یەكێتی سێ هەزار دیناری ئابونەی بۆ پێشمەرگەكان گەڕاندەوە

كەركوك/2016/ پێشمەرگەیەكی هەرێمی كوردستان چاودێری سنورەكان دەكات لە نزیك قەزای خانەقین فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بڕی ئەو سێ هەزار دینارەی بۆ پێشمەرگەكان گەڕاندەوە كە وەكو ئابونە لە لیوا رێكخراوەكانی پێشمەرگە وەریگرتبون. ئەوەش دوای بڵاوبونەوەی بەدواداچونێك لە (كەركوك ناو).

سەرەتای ئەم هەفتەیە و بەر لە دابەشكردنی موچە، مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگەی یەكێتی، جارێكی تر بڕی سێ هەزار دیناری وەكو ئابونە لەو پێشمەرگانە وەرگرت كە پێشتر سەر بە حزبەكەی بون و لە ئێستادا لەچوارچێوەی لیوا یەكگرتووەكاندان. ئەو دەستتێوەردانەی یەكێتی ناڕەزایی وەزارەتی پێشمەرگە و پێشمەرگەكانی بەدواداهات و بەنایاسایی وەسفیانكرد.

یەكێك لە پێشمەرگەكان كە دووشەممەی رابردوو و بەر لە وەرگرتنی موچە، بڕی سێ هەزار دیناری لێسەندرابوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "هاتن و وتیان ئەوانەی پێشتر لەڕێی یەكێتییەوە دامەزرێنراون بڕی سێ هەزار دینار بدەن، هەندێكمان وتمان ئەوە یاسایی نییە، بەڵام لەبەر سزادان قبوڵمان كرد".

وتیشی "كۆتایی هەمان هەفتە كاتێك چوین موچە وەربگرین، وتیان ئەوەی پارەی داوە پارەكەی پێدەدرێتەوە و چیتر ئابونە نییە".

(كەركوك ناو)، لەگەڵ دەیان پێشمەرگەی تردا قسەی كرد و هەمویان جەختیانكردەوە لەوەی ئابونەكەیان پێدراوەتەوە.

پێشتر (كەركوك ناو)، لە بەدواداچونێكیدا بڵاویكردەوە، كە ئەو هەوڵەی یەكێتیی لەكاتێكدایە دەستتێوەردان و كاری حزبی لەناو هێزەكانی پێشمەرگە بەپێی بڕیاری هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم رێگەپێنەدراوە. هەروەها پێچەوانەی یاسا و رێنماییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەیە.

هەر لە بەدواداچونەكەدا، جەمال ئیمینیكی، سوپاسالاری پێشمەرگە بەڵێنیدا سزای ئەو كەسانە بدات كە ئابونە لەپیشمەرگە دەستێنن.

بەپێی سەرچاوەیەكی باڵا لە هێزەكانی پێشمەرگە، بڕیاری راگرتنی وەرگرتنی ئابونە، بە هەماهەنگی نێوان وەزیری پێشمەرگە و مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی بووە و بڕیاردراوە لە لیوای رێكخراوەكاندا قەدەغەبكرێت.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT