رۆژانە زیاتر لە 15 هەزار گەشتیار دێنە خانەقین
دوای شەش ساڵ مەرزی مونزرییە بەڕوی گەشتیارانی ئێراندا دەكرێتەوە

خانەقین/11ی تشرینی یەكەم/ زیارەتكارانی ئێران دوای شەش ساڵ لە مەرزی مونزریەوە دێنە ناو خاكی عیراق فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد – خانەقین

رۆژانە 15 بۆ 20 هەزار زیارەتكار لە ئێرانەوە و بەڕێی مەرزی مونزرییەوە دێنە قەزای خانەقین و لەوێوە بۆ كەربەلا و نەجەف بەڕێدەكەون، ئەوەش بەمەبەستی بەشداریكردن لە چلەی ئیمام حسێن.

ئەو زیارەتكارانە لە دووشەممەی رابردوو 7ی تشرینی یەكەمەوە مەرزەكەیان بەڕودا كرایەوە. ئەوەش دوای شەش ساڵ دێت لە راگرتنی دەرگای مەزرەكە بەڕوی ئەو زیارەتكارانەی كە دەیانەوێت بەشداریی چلەی ئیمام حسێن بكەن. مەرزەكە دەكەوێتە سنوری خانەقین لە پارێزگای دیالە.

مەهدی بەهزادی، خەڵکی کرماشان و یەكێك لە زیارەتكارەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "خەڵكێكی زۆر لە مەرزەكەوە دێن بۆ خانەقین و لەوێوە بۆ نەجەف و كەربەلا، بەڵام گرفتی گواستنەوەمان هەیە و ئۆتۆمبێلی پێویست لە مەرزەکە نییە بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران".

زیارەتكارەكان لە مەرزكەوە بە ئۆتۆمبێل دەچنە ناوچەكانی نزیك بەغدا و لەوێوە بەرەو نەجەف و كەربەلابەڕێدەكەون.

عامر خەلیل، نوێنەری یەکێک لە کۆمپانیاکانی گواستنەوە بە (کەرکوک ناو)ی وت "كێشەی هاتوچۆ لە كێشە گەورەكانی زیارەتكارانە، بەهۆی نەبونی ئۆتۆبۆس (پاسی گەورە)، لەئێرانەوە ئۆتۆبۆس هاتون بۆ گواستنەوەی زیارەتكاران لە مەرزەكەوە بۆ بەغدا".

كێشەی هاتوچۆ لە كێشە گەورەكانی زیارەتكاران

لە مەرزەكە خزمەتگوزاری پزیشكی پێشكەشی زیارەتكاران دەكرێت و ئەوانەشی ناسنامەی ئەفغانیی و پاكستانیان هەیە دەرزی پزیشكیان لێدەدرێت بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشی، ئەوەش بەوتەی سەلام ئەسعەد، بەڕێوەبەری تەندروستی مەرزی مونزریە.

رێوشوێنێكی ئەمنی تاڕادەیەك توند بۆ پاراستنی ژیانی زیارەتكاران گیراوەتەبەر، ئەوەش لەپێناو دوبارەنەبونەوەی روداوەكانی ساڵی 2013 لەو مەرزە.

ساڵی 2013 بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكرا کە دوو پاسی گواستنەوەی زیارەتکارانی ئێرانی لە شارۆچکەی شارەبان لە باکوری رۆژهەڵاتی دیالە کردە ئامانج، بەهۆیەوە 15 زیارەتکار گیانیانلەدەستدا و نزیکەی 40 زیارەتکاری تریش برینداربون.

هەر بەهۆی ئەو روداوەوە بڕیاردرا هاتوچۆی زیارەتكاران بە مەبەستی بەشداریكردن لە چلەی  ئیمام حسێن، ئیمامی شیعەكان لە مەرزەكە رابگیرێت.

zyaratkar1
خانەقین:11ی تشرینی یەكەم/ زیارەتكارانی ئێران لە مەرزی مونزرییەوە بەرەو كەبەلا و نەجەف دەڕۆن بە مەبەستی بەشداریكردن لە چلەی ئیمام حسێن فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد
  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT