راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، ئاشكرایدەكات كە سەرۆك وەزیرانی عیراق فەرمانی كردووە بە رادەستكردنەوەی بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی، كە لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك لێی نیشتەجێبون.
ئەو بڕیارە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی دانوستانەكانی هەرێم و ناوەند لەبارەی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك لەنێویاندا گەڕانەوەی پارتی دیموكرات و رادەستكردنەوەی بارەگاكانی. بەڵام ئەوە ناڕەزایی ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی عەرەبی بەدواداهات و ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تشرینی یەكەم، لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك خۆپیشاندانێكی فروانیان كرد.
محەمەد مزعل موختار، یەکێک بو لە خۆپیشاندەران بە (كەركوك ناو)ی وت "وەکو نەتەوەى عەرەب لە شارى کەرکوک داواکارین دۆسییەی ئەمنى هەر لای هێزە عیراقیەکان بێت، نامانەوێت دوو رۆژی تر هێزێکى ئەمنى بەناوى پاراستنى بارەگای حزبە کوردییەکان بێتە شارى کەرکوک و دەستوەردان بكات لە دۆسییەی ئەمنی".
"ئێمە چوار هەزار بێسەروشوێنمان هەیە لە بەندیخانەکانى هەرێمى کوردستان، داواکارین بە زوترین کات چارەنوسیان یەکلاییبکرێتەوە، هەروەها ناڕەزایی نیشاندەدەین لەوەی 180 گوندمان لەلایەن کوردەوە روخێنرا لەسەردەمی شەڕی داعش، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ کەرکوک ئەوە شەڕ لەنێوان نەتەوەکان دروستدەبێت"، ئەو هاوڵاتییە وایوت.
یەكێكی تر لە خۆپیشاندەران وتی "بڕیاروایە ئەم بارەگایە - فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان – بۆ پارتی چۆڵبكرێت، ئێمەش ناڕازین و دوو ساڵە بە ئاشتیی و بێكەوە دەژین".
بڕیاروایە ئەم بارەگایە - فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان – بۆ پارتی چۆڵبكرێت، ئێمەش ناڕازین و دوو ساڵە بە ئاشتیی و بێكەوە دەژین
پارتی دیموركاتی كوردستان لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كەركوكی جێهێشتووە و نەگەڕاوەتەوە، تەواوی بارەگاكانی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستیانبەسەردا گیراوە، لەنێویاندا بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوكی پارتی لە گەڕەكی شۆراو.
راکان سەعید، پارێزگارى کەرکوک بە وەکالەت، لەوبارەیەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "پێویستە ئەو بڕیارەی سەرۆك وەزیران هەڵبوەشێتەوە بە رادەستكردنەوەی ئەو بارەگایە، هەروەها حکومەتى ناوەندی لەڕێگاى دانیشتنەوە رێکكەوتن بکات و شوێنێکى دیکە بۆ بارەگای پارتی دەستنیشان بكات".
هەروەها وتی "چەند جارێک حکومەتى ناوەندیمان لەوە ئاگادارکردۆتەوە کە نابێت ئەو بارەگایە رادەستى حزبێکى سیاسى بکرێتەوە، بەڵام ئێمە وەکو ئیدارەى کەرکوک هەموو بڕیارەکانى حکومەتى ناوەندی جێبەجێدەکەین".
راكان سەعید زیاتر وتی "ئەو خۆپیشاندەرانە پاڵپشتی لە مانەوەی هێزە ئەمنییەكان دەكەن لەو بارەگایە و پاڵپشتی خۆیان بۆ هێزە ئەمنییەكان دوپاتدەكەنەوە".
لەبارەی بۆچونی ئەوان لە گەڕانەوەی پارتی دیموكرات بۆ كەركوك، راكان وتی "ئێمە رێگریمان لە هیچ حزبێکى سیاسى نەكردووە، بارەگاى دیکە هەیە لەناو شار دەتوانن لەوێ نیشتەجێببن".