پارتی كاتی گەڕانەوەی بۆ كەركوك دیاریدەكات

كەركوك/بارەگایەكی پارتی دیموكرات دوای چۆڵكردنی فۆتۆ: كەركوك ناو

كاروان ساڵحی – كەركوك

محەمەد خورشید، لێپرسراوی لقی كەركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایدەگەیەنێت كە یەكێك لەو خاڵانەی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی لەسەری رێككەوتون رادەستكردنەوەی بارەگاكانیانە لە كەركوك. هاوكات لەگەڵ ئەو هەوڵەشدا دەڵێت بارەگایەكیان لەو شارە سوتێنرا. بەڵام پەیامنێری (كەركوك ناو) چووە بەردەم بارەگاكە و جەختیكردەوە هیچ شوێنەوارێكی ئاگركەوتنەوە نەبووە.

محەمەد خورشید، بە (كەركوك ناو)ی وت "حکومەتى هەرێمى کوردستان لە گفتۆگۆدایە لەگەڵ حکومەتى ناوەندى بۆ ئاساییکردنەوەى بارودۆخى شاری كەركوك، یەكێك لەو خاڵانەش کە پەیوەستە بەو بابەتانەوە چۆڵكردنی بارەگاكانمانە".

"ئەوە بڕیاری حکومەتى ناوەندییە و دەبێت بارەگاكانمان چۆڵبکرێت، بەڵام کەسانى توندڕەو دەیانەوێت رێگربن لەئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و دەستكەوتی شەخسی خۆیان مەبەستە"، محەمەد خورشید وایوت.

بڕیاری رادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتی لە كەركوك بە بڕیاری حكومەتی عیراق، ناڕەزایی ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی عەرەبی بەدواداهات و سێشەممە 15ی تشرینی یەكەم، لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك خۆپیشاندانیان كرد.

راکان سەعید، پارێزگارى کەرکوک بە وەکالەت، لەوبارەیەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "پێویستە ئەو بڕیارەی سەرۆك وەزیران هەڵبوەشێتەوە بە رادەستكردنەوەی ئەو بارەگایە، هەروەها حکومەتى ناوەندی لەڕێگاى دانیشتنەوە رێکكەوتن بکات و شوێنێکى دیکە بۆ بارەگای پارتی دەستنیشان بكات".

هەروەها وتی "چەند جارێک حکومەتى ناوەندیمان لەوە ئاگادارکردۆتەوە کە نابێت ئەو بارەگایە رادەستى حزبێکى سیاسى بکرێتەوە، بەڵام ئێمە وەکو ئیدارەى کەرکوک هەموو بڕیارەکانى حکومەتى ناوەندی جێبەجێدەکەین".

xopeshandann
كەركوك/15ی تشرینی یەكەم/ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی عەرەب دژی بڕیاری رادەستكردنەوەی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك بە پارتی دیموكرات فۆتۆ: كەركوك ناو

 

لەبارەی بۆچونی ئەوان لە گەڕانەوەی پارتی دیموكرات بۆ كەركوك، راكان وتی "ئێمە رێگریمان لە هیچ حزبێکى سیاسى نەكردووە، بارەگاى دیکە هەیە لەناو شار دەتوانن لەوێ نیشتەجێببن".

بەڵام محەمەد خورشید رەتیكردەوە وەڵامی قسەكانی راكان سەعید بداتەوە و تەنیا وتی "هەركاتێك بەشێك لە خاڵەکانمان جێبەجێبکرێت لەنێویاندا چۆڵكردنی بارەگاكانمان، ئەوكات دەگەڕێینەوە".

بارەگاكانی پارتی لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە لە كەركوك چۆڵكران و بەشێكی زۆریان هێزە ئەمنییەكان لێی نیشتەجێن. لەنێویاندا بارەگای سەركردایەتی و ئاسایش.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT