كریستیانەكانی دهۆك ئامادەنین خانوەكانیان بەپێی مەرج و رێنمایی شارەوانی نۆژەنبكەنەوە، بەو هۆیەوە شارەوانی رێگەیان پێنادات. ئەو كێشەیە بەردەوامی هەیە و ترسی روخانی خانوەكان لەئارادایە.
خانوەكان لە گەڕەكی كۆنی كریستیانەكان، مێژوی دروستكردنیان بۆ ناوەڕاستی سەدەی رابردو دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی كۆن بونیانەوە كریستیانەكان ناتوانن تیایدا بژین و دەیانەوێت نۆژەنی بكەنەوە.
فیکتوریا هورمز، ئافره‌تێکی کریستیانییه و زیاتر له 50 ساڵه له‌و گهڕەكە ده‌ژیت، بە (كەركوك ناو)ی وت "هه‌ر لە منداڵییه‌وه له‌م گهڕەکە دەژین شوێنی زێدێ باب و باپیرانمه و ناتوانم به ئاسانی ده‌ستبه‌رداری شوێنه‌که‌ی خۆمان بین، خانوه‌کانمان زۆر کۆن بون، له وه‌رزی زستان ده‌ترسین به‌سه‌رماندا بکه‌وێت، چونکه هه‌موی به خۆڵ دروستکراوه".
خەڵكی ئەو گەڕەكە، ده‌یان جار داوایان له شاره‌وانی دهۆك كردووە، موڵه‌تی نۆژەنكردنەوەی خانووەكانیان پێبدەن. بەڵام ئەوان مەرجیان هەیە.
شارەوانی دەیەوێت هەر لەسەر شێوازە كۆنەكەی نۆژەنبكرێتەوە، ئەوەش بەلای كریستیانەكانەوە قبوڵنەكراوە.
فیکتوریا وتیشی "ئه‌م گه‌ڕه‌کە مۆڵکی کریستیانهکانەو هه‌موو خانوه‌کان تاپۆن، فه‌رمانگه‌کانی شاره‌وانی و شوێنه‌وار به‌ئێمه ده‌ڵێن ده‌بێت خانوه‌کانتان لەسه‌ر شێوازی کۆن نۆژهنبكەنەوە، ئێمه‌ش رازینین ده‌مانه‌وێت گۆڕانکاری لە ته‌واوی خانوه‌کانی خۆمان بکه‌ین و لەسه‌ر شێوزای نوێ و مۆدێرن نوژه‌نیان بكەینەوە".
لەئێستادا بەشێكی كەمی كریستیانەكان لەو خانوانە ماونەتەوە، لەكاتێكدا پێشتر لانیكەم 200 خێزان لەو ناوچەیە دەژیان.
بەهۆی ئەوەی ئامادەنەبون لەسەر رێنمایی شارەوانی نۆژەنیان بكەنەوە، بەشێك لە كریستیانەكان ناوچەكەیان چۆڵكردووە، چونكە دەترسن خانوەكان بەسەریاندا بڕوخێت.
ئیدارەی دهۆك لاری نییە لە نۆژەنكردنەوەی خانوەكان، بەڵام دەڵێت ئەو گەڕەكێكی شوێنەوارییە و ناكرێت بشێوێنرێت.
فارس یوخه‌نا بالیوس، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆک له پێکهاته‌ی کریستیانی به (که‌رکوک ناو)ی وت "کێشه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه له‌گه‌ل شاره‌وانیی و شوێنه‌وار به هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه، به‌دواداچون بۆ ئەو كێشەیە دەكەین و نامانەوێت خەڵكەكە زەرەمەندبن".
حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د، بەڕێوەبەری فه‌رمانگەی شوێنەوار لە پارێزگای دهۆک بە (که‌رکوک ناو)ی وت "گهڕەكی کریستیانه‌کان گه‌ڕه‌کێکی شوێنهوارییە و نابێت خانوه‌کان له‌سه‌ر شێوازی ئێستا نوژهنبکرێنهوه، هه‌ر خێزانێک بیه‌وێت خانوه‌که‌ی نۆژهنبکاتەوە ده‌بێت سه‌ردانی ئێمه بکات و مه‌رجه‌کان بخوێنێته‌وه... ئێمە لاریمان نییە لەسەر شێوازە كۆنەكەی نۆژەنبكرێتەوە".
شارەوانی دهۆك، رێگا چارەیەكی تری هەیە بۆ كیشەی كریستیانەكان، ئەویش ئەوەیە حكومەت قەرەبوی دانیشتوانی ئەو گەڕەكە بكاتەوە.