"ته‌مه‌نی په‌پوله‌یه‌كی هه‌بوو، ئاخر كه‌س هه‌یه ئاوها بەو دڕنده‌ییه کیژۆڵەیەک بكوژێت؟ به‌خوا هیچ ئایین و مه‌زهه‌بێك ئه‌مه‌ی قبوڵ نییه،" ئه‌مه قسه‌ی دایكێكی جه‌رگ سوتاوه. لە چەند خولەکێکدا سەمەر دیارنامێنێت و هەرگیز ناگەڕێتەوە.
مریه‌م حه‌مود، له‌ناو حه‌وشه‌كه‌ی ماڵه‌كه‌یدا؛ بێهێز كه‌وت بوو، خۆڵی سه‌ر زه‌وییه‌كه ره‌نگی ره‌شی جله‌كانی كردبووە خۆڵه‌مێشی، له سنگی خۆی ده‌دا و به ده‌نگێكی به‌رزتر لە ئامادەبوان، مه‌رگی كچه‌كه‌ی ده‌لاوانده‌وه.
"زۆر ناخۆشی و كاری نامرۆڤانەم بینیووە، بەڵام بەم شێوەیە نەبووە، منداڵێكی ته‌نیا تەمەن شەش ساڵ، كە تەمەنی پەپولەیەكه بۆ به‌وشێوه دڕندانەیە سەری لە لاشه‌ی لێبكرێته‌وه".
كچه‌كه‌ی مریه‌م، ئێواره‌ی 29ی ئه‌یلولی 2019، له چه‌ند خوله‌كێكدا لەبەر به‌رده‌رگا له‌به‌رچاو ونده‌بێت، هه‌رچی شوێن هه‌یه به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن بێئه‌وه‌ی هه‌واڵێكی بزانن، تا له سێیه‌م رۆژی دیارنه‌مانیدا ته‌رمه‌كه‌ی ده‌دۆزنه‌وه.
سه‌مه‌ر سه‌ڵاح، جه‌سته‌ی ته‌واو شێوێنرابوو، سه‌ری له جه‌سته‌ی جیاكرابۆوه، لە ڕۆژی 1ی تشرینی یه‌كه‌م و به‌دوری چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له پشت ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ته‌رمه‌كه‌ی بە فڕێدراوی هەڵگیرایەوە.
ماڵی باوكی سه‌مه‌ر ده‌كه‌وێته گوندی تۆپزاوا له ناحیه‌ی یایچی -12كم له خۆرئاوای كه‌ركوك-، له خانوویه‌كی ته‌واونه‌كراودا كرێچین، دوای ئەوەی له گوندەکەیان لە قه‌زای حه‌ویجه ئاوارە دەبن.
"كاتێك سه‌مه‌ر له به‌رده‌رگا دیارنه‌ما، هه‌موو شوێنێك گه‌ڕاین به‌دوایدا و نه‌ماندۆزییه‌وه، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانمان ئاگاداركرده‌وه هه‌ر هیچ هه‌واڵێك نه‌بوو، تا ته‌رمه‌كه‌یمان له پشتی ماڵی خۆماندا دۆزییه‌وه" باوكی سه‌مه‌ر وای وت.
سه‌ڵاح حه‌سه‌ن، سه‌ربازه، 10 ساڵه هاوسهرگیریكردووه و جگه له سه‌مه‌ر؛ باوكی كچێك و چوار كوڕی تره.
له‌گه‌ڵ به‌رێكردنی ته‌رمی كچه‌كه‌یدا به‌ره‌و گۆڕستان، سه‌ڵاح به كوڵ ده‌گریا و دەیوت، "زۆر جێی داخه.. سه‌ری له جه‌سته‌ی كراوه‌ته‌وه و هه‌موو جه‌سته‌یشی شێوێنراوه".
ته‌رمی سه‌مه‌ر له گۆڕستانی گوندی تۆپزاوه به خاكسپێردرا، به‌ڵام كه‌سوكاری گه‌ڕانه‌وه بۆ حه‌ویجه، له‌وێ و له‌نێو كه‌سوكاریاندا پرسه‌یان دانا.
"ئای كه دڵخۆش بوو به چوونه خوێندنگه، زۆر تامه‌زرۆ بوو، به‌داخه‌وه ده‌ستی ره‌شی تیرۆر نه‌یهێشت به‌و ئاواته‌ی بگات" مریه‌م، له نێو لاوانه‌وه‌ی مه‌رگی كچه‌كه‌یدا، جاربه‌جارێك رادهوستا و باسی له خولیاکانی سه‌مه‌ر ده‌كرد.
سه‌مه‌ر جلوبه‌رگ و جانتای خوێندنگه‌ی بۆ كڕدرابوو، یه‌كه‌م ساڵی خوێندنی بوو، چاوه‌ڕێی بوو 30ی ئه‌یلول، له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی گهڕەكدا بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر کورسی قوتابخانه دابنیشێت.
"به‌یانی ئه‌و رۆژەی رفێنرا باوكی جلوبه‌رگ و جانتای بۆ كڕیبوو، ئه‌و رۆژە سێ بۆ چوار جار جله‌كانی له‌به‌ركرد، جانتاكه‌ی ده‌كرده شان و دایده‌نایه‌وه، زوو زوو پرسیاریدهكرد كه‌ی ده‌چێته خوێندنگه، ئێمه‌ش ده‌مانوت چاوه‌ڕێبه زۆری نه‌ماوه" مریم وای وت.
ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك هێشتا لێکۆڵینەوە لە دۆسیه‌ی كوشتنی سه‌مه‌ر دەکەن، تا ئێستا هیچ سه‌رداوێك ده‌رنه‌كه‌وتووه و كه‌سیش ده‌ستگیرنه‌كراوه.
حەسەن شاهر، باپیری سەمەره و باسی له كێشه‌یه‌كی كۆنتری خانه‌واده‌كه كرد، پێیوایه كوشتنی كچه‌زاكه‌ی په‌یوه‌ندی به‌و رووداوه‌وه هه‌یه.
"له سه‌رده‌می داعشدا تیرۆریستان مامێكی سەمەر و مامێكی باوكی سەمەریان كوشت، بەڵام تیرۆریستەكانمان دەناسی كە كێن و خەڵكی كوێن پلە و پۆستیان چییە، كاتێك بارودۆخه‌كه گۆڕا و حه‌ویجه كۆنتڕۆڵكرایه‌وه، له‌كاتی مامه‌ڵه‌ی شه‌هیدانه‌دا له دادگا بكوژەکانمان ئاشكراكرد، بۆیه گومان ده‌كه‌ین بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وان سه‌مه‌ریان كوشتبێت".
باپیری سه‌مه‌ر به پێویستی زانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌دواداچون بۆ گومانه‌كانی ئه‌وان بکەن، "كێشه‌كه‌ش له‌وه‌دایه چۆن تیرۆریستان دەستیان گەیشتە ئێمه و توانییان به‌و شێوه‌یه په‌لامارمان بده‌ن".
ئازاری سەمەر هێشتا نوێیە؛ کەسوکاری چاوەڕێی بینینی راپۆرتی پزیشكی دەکەن تا بزان بۆچی چونە بەردەرگایەک ئەوەنە باجەکەی قورس کەوتەوە.