لیستی هاوپەیمانی لە كەركوك 26 كاندیدی دەبێت
لایەنەكان پەیماننامەیەكیان بۆ پاشگەزنەبونەوە واژۆكردووە

كەركوك/25ی ئەیلولی 2017/ دوو دەنگدەری كورد، لە بنكەیەكی دەنگدان دێنە دەرەوە لەكاتی بەشداریكردنیان لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە گەڕەكی رەحیماوا فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

لیستی هاوپەیمانی بڕیاریدا لە پارێزگای كەركوك 26و لە نەینەوا 48 كاندیدی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لەگەڵئەوەشدا بۆ ریزبەندی كاندیدەكان رێككەوتن و لەپێناو پاشگەزنەبونەوەی هەر لایەنێكیش پەیماننامەیەكیان واژۆكرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 21ی تشرینی یەكەم، حزب و لایەنە سیاسییەكانی بەشداربوی ناو لیستی هاوپەیمانی كوردستان كۆبنەوە و بڕیاری كۆتاییاندا لەسەر وردەكارییەكانی نێو هاوپەیمانێتییەكە لە ژمارە و ریزبەندی كاندیدەكانیان لە هەر چوار پارێزگای كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین.

عەبدولڕەحمان مستەفا، سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، وتی "هیچ كێشەیەكان نییە لەسەر لۆگۆی هاوپەیمانێتییەكە و ئەوە یەكلاییكرایەوە، بۆ ژمارەی كاندیدەكانیش ژمارەی كورسی هەر پارێزگایەك چەند بێت دوو ئەوەندە كاندیدمان دەبێت".

بەو پێیە لە پارێزگاكانی كەركوك، دیالە هەریەكە و 26 كاندید و لە نەینەوا لیستەكە 48 كاندیدی دەبێت.

وتیشی "ئەو كاندیدەی دەربچێت كاندیدی هەمووان دەبێت، نەك هی كاندیدی ئەو حزب و لایەنە".

رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی و بەشداربوی كۆبونەوەكە، لە كۆنگرەكەدا وتی "ریزبەندی كاندیدەكان بەپێی ژمارەی دەنگدەری ئەو حزب و لایەنانە دەبێت لەو پارێزگایە، لە هەندێك پارێزگا حزبێك دەنگدەری زیاتری هەیە و لە پارێزگایەكی تر بەشێوەیەكی ترە".

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، لە پارێزگای كەركوك سەرۆكی لیستەكە بۆ یەكێتیی دەبێت و لە پارێزگای نەینەوا بۆ پارتی دەبێت. بەڵام بۆ دیالە هێشتا رون نییە.

زیاتر لە 15 حزب و لایەنی سیاسی، بە بەشداری ژمارەیەك حزبی عەرەبی و توركمانی و كەسایەتی بێلایەن، هاوپەیمانێتییەكیان پێكهێنا بەناوی هاوپەیمانی كوردستانی و عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشوتری كەركوك، بە سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە دەستنیشانكرا.

عەبدولڕەحمان مستەفا، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، جەختیكردەوە "لەنێوان حزب و لایەنەكاندا پەیماننامەیەك واژۆكراوە بۆ ئەوەی هیچ لایەنێك پەشیماننەبێتەوە و بیر لەوە نەكاتەوە بكشێتەوە، ئەم كۆبونەوەیەی ئەمڕۆ هەموو بڕیارێك درا و ییكلاییكرایەوە".

ئەوەی تائێستا یەكلایینەبۆتەوە ناوی سەرۆكی لیستەكەیە بۆ پارێزگاكان.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT