خوێندنگه‌كانی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا له‌ هه‌رێمی كوردستان داده‌خرێن

هه‌ولێر، خوێندنگه‌یه‌كی سه‌ر به‌ په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا بۆ ئاواره‌كان فۆتۆ: راگه‌یاندنی په‌رله‌مانتار شێروان دوبه‌ردانی

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

په‌روه‌رده‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا، نوێنه‌رایه‌تیی و خوێندنگه‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان داده‌خات كه‌ سه‌دان خوێندكاری ئاواره‌ تێیدا ده‌خوێنن، ئه‌وه‌ش به‌ ئامانجی هاندانی مامۆستا و خوێندكاران تا بگه‌ڕێنه‌وه‌.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا له‌رێی وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقه‌وه‌، هه‌وڵده‌دات ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییانه‌ی دابخات كه‌ پێشتر و له‌ سه‌روبه‌ندی ئاواره‌بونی خه‌ڵكدا به‌هۆی داعشه‌وه‌، له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان كردیه‌وه‌.

نه‌واف مه‌هدی، لێپرسراوی به‌شی میلاكات له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێویستیمان به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مامۆستا هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت بۆ ناوه‌ندی نه‌ینه‌وا، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و مامۆستایانه‌ی ئێستا له‌ كه‌مپه‌كان ده‌وام ده‌كه‌ن سودێكی زۆری بۆ ئێمه‌ ده‌بێت، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا خوێندنگه‌كانی كه‌مپیش بێ مامۆستا ده‌مێننه‌وه".

به‌وته‌ی مه‌هدی، له‌و بڕوایه‌دا نییه‌ بۆ ئه‌مساڵ بڕیاری داخستنی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی په‌روه‌رده‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ڵام پێداچونه‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆ رێكخستنه‌وه‌ی دانانی مامۆستایان، چونكه‌ له‌ هه‌ندێك كه‌مپ ژماره‌ی مامۆستاكان زۆرن و هاوسه‌نگی نییه‌.

پرۆسه‌ی خوێندن له‌ شاری موسڵ و ته‌واوی پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ 30ی ئه‌یلوله‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و به‌هۆی لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی دژ به‌ داعش، هێشتا كه‌رتی په‌روه‌رده‌ به‌ ده‌ست چه‌ندین كێشه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت له‌ نێویاندا كه‌می مامۆستا.

alotn-fy-bab-lksh-balsahl-alaymn-llosl
موسڵ، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌ی وه‌ته‌ن له‌ ناوچه‌ی باب لكش له‌ به‌ری راستی موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سه‌یدو حسێن، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو )ی وت "ئاگادارین هه‌وڵێكی چڕ هه‌یه‌ له‌ به‌غدا و موسڵ تا هه‌موو خوێندنگه‌كانی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا له هه‌رێمی كوردستان دابخرێن، ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌ نێویاندا مامۆستایان بۆ زێدی خۆیان و ئه‌و خوێندنگه‌یانه‌ی پێش داعش ده‌وامیان تێدا ده‌كرد".

"به‌بڕوای ئێمه‌ ئه‌وه‌ بابه‌تێكی سیاسییه‌ و زیاتر بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانه‌ تا ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌ ناوچه‌كانی خۆیاندا به‌شداری ده‌نگدان بكه‌ن".

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌ن جه‌ختیكرده‌وه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی ئه‌و هه‌وڵه‌ ده‌وستینه‌وه‌ و رێگاناده‌ین ببێته‌ بڕیاری كۆتایی، چونكه‌ زیانێكی زۆر ده‌گه‌یه‌نێت به‌ خوێندكاران.

به‌پێی ئاماره‌كانی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، ته‌نیا پارێزگای دهۆك زیاتر له‌ 600 هه‌زار ئاواره‌ی شنگال و نه‌ینه‌وا به‌ گشتی هه‌یه‌، له‌ نێویاندا 100 هه‌زار خوێندكار، له‌گه‌ڵ هه‌زار و 500 مامۆستای په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا كه‌ له‌ هه‌رێم وانه‌ به‌و خوێندكارانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له‌ 700 ئاواره‌ی ناوخۆیی هه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌یان خه‌ڵكی نه‌ینه‌وان، به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

عه‌نان مهێدی سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی شنگال سه‌ر به‌ به‌رێوه‌به‌ڕایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "قسه‌ هه‌یه‌ بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر داخستنی په‌روه‌رده‌كانی نه‌ینه‌وا بدرێت له‌ هه‌رێم به‌ڵام هیچی فه‌رمی به‌ ئێمه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ و له‌م بارودۆخه‌شدا قورسه‌ بڕیاره‌ جێبه‌جێبكرێت، چونكه‌ زۆرێك له‌ ئاواره‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌".

به‌پێی ئاماره‌كانی په‌روه‌رده‌ی شنگال، زیاتر له‌ 80 هه‌زار خوێندكاریان هه‌یه‌ له‌ پارێزگاكانی دهۆك، هه‌ولێر و ناوچه‌كانی تری هه‌رێم ده‌وام ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ سێ هه‌زار مامۆستادا.

"له‌ جیاتی ئه‌م بڕیاره‌ پێویسته‌ رێگه‌ بۆ ئاواره‌كان خۆشبكرێت تا بگه‌رێنه‌وه" عه‌دنان مهێدی واده‌ڵێت.

سێ ساڵ له‌ شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی موسڵ، كه‌رتی په‌روه‌رده‌ی له‌و سنوره‌دا خستۆته‌ به‌رده‌م چه‌ندین ته‌حه‌دی و چاره‌سه‌ری ئه‌و بارودۆخه‌ش به‌بڕوای شاره‌زایانی په‌روه‌رده‌یی، كاتی ده‌وێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT