له قه‌زای خانه‌قین و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تری دیاله، پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی داده‌مه‌زرێت بۆ به‌دواداچونی كێشه‌كانی خه‌ڵك و ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تی هۆشیاركردنه‌وه، به تایبه‌ت له دیارده و مه‌ترسییه باوه‌كانی وه‌ك مادده‌ی هۆشبه‌ر.
پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی، كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقییه، شه‌ممه 12ی تشرینی یه‌كه‌م له خانه‌قین ده‌ستبه‌كاربون و له حه‌وت ناوچه‌ی دیكه‌ی پارێزگاری دیاله‌ش چالاكییان ده‌بێت.
سەروەر عەلی، جێگری بەرپرسی كۆڕبەندی پۆلیسی كۆمەڵگهیی لە خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "دامه‌زراندنی كۆڕبه‌ندی پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی بۆ دروستكردنی پەیوەندییه لە نێوان هاوڵاتیان و دامودەزگا حكومییەكاندا".
ئه‌ندامانی پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی، به‌وته‌ی سه‌روه‌ر به شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خش كارده‌كه‌ن، له نێو ئه‌واندا چالاكوانی مەدەنیش هه‌یه، كه رۆڵی نێوه‌ندگیر و تیمی هۆشیاری ده‌بینن.
"كار بۆ ئەوە دەكه‌ین كۆمەڵگه هۆشیار بكه‌ینه‌وه لە دیاردە نامۆ و خراپەكان؛ هەوڵی چارەسەر ده‌ده‌ین لە رێی دامودەزگا حكومییەكانهوه".
سه‌روه‌ر عه‌لی وتی هه‌نگاوی یه‌كه‌می چالاكییه‌كانیان له خانه‌قین هه‌ڵمه‌تی هۆشیارییه له ناوەندەكانی خوێندندا، له‌سه‌ر مه‌ترسی مادده هۆشبه‌ره‌كان و گێچه‌ڵی سێكسی.
له زۆرینه‌ی پارێزگا و ناوچه جیاوازه‌كانی عیراقدا، پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی دامه‌زراوه و له دوای شه‌ڕی داعشه‌وه، به هاوكاری رێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی زیاتر گرنگی پێدراوه، تا رۆڵیان هه‌بێت له پاراستنی ئاشته‌وایی.
رائید میقداد زوهێری، لێپرسراوی پۆلیسی كۆمەڵگهیی لە پارێزگای دیالە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئامانج لە پۆلیسی كۆمەڵگهیی دروستكردنی پردی پەیوەندییە لە نێوان هاوڵاتیان و حكومەتدا، بۆ بەدواداچونی كێشەكانی خه‌ڵك، جگه له‌وه‌ی ده‌بێته هانده‌ر بۆ نزیكبونه‌وه‌ی خه‌ڵك لە دەزگا ئەمنیەكان بەبێ ترس".
یه‌كێكی تر له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانیان، وه‌ك رائید میقداد باسیكرد، روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌ترسی مادده هۆشبه‌ره‌كان و دیارده خراپه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌یه له‌رێی هۆشیاركردنهوهوه، له‌وانه‌ش خراپ بەكارهێنانی ئینتەرنێت و كۆمەڵێك بواری جیاوازی تر.
له پارێزگای دیاله، جگه له خانه‌قین، پۆلیسی كۆمه‌ڵگه‌یی له مه‌نده‌لی، سه‌عدییه، جه‌له‌ولا، خاڵس، شاره‌بان و دوو كۆڕبهندیش له باقوبه دامه‌زرێنراون.