پێكه‌وه‌ژیان له‌ مه‌ترسیدایه‌
ئێزیدییه‌كان له‌ سونه‌ی شنگال به‌ گومانن

نه‌ینه‌وا، 3ی ئابی 2019، یادكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی ئێزییدییه‌كان له‌ شنگال به‌ ده‌ستی داعش فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

په‌یوه‌ندی نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی شنگال، چه‌ند ساڵێكه‌ له‌وپه‌ڕی پێكه‌وه‌ژیانه‌وه‌ گۆڕاوه‌ بۆ گومان و تۆمه‌تباركردنی یه‌كتریی، ئه‌وه‌ش به‌هۆی لێكه‌وته‌كانی سه‌رده‌می هێرش و حوكمڕانی داعشه‌وه‌.

قه‌زای شنگال، تا به‌ر له‌ هێرشه‌كانی ئابی 2014ی چه‌كدارانی داعش، به‌ عیراقی بچوككراوه‌ و جێی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ ده‌ناسرایه‌وه‌، به‌ڵام دوابه‌دوای كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كان؛ ئه‌و بارودۆخه‌ی پێشتر نه‌ماوه‌ و هۆشداریی له‌ سه‌رهه‌ڵدانی مه‌ترسی زیاتریش ده‌درێت.

یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی ئاشكرای ناكۆكی نێوان پێكهاته‌كانی شنگال، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌دان خێزانی عه‌ره‌بی سونه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، كه‌ كه‌ ناڕه‌زایی هاوڵاتیانی ئێزیدی لێكه‌وته‌وه‌ و تۆمه‌تباركران به‌ لایه‌نگرێتی داعش، له‌ كاتی په‌لاماردانی سنوره‌كه‌دا.

"پێش هاتنی داعش، په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ سونه‌ ئاسایی بوو، هیچ كێشه‌یه‌ك له‌نێوان ئێمه‌ و ئه‌واندا نه‌بوو، به‌ڵام داعش بووه‌ هۆكاری پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌كانمان" قه‌وال خودێدا وای وت.

ئه‌و هاوڵاتییه ئێزیدییه‌، له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شنگال به‌شداری هیچ بۆنه‌یه‌كی عه‌ره‌بی سونه‌ی نه‌كردووه‌، رێگه‌شناده‌ن ئه‌وان به‌شداری بۆنه‌كانی ئێزیدی بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ مێژوییه‌ك له‌ په‌یوه‌ندی دراوسێیه‌تی و تێكه‌ڵاوییان هه‌یه‌.

خودێدا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "په‌یوه‌ندییمان له‌گه‌ڵ هه‌موو پێكهاته‌كانی قه‌زاكه‌ ئاساییه‌ جگه‌ له‌ عه‌ره‌بی سونه‌، له‌ دوای هاتنی داعشه‌وه به‌شداری له‌ رێوڕه‌‌سم و خۆشی و ناخۆشی  ئه‌واندا ناكه‌ین، ئه‌وانیش سه‌ره‌دانی ئێمه‌ ناكه‌ن".

shngal (2)
نه‌ینه‌وا، كۆتایی 2015، ناوه‌ندی قه‌زای شنگال دوای وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی داعش فۆتۆ: رۆیته‌رز

له‌ مانگه‌كانی كۆتایی ساڵی رابردودا، به‌شێك له‌ ئێزیدییه‌كانی شنگال، خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان رێكخست دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی عه‌ره‌بی سونه‌ بۆ زێدی خۆیان و داوایانكرد، به‌ تۆمه‌تی هاوكاری داعش روبه‌ڕوی لێپرسینه‌وه‌ بكرێنه‌وه‌ و به‌ وردبینی ئه‌منیدا تێبپه‌ڕن.

چه‌كدارانی داعش له‌ ئابی 2014دا هێرشیكرده‌ سه‌ر شنگال، له‌ ئه‌نجامدا سه‌دان هاوڵاتی ئێزیدی كۆمه‌ڵكوژ كرد و هه‌زارانی دیكه‌ش له‌ نێویاندا ژن و منداڵ رفێنران، كه‌ هێشتا چاره‌نوسی نزیكه‌ی سێ هه‌زار كه‌سیان نادیاره‌.

ساڵح خەڵەف عەلی، یه‌كێكه‌ له‌ نوێنەرانی گونده‌ سونه‌ نشینه‌كانی شنگال، له‌گه‌ڵ ره‌تكردنه‌وه‌ی تۆمه‌تباركردنیان به‌ هاوكاری داعش، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وا "لەساڵی 1930وه‌ تا 2014 هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ نێوان ئێمه‌ و ئێزیدییه‌كاندا روینه‌دا، تا هاتنی داعش".

"هه‌بونی ئه‌و كێشانه‌ و تۆمه‌تباركردنمان له‌ كاتێكدایه‌ نه‌ك هاوكاری چه‌كدارانی داعشمان نه‌كردوه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ش له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان توشی زیان بووین و ئاواره‌ بووین" به‌وته‌ی ساڵح خه‌ڵه‌ف.

هاوڵاتیانی عه‌ره‌بی سونه‌ی شه‌نگال، ده‌كه‌ونه‌ 22 گوندی قه‌زاكه‌وه‌، له‌ نزیكی سنوری نێوان عیراق له‌گه‌ڵ سوریا، دوای ئاواره‌بونیان بۆ كه‌مپ و ناوچه‌كانی تر، له‌ ساڵی رابردودا به‌ چاودێری هێزه‌ ئه‌منیه‌كان گه‌ڕێنرانه‌وه‌.

ساڵح خه‌ڵه‌ف ده‌ڵێت ئه‌وان ئاماده‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه‌یه‌كی نوێن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئێزیدی؛ "تا به‌شداری هه‌موو رێوڕه‌سمه‌كانی یه‌كتریی بكه‌ین و جارێكیتر وه‌ك برا بژین".

shngall

نه‌ینه‌وا، ته‌مموزی 2018، گه‌نجانی شه‌نگال له‌رێی كێشانی وێنه‌ له‌سه‌ر دیواره‌كانی قه‌زاكه‌ ده‌یانه‌وێت مه‌ینه‌تییه‌كان نیشانبده‌ن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ عیراقییه‌كان، به‌ پرۆسه‌یه‌كی ئه‌منیدا له‌ ته‌واوی وڵات به‌رێوه‌ده‌چێت و له‌ وردبینیدا هه‌ر كه‌س و خێزانێك په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بێت یان هاوكارییان كردبێت، رێكاری یاسایی به‌رانبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر یان ره‌وانه‌ی كه‌مپه‌كانی تایبه‌ت به‌ كه‌سوكاری چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه‌ ده‌كرێن.

ئيسماعيل محه‌مه‌د، به‌رێوه‌به‌ری وه‌قفی سونه‌ له‌ قه‌زای شنگال دان به‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان سونه‌ و ئێزیدییه‌كاندا ده‌نێت، كه‌ مه‌ترسی ئاڵۆزی زیاتری لێده‌كرێت ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، بۆیه‌ زیاد له‌ جارێك هه‌وڵی نێوه‌ندگیری و ئاشته‌واییان دراوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی سودی هه‌بێت.

"زۆر هه‌وڵماندا ئێزدییه‌كانی شنگال و عه‌ره‌بی سونه‌ ئاشت بكه‌ینه‌وه،‌ به‌ڵام بێسود بوو، ئێستا وازمان له‌و دۆسیه‌یه‌ هێناوه‌ و داوامان له‌ لێپرسراوانی به‌غدا كردووه‌، به‌رێگه‌ی یاسایی چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ بكه‌ن" ئیسماعیل بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌قفی سونی ده‌ڵێت كێشه‌كه‌ زیاتر له‌ نێو شنگالدایه‌، چونكه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی، زۆرێك له‌ ئێزیدی و سونه‌ پێكه‌وه‌ ده‌ژین و به‌شداری بۆنه‌كانی یه‌كترییش ده‌كه‌ن.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌قفی سونی، هاوشێوه‌ی مه‌زارگه‌ و شوێنه‌ ئایینییه‌كانی ئێزیدی، ده‌یان مزگه‌وتی سونه‌ش له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ شنگال ته‌قێنرانه‌وه‌ و ژماره‌یه‌كی كه‌می هاوڵاتییان ئه‌و پێكهاته‌یه‌ش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

rufat
نه‌ینه‌وا/ 15ی ئازاری 2019/ هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ گوندی كۆجۆ له‌ شنگال، كه‌ به‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش كوژران فۆتۆ: AFP

جگه‌ له‌ ئێزیدی و سونه‌، له‌ سنوری قه‌زای شنگال، عه‌ره‌بی شیعه‌ مه‌زعه‌ب، كریستیان و چه‌ند پێكهاته‌یه‌كی تری نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیش هه‌ن.

سوبحی ئه‌لیاس حه‌یده‌ر، لێپرسراوی مه‌زارگه‌ ئاینییه‌كانی شیعه‌ له‌ شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌كۆنه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ برا ئێزدییه‌كاندا، هیچ هێز و لایه‌نێكیش ناتوانێت دووبه‌ره‌كی له‌نێوانماندا دروستبكات، ئێمه‌ش له‌ ئاواره‌ییدا زۆر هاوكاری ئه‌وانمان كرد و ئێستاش پێویستییان به‌ چی هه‌بێت ده‌رگاكان بۆ ئه‌وان كراوه‌یه‌".

له‌ چه‌ند ساڵی رابردوی دوای كۆتاییی ده‌سه‌ڵاتی داعش، ئێزیدییه‌كان له‌گه‌ڵ شیعه‌كاندا به‌شداری بۆنه‌ ئایینییه‌كانی یه‌كتری ده‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ناكۆكییه‌ی له‌گه‌ڵ سونه‌دا هه‌یه‌.

قه‌زال خودێدا، هاوڵاتییه‌ ئێزیدییه‌كه‌ی شنگال، ده‌ڵێت ئه‌وان له‌گه‌ڵ شیعه‌، توركمان و كریستیانه‌كاندا به‌بێ كێشه‌ ده‌ژین، له‌ خۆشی و ناخۆشیدا پێكه‌وه‌ن، چونكه‌ "ئه‌وان رێز له‌ ئایینه‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌گرن و ئێمه‌ش رێزا له‌وان ده‌گرین، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ كاره‌ساتی شنگالدا زۆر هاوكارییان كردین".

قه‌زای شه‌نگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ ئابی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و له‌ تشرینی دوه‌می 2015دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT