ئەو بەرەبەیانەی گەڕەكی كۆماری كەوت
كوشتن و پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ لەشەڕی دوزخوماتوو

دوزخورماتوو/2018/ چەكدارێكی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لەناو شار

كەركوك ناو

هێرشی هێزه‌کانی سوپای عیراق بۆ سه‌ر قه‌زای دوزخورماتوو لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، کوژرانی چەند مه‌ده‌نییه‌کی لێکەوتەوە، لەگەڵئەوەشدا ماڵ و بازاڕی خێزانه‌ کورده‌کانی قه‌زاکه‌ روبه‌ڕوی سوتان و تاڵانکردن بونه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئه‌و به‌دواداچونانه‌ی که‌ تیمی رۆژنامه‌نوسانی (که‌رکوک ناو)، له‌چه‌ند رۆژی دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ر ئه‌نجامیاندا.

خێزانه‌ کورده‌کانی دوزخورماتوو له ‌کاتی به‌ڕێوه‌چوونی شه‌ڕێکی قورسدا له‌ نێوان هێزه‌ عیراقییه‌کان و هێزه‌کانی سه‌ر به‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ 16ی تشرینی یه‌که‌می 2017 (دووساڵ لەمەوبەر)، ماڵه‌کانیان له‌ دره‌نگانێکی شه‌ودا جێھێشت ‌بێئه‌وه‌ی هیچ له‌گه‌ڵ خۆیاندا ببه‌ن، له‌ ئێستادا گوزه‌رانیان خراپه‌ و له‌ ئاواره‌ییدا داوای هاریکاریی مرۆیی ده‌کەن.

شامیل مه‌حمود 65 ساڵ، ئه‌و شه‌وه‌ ئارامی لێهەڵگیرابوو، جارجار‌ ده‌هاته‌ به‌رپه‌نجه‌ره‌ی هه‌یوانی ماڵه‌که‌یی‌ و ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ژووره‌وه‌، ده‌یوت “گوێم له‌ ده‌نگی ته‌قه‌یه‌کی زۆر و هاوه‌ن ده‌بوو، ده‌مویست بزانم چی رووده‌دات! شاره‌که‌ جێبهێڵم یان بمێنمه‌وه‌‌".

"هاوه‌ن و قازیفه‌ یه‌‌ک له‌دوای یه‌ک له‌ گه‌ڕه‌که‌که‌مانی دەدا ‌و دوکه‌ڵ ئاسمانی ته‌نییبوو، ده‌توت کۆتایی دونیایه‌"، شامیل مه‌حمود دانیشتووی گه‌ڕه‌کی کۆماری ئه‌و شه‌وه‌ نه‌خه‌وت، چاوه‌ڕێی یه‌کلاییبوونه‌وه‌ی چاره‌نووسی شه‌ڕه‌که‌ی ده‌کرد.

شامیل وتی "ته‌قه‌کردن له‌ کاتژمێر 12ی شه‌و به‌ دواوه‌‌ ده‌ستیپێکرد، سه‌ره‌تا پێموانه‌بوو پێشمه‌رگه‌ بشکێت، چه‌ند کاتژمێرێک له‌ باره‌گا کوردییه‌کانه‌وه‌ به‌رگرییان ده‌کرد، به‌ڵام له‌پڕ کاتژمێر پێنج به‌ دواوه‌ هه‌موو شت گۆڕا و خه‌ڵک هه‌ڵات… نازانم چی روویدا… له‌ شه‌قامه‌کان به‌ چاوی خۆم ته‌رمم بینین که‌وتبوون، خه‌ڵک له‌ ترسی خۆی فریایان نه‌ده‌که‌وتن، له‌نێو گه‌ڕه‌کی خۆمانەوە ته‌قه‌مان لێده‌کرا".

ته‌قه‌كردن له‌ كاتژمێر 12ی شه‌و به‌ دواوه‌‌ ده‌ستیپێكرد، سه‌ره‌تا پێموانه‌بوو پێشمه‌رگه‌ بشكێت، به‌ڵام له‌پڕ كاتژمێر پێنج به‌ دواوه‌ هه‌موو شت گۆڕا و خه‌ڵك هه‌ڵات… نازانم چی روویدا

کاتژمێر شه‌ش و 10 خوله‌کی به‌یانی شامیل به‌ منداڵه‌کانی وت ده‌بێت دوزخورماتوو چۆڵبکه‌ن.

قه‌زای دوزخورماتوو که‌ یه‌کێکه‌ له‌ ناوچه‌کانی جێناکۆک له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، 16ی تشرینی یه‌که‌م، یه‌که‌م ناوچه‌ بوو که‌ به‌ ته‌واوی که‌وته‌ ده‌ست هێزه‌ عیراقییه‌کان، ئه‌وه‌ش له ‌دوای بڕیاری حه‌یده‌ر‌ عه‌بادی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات له‌و ناوچانە.

له‌وکاته‌ی شامیل ماڵه‌کەی له‌ گه‌ڕه‌کی کۆماری کوردنشین جێهێشت، بۆردومانه‌کان‌ چڕتر و رێگاکان قه‌ره‌باڵغتر دەبوون، شامیل ده‌ڵێت "که‌ له‌ماڵ ده‌رچووین ته‌قه‌یان لێ ده‌کردین، هیوای ده‌ربازبوون که‌مبوو، له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار به‌یه‌ک سه‌عات یه‌ک کیلۆمه‌تر رێگامان بڕی، ده‌نگی دۆشکه ‌و هاوه‌ن و دوکه‌ڵی شه‌ڕ ئاسمانی شاره‌که‌ی داپۆشیبوو، کوێرانه‌ به‌ چه‌کی قورس له‌ گه‌ڕه‌که‌ کوردییه‌کان ده‌درا و خه‌ڵک ده‌کوژرا، له‌ دڵی خۆمدا وتم ئه‌مه‌ ئه‌و رۆژه‌یه‌ ده‌مرین".

xanw-2

دوزخورماتوو/ 16ی تشرینی یه‌كه‌م/ سوتانی خانووی هاوڵاتییه‌ك‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی قایمقامیه‌تی دوزخورماتوو

ئامینە حسێن دانیشتووی هه‌مان گەڕەک، که‌ ئێستا ئاواره‌ی ناحییه‌ی زنانه-یه‌‌ زیاتر له‌ 22کم خۆرهه‌ڵاتی دوزخورماتوو. وتی “هێزه‌ کوردییه‌کان تا کاتژمێر یه‌ک وتیان هیچ نییه‌، دواتر شه‌ڕ ده‌ستیپێکرد و ئێمه‌ به‌ر له‌ خۆرهه‌ڵاتن شارمان جێهێشت… به ‌چاوی خۆم ته‌رمی مه‌ده‌نیی و هێزه‌ ئه‌منییه‌کانم بینی له‌ کۆڵان و سه‌ر شه‌قامه‌کان".

به‌یانی 16ی تشرینی یه‌که‌م دانیشتووانه‌ کورده‌کەی قه‌زای دوزخورماتوو و ئه‌و هێزانه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌وێ بوون قه‌زاکه‌یان جێهێشت، هه‌ندێک خه‌ڵک که‌ بۆ رزگارکردنی هه‌ڵاتووه‌کان و رێگری له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی عیراق چه‌کیان هه‌ڵگرتبوو ئه‌وانیش هه‌ڵاتن.

سامی ئه‌حمه‌د که‌ خاوه‌نی چوار منداڵ بوو‌، یه‌کێک بووه‌ له‌و کەسانه‌ی ئەو رۆژه‌ له‌ به‌رده‌م ماڵه‌که‌یدا له‌ دوزخورماتوو کوژرا.

خه‌وله‌ مه‌جید (31 ساڵ) هاوژینی سامی، به‌(که‌رکوک ناو)ی وت “مێرده‌که‌م له‌ ده‌وروبه‌ری کاتژمێر پێنجی به‌یانی کاتێک ده‌نگی ته‌قه‌ زۆر بوو چووه‌ به‌ر ده‌رگا و له‌پڕ هاوار له‌ گه‌ڕه‌ک به‌رزبۆوه ‌و وتیان سامی کوژرا".

مێرده‌كه‌م له‌ ده‌وروبه‌ری كاتژمێر پێنجی به‌یانی كاتێك ده‌نگی ته‌قه‌ زۆر بوو چووه‌ به‌ر ده‌رگا و له‌پڕ هاوار له‌ گه‌ڕه‌ك به‌رزبۆوه ‌و وتیان سامی كوژرا

خه‌وله‌ وتی "سامی چه‌کی پێنه‌بوو… له‌وکاته‌دا خو‌شکێکم که‌ ئۆتۆمبێلیان هه‌یه‌ به‌ په‌له‌ هاته‌ ژووره‌وه‌ و وتی خێراکه‌ ده‌بێت ئێره‌ جێبهێڵێن”، زیاتر وتیشی “ته‌رمی مێرده‌که‌مم بینی که‌وتبوو، به‌ڵام ناچاربووم جێیبهێڵم بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی چوار منداڵه‌که‌م بپارێزم خێرا چووینه‌ ناو ئۆتۆمبیلەکە و رامانکرد".

منداڵه‌کانی خه‌وله‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان چوار ساڵ بۆ 10 ساڵ بوو، دووانیان نه‌خۆش که‌وتوون و دایکیان به‌ تیمی (که‌رکوک ناو)ی وتووه‌ سه‌رمایان بووه‌. هاوکات، وتیشی چه‌ند رۆژێکه‌ داوای باوکیان ده‌که‌ن، چونکە هێشتا پێینه‌وتوون له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌.

خه‌وله‌ 17ی مانگدا گه‌و‌ڕێکی به‌خێوکردنی ئاژه‌ڵی له‌ گوندی (ساله‌ی بان)ی نزیک ناحیه‌ی زنانه‌ خاوێنکرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانی تیایدا ده‌ژی، وتی “مێرده‌که‌م له‌ده‌ستدا، ده‌ڵێن ماڵه‌که‌شیان سوتاندوین، تەنیا ده‌مه‌وێت مناڵه‌کانم برسییان نه‌بێت".

duzxwrmatw-1

دوزخورماتوو/ 16ی تشرینی یه‌كه‌م/ دوكه‌ڵی شه‌ڕ له‌ ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو فۆتۆ: دڵشاد ئه‌نوه‌ر

 

بە‌گوێرەی ئاماره‌کانی ئیداره‌ی دوزخورماتوو که‌ به‌ (که‌رکوک ناو) دراوه‌، 200 خانووی هاوڵاتیان و 100 دوکان و کۆگا له‌ گه‌ڕه‌کی کۆماری قه‌زاکه‌ سوتێنراون یان تاڵانکراون، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا، 50 خانوی لێپرسراوانی کورد و پێشمه‌رگه ‌و چه‌کداره‌ خۆبه‌خشه‌کان ته‌قێنراونه‌ته‌وە.

(که‌رکوک ناو) قسه‌ی له‌گه‌ڵ نزیکه‌ی 10 خێزانی هه‌ڵاتووی دوزخورماتوو کردووه‌، هه‌موویان جه‌ختیان له‌وه‌ده‌کرده‌وه‌ که‌ به‌چاوی خۆیان پێشێلکاریی جۆراوجۆریان له‌ تاڵانکردن، کوشتن، سوتاندن بینیووه‌.

"11 کوژراوی پۆلیسی به‌رگری فریاکه‌وتنی سه‌ر به‌ حکومه‌تی هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ هه‌بووه‌"، محه‌مه‌د فایه‌ق، لێپرسراوی راگه‌یاندنی قه‌زاکه‌ وای وت، به‌ڵام ره‌تیکرده‌وه‌ مه‌ده‌نی کوژرابێت، ته‌نیا وتی “چوار بێسه‌روشوێن هه‌ن‌ و نازانین چییان به‌سه‌ر هاتووه‌".

هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبیی سه‌ر به‌ حکومه‌تی عیراق له‌ دووه‌م رۆژی دوای شه‌ڕی دوزخورماتوو 37 دیلیان ئازادکرد.

ره‌شید عه‌بدولڕه‌حمان (50ساڵ)، که‌ دوکانی فرۆشتنی وشکه‌ی هه‌بوو له‌ دوزخورماتوو، وتی "هێشتا له‌ نێو قه‌زاکه‌دا مابووم به‌ چاوی خۆم بینیم هه‌ندێک خه‌ڵک دوکانه‌که‌یان شکاندم و ئه‌وه‌ی بردیان بردیان، دواتر ئاگرییان تێبه‌ردا، بڕوابکه‌ به‌ پێی په‌تی رامکرد".

دوکانه‌که‌ی ره‌شید له‌نێو گه‌ڕه‌کی کۆمارییدا بوو که‌ گه‌وره‌ترین گه‌ڕه‌کی کوردنشینی قه‌زاکه‌یه‌ و وتی "نزیکه‌ی به‌ به‌های 30 هه‌زار دۆلار خۆراکی تێدابوو".

ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه‌ عه‌تاف نه‌جار، لێپرسراوی ڕێکخراوی به‌در له‌ دوزخورماتوو 18ی تشرینی یه‌که‌م داوایه‌کی ئاڕاسته‌ی هاوڵاتیانی دوزخورماتوو کرد تا‌ واز له‌ تاڵانی بهێنن.

عەلی هاشم حوسەینی، وتەبێژی هێزه‌کانی حەشدی شەعبی لە دوزخورماتوو، به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "هه‌موو ئاماره‌کان راست نین، به‌ڵام به‌شێک له‌ ماڵ و بازاڕه‌کان به‌هۆی  بۆردومانه‌کانه‌وه‌ سوتاون، هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌ش بۆردومانی گه‌ڕه‌که‌ تورکمانه‌کانی کردووه‌ و خه‌ڵکی تورکمان بۆته‌ قوربانی".

لەگەڵئەوەشدا، رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ 19ی تشرینی یه‌که‌م، گروپه‌ چه‌کداره‌کانی تۆمه‌تبارکرد به‌ سوتانی نزیکه‌ی ١٥٠ ماڵ و ته‌قاندنه‌وه‌ی ١١ خانوی تر له‌ دوزخورماتوو.

له‌ 17ی تشرینی یه‌که‌م، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق دانی به‌وەدا‌نا که‌ پێشێلکاری له‌ دوزخورماتوو کراوه‌ و وتی "فه‌رمانی توندم داوه‌ به‌ده‌ستگیرکردنی هه‌ر که‌سێک مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی ناوخۆیی دروستده‌کات و هێرشده‌کاته‌ سه‌ر هاوڵاتیان و ماڵ و حاڵیان".

فه‌رمانی توندم داوه‌ به‌ده‌ستگیرکردنی هه‌ر که‌سێک مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی ناوخۆیی دروستده‌کات و هێرشده‌کاته‌ سه‌ر هاوڵاتیان و ماڵ و حاڵیان

60 هه‌زار کورد له‌ قه‌زای دوزخورماتوو ده‌ژین، له‌ کۆی 180 هه‌زار دانیشتوی شارەکە، تورکمان و عه‌ره‌ب هاوشانی کورد پێکهێنه‌ری سه‌ره‌کی دانیشتووانه‌که‌ین، دوزخورماتوو یه‌کێکه‌ له‌ ناوچه‌کانی جێناکۆک له‌ نێوان هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی عیراق و خاوه‌ندارێتی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ جێبه‌جێکردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراق.

ئه‌و گه‌ڕه‌کانه‌ی زیانیان پێگه‌یشتووه‌ سێ گه‌ڕه‌کی کوردنشین و دوو گه‌ڕەکی تێکه‌ڵن له‌ نێوان کورد و تورکماندا، قه‌زاکه‌ له‌ 16 گه‌ڕه‌ک پێکدێت.

شه‌لال عه‌بدول، قایمقامه‌ کورده‌که‌ی دوزخورماتوو له‌ رۆژی هێرشه‌که‌وه‌ چه‌ند جارێک رایگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌وان به‌هۆی نابه‌رابه‌ری هێزه‌وه‌ شکاون، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی به‌شێک له‌ هێزه‌ عیراقییه‌کان له‌ که‌رکوک نزیکبوونه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش كشاونەتەوە. شه‌لال خۆی قه‌زاکه‌ی جێهیشتووه‌ و حکومه‌تی عیراق قایمقامێکی به‌ وه‌کاله‌تی له‌ جێی دانا.

یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان که‌ هێزی یه‌که‌می کوردی بوو له‌ ناوچه‌که‌، داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەکات لەبارەی روداوەکانی دوزخورماتووەوە‌ و ئاشکرایدەکات، “دەیان هاوڵاتی لەو قەزایە کوژراون‌ و زیاتر لە دوو هەزار ماڵیش سوتێنراون”.

ئەو داوایەی یەکێتی، لە بەیاننامەیەکی مەکتەبی سیاسی حزبەکەدا هات که‌ چوارشەممە 25ی تشرینی یەكەم ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان ‌و رایگشتی کراوە ‌و تێیدا ئاماژە بەوەکراوە دوزخورماتوو "کەوتۆتە بەردەم رقێکی تایفەگەرییەوە، هەزاران خێزان ئاوارەکراون... دەیان هاوڵاتی شەهید کراون، جگە لە بێسەروشوێنکراوان لەناوچەکەداو سوتاندنی زیاتر لە دوو هەزار ماڵ".

هه‌روه‌ها هۆشداریدەدات ئەگەر نەتەوەیەکگرتوەکان ‌و حکومەت ‌و پەرلەمانی عیراق‌ و ئەمریکا فریانەکەون، "ئەم ئاگرە تایفییە مەترسی جینۆسایدکردنی کوردی لەو ناوچەیە لێدەکەوێتەوە".

جومعە مه‌حه‌مه‌د ساڵەیی، یه‌کێکی تره‌ له‌و ئاوارانه‌ی که‌ قسه‌ی بۆ تیمی رۆژنامه‌نووسانی (که‌رکوک ناو) کردووه‌، ده‌ڵێت "خه‌ڵکی دوزخورماتوو‌ زۆر ترساون، گه‌ڕانه‌وه‌یان ئاسان نییه‌، لانیکه‌م دیانه‌وێت لێرە هاوکاریی بکرێن و شوێنیان بۆ دابینبکرێت".

ئەم بنكۆڵكارییەی (كەركوك ناو)، لە ساڵی 2017 و لەلایەن تیمێك لە رۆژنامەنوسانی (كەركوك ناو)، لە نێویاندا (ژینۆ خه‌لیل، عه‌لی مه‌حمود و له‌یلا ئه‌حمه‌د) ئامادەكراوە، لە دووەم ساڵیادی ئەو روداوەدا جارێكی تر وەكو خۆی بڵاودەكرێتەوە

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT