كێشه‌ی زه‌وی گه‌یشته‌ پێكداهه‌ڵپژان
ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار له‌ روداوه‌كانی داقوق ده‌كۆڵنه‌وه‌

داقوق/25ی ئابی 2019/ پاشماوەی زنجیرەیەك روداوی ئەمنی، بەهۆیەوە شەش مەدەنی كوژران فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

كه‌ركوك ناو

ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیانی دوو گوندی داقوق، دوای مشتومڕ و ده‌مه‌قاڵییه‌كی توند پێكداهه‌ڵده‌پژێن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ناكۆكی له‌سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانه‌وه‌ كه‌ ساڵانێكه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و له‌ دوایین سه‌ردانیشدا، وه‌فدێكی په‌رله‌مانتارانی عیراق جارێكیتر به‌ڵێنی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان داوه‌.

روداوه‌كه‌ ئێواره‌ی 15ی تشرینی یه‌كه‌م بووه‌، له‌ نێوان ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی هه‌ردوو گوندی مه‌نسور و ئه‌لبوسه‌راج عه‌سرییه‌ له‌ قه‌زای داقوق، به‌هۆی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی یه‌كتریشه‌وه‌ سێ كه‌س برینداربون.

محه‌مه‌د ئیبراهیم، ئه‌نجومه‌نی گوندی مه‌نسور به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "عه‌ره‌بی هاورده‌ رێناده‌ن زه‌وییه‌كانمان بكێڵین و هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌رمان، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ دوو ساڵه‌ هه‌موو لێپرسراوانمان ئاگاداركردۆته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك كۆماریشه‌وه‌ به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه‌".

به‌وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كانی ئه‌و روداوه‌، له‌ پێكداهه‌ڵپژانی هه‌ردولادا، سێ هاوڵاتی عه‌ره‌ب برینداربون و بۆ چاره‌سه‌ر ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراون.

لوقمان محه‌مه‌د، جوتیارێكی سنوره‌كه‌یه‌ و ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ره‌تا هێرشیانكردووه‌، "چه‌كیان پێ بوو، ئه‌وان عه‌ره‌بی هاورده‌ن له‌ سنوره‌كه‌دا و ئێمه‌ زه‌وی باووباپیرانمانه‌".

hezwafd
كەركوك/28ی ئابی 2019/وەفدێكی سەرۆكایەتی كۆمار لەكاتی سەردانی خاڵە سەربازییەكان لە داقوق فۆتۆ: كەركوك ناو

سوپای عیراقی، كه‌ له‌ جێی پۆلیسی فیدراڵی دۆسیه‌ی ئه‌منی سنوره‌كه‌ی گرتۆته‌ده‌ست، له‌گه‌ڵ گه‌یشتی به‌ شوێنی رووداوه‌كه‌وه‌ چه‌ند هاوڵاتییه‌كی ده‌ستگیركردووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ داقوق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "سوپا پێنج هاوڵاتی عه‌ره‌بی ده‌ستگیركرد به‌ تۆمه‌تی هێرشكردنه‌ سه‌ر گوندی مه‌نسور و راده‌ستی ئێمه‌ی كردووه‌، له‌گه‌ڵ دوو چه‌كدا كه‌ پێیان بووه‌".

له‌ ئێستادا هه‌ردوولای كێشه‌كه‌، جوتیارانی كورد و عه‌ره‌ب، سكاڵای یاساییان دژی یه‌كتری تۆماركردووه‌.

دوابه‌دوای ئه‌و روداوه‌كه‌ و بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كێشه‌كانی داقوق، به‌ تایبه‌ت چاره‌نوسی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان؛ وه‌فدێكی په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی سنوره‌كه‌دا كۆبونه‌ته‌وه‌.

جوان ئیحسان، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ بۆ به‌دواداچونی كۆمه‌ڵێك كێشه‌یه‌، تا بتوانین له‌ رێی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌وه‌ یان رێگه‌كانی تر چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ دۆزینه‌وه‌، له‌ نێویاندا دۆسیه‌كانی ئه‌منی و كێشه‌ی زه‌وی و زار".

زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی چه‌ند گوندێكی داقوق، پێشتریش بۆ چه‌ندجارێك بونه‌ته‌ جێی بارگرژیی و مشتومڕی خەڵک‌ و لێپرسراوان دەربارەی خاوەندارێتییان، بەوتەی کورد لەژێر فشاردا هەوڵی دەرکردنیان دەدرێت، لەکاتێکدا عەرەب بە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیانی دەزانن.

"له‌م سنوره‌دا كێشه‌ی ئه‌منی زۆره‌ و له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ فشارێكی زۆر كراوه‌ته‌ سه‌ر كورد"، به‌وته‌ی ئیحسان هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان ده‌ده‌ن، ئه‌و راپۆرتانه‌ی پێیاندراوه‌ راده‌ستی سه‌رۆكوه‌زیرانی ده‌كه‌ن.

daququq
كه‌ركوك، ئازاری 2019، گوندێكی كاكه‌یی نشین له‌ سنوری قه‌زای داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

راكان سه‌عید جبوری، له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، كه‌ له‌دوای "ئۆپه‌راسیۆنی سه‌پاندنی یاسا" له‌ 16ی تشرینی یه‌كه‌می 2017 كرایه پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، ژماره‌یه‌ك بڕیاری یه‌كله‌دوای یه‌كی له‌ ساڵی 2018دا ده‌ركردوه‌ كه‌ تیایدا یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی قه‌زا و ناحییه‌كانی كه‌ركوك و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئاگادارده‌كاته‌وه‌ ‌كارئاسانی بكه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌ عه‌ره‌به‌كان.

نه‌جات شێخ موكه‌ره‌م، كه‌سایه‌تی ناوچه‌ی تاڵه‌بانی له‌ داقوق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "گلەییمان زۆره‌، چونكه‌ تائێستا هیچ چارەسەرێك بۆ كێشە و گرفتەكانمان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، سه‌رباری چه‌ندین سه‌ردانی وه‌فدی په‌رله‌مانتاران".

خه‌ڵكی قه‌زای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك)، به‌ تایبه‌ت گونده‌ كاكه‌یی نشینه‌كان، له‌ هه‌فته‌كانی پێشرتدا زیاد له‌ جارێك سه‌ردانی لێپرسراوانی باڵای عیراقیی له‌ نێویاندا سه‌رۆك كۆماریان كردووه‌، وه‌فدی سه‌رۆكایه‌تییه‌كان و یونامییش چونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌، سه‌رباری به‌ڵێنی چاره‌سه‌ر، به‌ڵام زۆرێك له‌ كێشه‌كانیان وه‌ك خاوه‌ی ماوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ به‌ ئومێدی ئه‌وه‌وه‌یه‌؛ له‌رێی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیانه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی یاسایی، "تا كەمێك لە ئازار و نەهامەتی هاوڵاتیانی ئەم سنورە كەمبكەنەوە".

قەزای داقوق، بۆ چه‌ند ساڵێك زۆربه‌ی سنوره‌كه‌ی سه‌نگه‌ری شه‌ڕ بوو دژ به‌ داعش و دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌وته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT