به هێمنی و ئاشته‌وایی به‌ڕێوه‌بچێت.
خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له به‌غدا و به‌شێك له ناوچه‌كانی تر، له یه‌كه‌م رۆژه‌وه ئاڵۆزی تێكه‌وت و له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانیشه‌وه ته‌قه له خه‌ڵك كرا، به‌پێی ئه‌و گرته ڤیدیۆییانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكرانه‌وه.