"منداڵانی خوار تەمەن سێ ساڵمان بەبێ نان و ئاو لە چۆڵەوانییەك جێدەهێشت بۆ ئەوەی بمرن، لەولاوە لەناو خانوییەكدا دەستدرێژی سێكسیمان دەكردنە سەر دایكیان"، ئەمە بەشێكە لە دانپێدانانی چەكدارێكی داعش، كە ئەبو سەراقی خوێنڕێژ ناوی دەهێنرێت و بەشداربووە لە كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان.
ئەو دانپێدانانە ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی تشرینی یەكەم لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراقەوە بڵاوكرایەوە، تیایدا ئەبو سەراق داندەنێت بەو تاوانانەی كردویەتی لەنێویاندا بەرامبەر ئێزیدییەكان و كوشتنی بە كۆمەڵ.
بەشداریكردنی ئەبو سەراقی (30ساڵ) لە هێرشكردنە سەر ناوچە ئێزیدینشینەكان لە بەرەبەیانی 3ی ئابی 2014، بەپێی بەرنامەیەكی داعش بوو كە تیایدا بەبێ چەك ناوچەكانیان كۆنترۆڵكرد لەژێر دەستی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان.
ئەنجومەنی دادوەری، ئەبو سەراق بە یەكێك لە "خوێنڕێژترین چەتەكانی داعش"، ناودەبات، كە بە هەوڵی هەواڵگریی عیراق و سەرپەرشتی دادوەری لێكۆڵینەوەی نەینەوا تایبەت بە دۆسییەكانی تیرۆر دەستگیركراوە.
بەشداری ئەبو سەراق لە شەڕی شنگال
لە ئابی 2014، فەرمانێك دەگاتە ناوچەی جەزیرە لە قەزای حەزر، تیایدا ئەبو سەراق و 14 چەكداری تر دیاریدەكرێن بۆ شەڕكردن لە قەزای شنگال.
"پلانەكە وابوو سەعات سێی بەرەبەیان، هێرشبكەینە سەر كۆمەڵگەی قەحتانییە كە ئێزیدییەكان لێ نیشتەجێ بون. لە هەموو شەڕەكەدا 200 چەكداریی داعش بەشداربون"، ئەوەش بەپێی دانپێدانانەكان كە تیایدا ئەبو سەراق دەڵێت "چەكی جۆراوجۆرمان پێبوو، لەگەڵ بەرەبەیاندا بەبێ روبەڕوبونەوە چوینە ناو كۆمەڵگەی قەحتانییە".
كۆمەڵگەی قەحتانییە (گرعوزێر)، دەكەوێتە باشوری رۆژئاوای شنگال بەدوری 35كم.
لەیەكەم هەنگاوەكانیاندا، ئەبو سەراق دەڵێت كچانی گەنجی ئێزیدییان كردۆتەوە كۆیلە، "هەر لەوێ كوڕانی گەنج، پیاوان و ژنانی بە تەمەن، لەگەڵ ئەو منداڵانەی لە سێ ساڵ بەرەو سەرەوە بون، هەمویان كوژران كە ژمارەیەكی زۆر ئێزیدی بون، بەوانەشەوە كە لەشەقامەكاندا بردمانن".
بەڵام لەبارەی منداڵانی خوار تەمەن سێ ساڵ، ئەبو سەراق لە دانپێدانانەكاندا دەڵێت "بەبێ نان و ئاو لە چۆڵەوانییەك بەجێمانهێشتن بۆ ئەوەی لەوێ بمرن، لەكاتێكدا دایكەكانمان وەكو كۆیلە دەبرد و لەولاوە لەناو خانویەك دەستدرێژی سێكسیمان دەكردنە سەر"، ئەوەش وەك خۆی دەڵێت بەپێی فەرمانی كەتیبەكەی بووە.
هەروەها وتی "ئەو كچانەی بە كۆیلە گیرابون، دابەشدەكران بەسەر ئەندامانی داعشدا، تاوەكو دەستدرێژی سێكسیان بكرێتە سەر".
دوای ئەو شەڕە ئەبو سەراق، لە شنگالەوە بۆ بەشداریكردن لە شەڕێك بۆ قەزای بێجی، دەگوازرێتەوە.
ژیانی ئەبو سەراق
ئەبو سەراق لەدایكبوی ساڵی 1989ی دایك و باوكێكی عیراقییە، بەر لە سەرهەڵدانی داعش لە گوندی موختەری ناحیەی محلەبییە لە نەینەوا نیشتەجێبووە و كاسب بووە.
لە 2ی ئەیلولی 2014 پەیوەندی بە ریزەكانی داعش كردووە و وەك خۆی دەڵێت بڕوای بە بیروباوەڕیان هەبووە.
"سەرەتا چۆتە بارەگایەكی داعش لە ناوچەی جەزیرە لە قەزای حەزر لە نەینەوا، لەوێ لەسەر دەستی سەركردەیەكی داعش بەناوی ئەبو ئەنمار بەیعەتی داوە و چۆتە ریزەكانیانەوە"، ئەوەش بەپێی دانپێدانانەكانی كە ئەنجومەنی دادوەری عیراق بڵاویكردۆتەوە.
ئەبو سەراق كە ناسناوەكەیەتی، لەگەڵ پەیوەندیكردنی بە داعش چۆتە خولی شەرعی و سەربازیی لە هەمان ناوچە، دواتر بۆ ماوەی 15 رۆژ راهێنانی لەسەر چەكی جۆری كڵاشینكۆف كردووە.
هەروەها 20 رۆژیش لەسەر دۆشكە و قازیفە راهێنانی پێكراوە و لە خولەكاندا وانەی ئایینی و شەرعی و تەفكیریی پێ وتراوەتەوە.
دوای بینینی خول و راهێنانەكان، ئەبو سەراق لە دیوانی بەسەربازیكردن لە ویلایەتی دیجلە دەستبەكاربووە و چەكێكی كڵاشینكۆف و سێ كۆگای پڕ لە كەسەرەتی سەربازیی خراوەتە لێپرسراوێتییەوە.
"لەوكاتەدا جلی سەربازیی داعشم لەبەر كرد و ناسناوی ئەبو سەراقەم پێبەخشرا"، زیاتر دەڵێت "ئەركەكەم ناردن و وەرگرتی ئەو پەیامانە بوو لەڕێی ئامێری بێتەلەوە لە كەرتی گەیارەی داعش هەبوو".
دوای ئەو خولانە، ئەبو سەراق، لەگەڵ 14 چەكداری تردا رەوانەی شەڕی شنگال دەكرێن.
دەستگیركردنی ئەبو سەراق
پەیوەندی ئەبو سەراق لەگەڵ داعش بەردەوامدەبێت، لەو ماوەیەدا بەشداریی لە شەڕەكانی بێجی كردووە لە دژی هێزە ئەمنییەكانی شنگال.
هەروەها چەند جارێك گوازراوەتەوە بۆ حەمام عەلیل دواتر جەزیرە و چەند ناوچەیەكی تر بە فەرمانی سەرو خۆی.
"دوای پاشەكشێی و كشانەوەی هێزەكانمان لە كەرتی جەزیرە، چەكم فڕێداوە و هەڵهاتوم و خۆم لەپێش چاویان ونكردووە"، ئەبو سەراق وتی كە دواتر لە كەمپی ئاوارەكان نیشتەجێ بووە لە جەتعەی پێنج و هەر لەوێ لەڕێی هەواڵگرییەوە دەستگیركراوە و دانی بەوتاوانانەیدا ناوە.