كەركوك/ هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لەسەر پردی خاسە بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 فۆتۆ: كەركوك ناو

كورد لە كەركوك
یەكلیستی حزبە كوردییەكانی پێ گرنگە، بەڵام گومانیان هەیە

سۆران محەمەد – کەركوك

یەكلیستی حزبە كوردییەكان، خەڵكی كەركوكی بەسەر دووبەرەدا دابەشكردووە، بەشێكیان هەرچەندە پشتیوانی دەكەن، بەڵام گومانیان لە نیەتیان هەیە و دەڵێن "كاریگەرییان نابێت و كۆك نابن"، بەشێكی تریان پێیانوایە هەنگاوێكی گرنگە و سەركەوتوو دەبن.

نزیكەی 20 حزب و لایەنی كوردی و توركمانی رێككەوتون بەیەك لیستی بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن لە كەركوك، دیالە، نەینەوا و سەڵاحەدین، لەژێر ناوی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، بۆ ئەو مەبەستەش دروشم، لۆگۆ و سەرۆكی قەوارەكەشیان یەكلاییكردۆتەوە.

ئەو هەنگاوە، بەلای بەڵێن سەلمان، خەڵكی كەركوك "خێری بۆ خەڵك نابێت"، ئەو جەختیكردەوە "کێ حەزی بە خێری خۆی نییە، کێ حەزی بەوە نییە کە نەوەکانی بحەسێنەوە، بەڵام ئەوان هەرچی دەکەن بەس دزییە، ئەمە کەی دۆخە ئێمەی تیایدا دەژین، ئەوان باسی لیستی هاوبەش دەكەن، بەڵام چەند ساڵە لە بەغدان چییان بۆ كەركوك كردووە؟".

پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییە لە نێوان ئەو حزب و لایەنانە، دوای ناكۆكی نێوانیان دێت لە دوو ساڵی رابردودا، كە سەرچاوەی سەرەكی ریفراندۆم و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بوو. بەتایبەت لە نێوان یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكرات.

ئەو ناكۆكییەی نێوان حزبە كوردییەكان و دوبارەبونەوەیان، وایكردووە و بەشێك لە خەڵك متمانەیان پێنەكەن لە نمونەی بەڵێن ئیسماعیل.

بەڵێن وتی "من باوڕم بەو یەک لیستییە نییە و ماوەیەکی تر لەیەک هەڵدەگەڕێنەوە و یەکتر دەکوژن".

من باوڕم بەو یەک لیستییە نییە و ماوەیەکی تر لەیەک هەڵدەگەڕێنەوە

باوان محەمەد، هاوڵاتییەکی بە تەمەنی گەڕەکی شۆریجە، وتی "نەك تەنیا ئەم حزبانە، من لەگەڵئەوەدام کوردی باکور و رۆژهەڵات، رۆژئاوا و باشور پێكەوە یەکبگرن، بەڵام پێموانییە پێكەوە كاركردنیان بوێت".

باوان زیاتر وتی "باشترە میللەت لەسەر پێكەوەژەیان و برایەتی نێوان كورد، عەرەب و توركمان، پەروەردە بكەن بۆ ئەوەی وەك رابردوو بیرنەكەنەوە".

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بڕیارە لە یەكی نیسانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ئەمەش یەكەم هەڵبژاردنە لە ساڵی 2005ەوە.

logo
لۆگۆی هاوپەیمانی كوردستانیی

مەریوان سەلیم، هاوڵاتییەكی تری كەركوك، وتی "باشترە کورد یەک لیست بێت لە شاری کەرکوک، ئەگەر بە یەک لیست بەشدارنەبن و پارچە پارچەبن ئەوا دەنگەکان سەرجەمیان دەفەوتێت".

"بەغدا زۆر بڕیاری نایاسایی بەسەر ئەم شارەدا سەپاندووە، بۆیە ئەگەر کورد یەکگرتوبێت ئەوا لە داهاتودا دۆخەكە لە بەرژەوەندی ئێمە دەبێت... گەشبینم ئەمجارە کورد بە یەک لیست بەشدار بێت لە هەڵبژاردن".

"بەڵی بۆ پێكەوه‌ژیانی ئاشتییانە و جێبەجێكردنی دەستور"، ئەمە دروشمی هاوپەیمانی كوردستانییە بۆ هەڵبژاردنەكە.

ژینۆ کەریم، پێیوایە یەكگرتووی حزبە كوردییەكان گرنگە و كاریگەری دەبێت لەسەر بەدەستهێنانی مافی كوردی كەركوك.

ئەو وتی "من گەشبینم بە یەک لیستی حزبەکان و ئومێدم سەرکەوتنیایە، هەرچەندە ئەو حزبانە بەشێکیان هۆکاری دۆخی ئێستا كەركوكن، بەڵام هێز لە یەکگرتندایە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT