بەهاوەن بۆردومانی گوندێك كرا لە خانەقین
خەڵكەكەی ویستیان كۆچ بكەن، بەڵام هێزە ئەمنییەكان رێگرییان كرد

جەلیل رەمەزان، ئەنجومەنی گوندی رەمەزان کاکەیی گوللەیەكی هاوەنی بەدەستەوە گرتووە كە شەوی 14ی تشرینی یەكەم ئاراستەی گوندەكەیان كرا فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد - خانەقین

گوندی رەمەزان كاكەیی لە خۆرئاوای خانەقین لەلایەن ژمارەیەك چەكداریی نەناسراوەوە بە هاوەن بۆردومانكرا و خەڵكەكەی بە چەك روبەڕویان بونەوە.

روداوەكە شەوی رابردوو 14ی تشرینی یەكەم، رویدا و بووە جێی ناڕەزایی خەڵكی گوندەكە، بەهۆیەوە ویستیان كۆچ بكەن، بەڵام هێزە ئەمنییەكان بەڵێنیاندا بیانپارێزن و بۆ ئەو مەبەستەش خاڵێكی سەربازییان لە نزیك گوندەكە جێگیركرد.

جەلیل رەمەزان، ئەنجومەنی گوندی رەمەزان کاکەیی بە (كەركوك ناو)ی وت "بە هاوەن بۆردومانیان كردین، نازانین چەکداری نەناسراو بون یان داعش، ئێمەش خۆمان بەرگریمان لە ژیانمان كرد و شەڕمان كرد".

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تشرینی یەكەم، هێزە ئەمنییەكانی عیراق لەنێویاندا سوپا و حەشدی شەعبی، چونە گوندەكە، لەوكاتەی خەڵكەكە دەیانویست بە كۆمەڵ گوندەكە جێبهێڵن.

ئەوەش دوای ئەوە دێت دەیان گوند لە دوو ساڵی رابردودا لەخانەقین و لەترسی گروپی توندڕەو و چەكدارانی نەناسراو گوندەكانیان چۆڵكردووە.

ئەبو مستەفا عەمبەگی، فەرماندەی فەوجی دووی حەشدی شەعبی بە (کەرکوک ناو)ی وت "پێمانوایە چەكدارەكان داعش بون، بەهاوەنی 60ملم بۆردومانی گوندەکەیان کردووە، ئێمە هاتوین خەڵكی گوندەكە بپارێزین و فریایان بكەوین، بۆ ئەو مەبەستەش خاڵێكی سەربازی لە نزیک گوندەکە جێگیردەکەین و ناهێڵین هیچ خێزانێک جوڵە بکات".

xanaqen-1
خانەقین/15ی تشرینی یەكەم/ هێزە ئەمنییەكان گەیشتنە گوندی رەمەزان كاكەیی دوای ئەوەی بەهاوەن شەوی پێشتر بۆردومان كرا فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

لەو بۆردومانەدا ژیانی گوندنشینان سەلامەت بووە.

خەڵكی گوندەكە، بە (كەركوك ناو)یان وت، بەڵێنی هێزە ئەمنییەكانیان وەرگرتووە و لە جێهێشتنی گوندەكە پەشیمانبونەتەوە.

بەڵام داوایان كرد بەڵێنەكانیان ببەنەسەر و گوندنشینان پشتگوێنەخەن.

گوندی رەمەزان کاکەیی بەدوری 20کم دەكەوێتە رۆژئاوای خانەقین لەسەر روباری ئەڵوەند.

10 خێزان لەو گوندە دەژین و بە كشتوكاڵ و باخداریی و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT