یەكێتی هەڕەشەی "زیندانیكردن و نانبڕین" لە پێشمەرگەی لیوا رێكخراوەكان دەكات

كەركوك/ ئازاری 2015/ كۆنترۆڵكردنەوەی گوندەكانی سنوری قەزای داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

نوێنەرانی مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، هەڕەشەی "زیندانیكردن و نانبڕین"، لەو پێشمەرگانە دەكەن كە ئامادەنین ئابونەی حزبی بدەن و لەنێو ئەو لیوایانەدان كە بە رۆڵ و كۆمەكی هاوپەیمانان رێكخراونەتەوە.

ئەو هەڕەشانە ئەم هەفتەیە لە دەیان سریە و فەوجی هەردوو لیوای یەك و دووی پێشمەرگە كراوە دژی ئەو پێشمەرگانەی كە رەتیانكردۆتەوە ئابونەی حزبی بدەن.

دەیان پێشمەرگە، لە دوو رۆژی رابردودا پەیوەندییان بەژوری هەواڵی (كەركوك ناو)ەوە كردووە و ناڕەزایی خۆیان لەو داوا نایاساییەی نوێنەرانی مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگەی یەكێتی دەربڕیوە.

یەكێك لە پێشمەرگەكان كە وەك خۆی وتی لەبەر مەترسی نانبڕین نایەوێت ناوی بهێنرێت، بە (كەركوك ناو)ی وت "نوێنەری یەكێتیی سریە بە سریە دەگەڕان، ئەوەی پێشتر یەكێتی بوبێت و ئێستا لەنێو لیوا یەكگرتووەكان - رێكخراوەكان- بێت هەریەكە و بڕی سێ هەزار دیناریان لێدەسێنرێت".

"من و ژمارەیەكی تر وتمان ئابونە نادەین، بەڵام ئەوان وتیان دیارە زیندانتان دەوێت، ئێمە ئێوەمان دامەزراندووە و دەبێت ئابونە بدەن"، ئەو پێشمەرگەیە وایوت.

ئەو دەستتێوەردانەی یەكێتی لە كاروباری پێشمەرگە، پێچەوانەی دەیان رێنمایی و بڕیاری سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان و تەنانەت سكرتێری كۆچكردوی حزبەكەشە كە چەندین جار دژایەتی خۆی بۆ كاری رێكخستن و حزبایەتی لەنێو هێزەكانی پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایش دەربڕیووە.

یەكێكی تر لە پێشمەرگەكان، بە تەلەفون بە (كەركوك ناو)ی وت "دەترسین نانمان ببڕن، بۆیە ناچارین سێ هەزار دینارەكە دەدەین".

ئەوەش لەكاتێكدایە مانگی رابردوو، جەمال ئیمینیكی، سەرۆك ئەركان لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "بەپێی یاسا نابێت ئابونە لە پێشمەرگە وەربگیرێت و وەرگرتنی کارێکی نایاساییە... ئێمە ئاگاداری ئەو بابەتە نین، بەڵام بەدواداچونی وردی بۆ دەكەین سزایان دەدەین".

دوای مانگێك لە بەدواداچونێكی (كەركوك ناو)، لەبارەی دەستوەردان و لێسەندنی زۆرەملێی ئابونەی حزبی لەناو ریزەكانی پێشمەرگە، یەكێتی بەبێ گوێدان بە بڕیارەكانی وەزارەت و سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم بەردەوامە لەو كارەی.

هەردوو لیوای یەك و دوو لەلایەن هاوپەیمانانەوە رێكخراونەتەوە و پێشتر بەشێك بون لە هێزەكانی 70ی یەكێتیی و 80ی پارتی.

وەرگرتنی ئابونە و كاری حزبایەتی لەناو ریزەكانی پێشمەرگە لەكاتێكدایە، لە ئێستادا سێ تیمی سه‌ر به‌ ئه‌مه‌ریکا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە لە گفتوگۆدان بۆ دانانی پلانێك لەپێناو یه‌كخستنەوەی تەواوی هێزەكان، ئەوەش بەوتەی جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT