(كه‌ركوك ناو) مه‌رجه‌كانی پێدانی موچه‌ی بێكاری له‌ كه‌ركوك بڵاوده‌كاته‌وه‌

كه‌ركوك، تشرینی یه‌كه‌می 2019، پێشكه‌شكردنی داواكاری له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌ بۆ دامه‌زراندن له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، بڕیاریداوه‌ به‌ پێدانی موچه‌یه‌كی كاتی به‌ گه‌نجانی بێكار، ئه‌وه‌ش به‌پێی چه‌ند مه‌رجێك و بۆ ماوه‌ی سێ مانگ، كه‌ بڕیاره‌ نزیكه‌ی چوار هه‌زار كه‌س له‌ كه‌ركوك لێی سودمه‌ندبن.

له‌ پارێزگای كه‌ركوك، له‌ 10ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستیپێكردووه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و موچه‌یه‌ی حكومه‌ت و تا 24ی هه‌مان مانگ پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامبێت، ئه‌وه‌ش له‌ژێر چاودێری وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی.

جومعه‌ محه‌مه‌د ئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کارو کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "وه‌زاره‌ت بڕه‌ بودجه‌یه‌كی به‌ناوی فریاگوزاری ته‌رخانكردووه‌ بۆ گه‌نجنی بێكار.. پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕم به‌رده‌وامه‌ و یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كان ئه‌وه‌یه‌؛ ئه‌وانه‌ی سودمه‌ندده‌بن پێویسته‌ ته‌مه‌نیان له‌ 18 ساڵی كه‌متر و له‌ 30 ساڵی زیاتر نه‌بێت".

مه‌رجێكی تری پێدانی ئه‌و موچه‌یه‌؛ پێویسته‌ له‌ سێ مانگدا به‌شداربوان كارێك بدۆزنه‌وه‌ یان له‌رێی قه‌رزێكی بچوكه‌وه‌ كارێكی تایبه‌ت به‌خۆی دابمه‌زرێنێت، دواتریش ئه‌و قه‌رزه‌ له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵدا بداته‌وه‌ به‌ حكومه‌ت، به‌وته‌ی جومعه‌ محه‌مه‌د.

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كرد موچه‌كه‌ی حكومه‌ت بۆ گه‌نجان، مانگانه‌ بڕی 175 هه‌زار دیناره‌، ته‌نیا تا ماوه‌ی سێ مانگ پێیانده‌درێت.

xopishandanokirkuk (3)
كه‌ركوك، 2ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی بۆ داوای هه‌لیكار و دژی حكومه‌تی به‌غدا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

جومعه‌ محه‌مه‌د وتی "له‌و بودجه‌یه‌ی ته‌رخانكراوه، له‌ كه‌ركوك سێ بۆ چوار هه‌زار كه‌س سودمه‌ند دبن، فۆڕمه‌كان له‌ به‌غدا یه‌كلاییده‌كرێنه‌وه‌ و چه‌ند بنه‌مایه‌ك له‌به‌رچاو ده‌گیرێت، له‌وانه‌ باری خێزانی و ژماره‌ی منداڵ".

بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا ده‌ركرا و پێدانی ئه‌و موچه‌یه‌یه‌ بۆ سێ مانگدا، ئه‌وه‌ش بۆ 150 هه‌زار گه‌نجی بێكار له‌ ته‌واوی پارێزگاكانی عیراقدا، ئه‌وه‌ش دوای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ به‌غدا و چه‌ند شارێكی تر هات، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س كوژران و هه‌زارانی تر برینداربون.

سارا قادر (28 ساڵ)، ده‌رچوی كۆلێژی ئه‌ندازیاری نه‌وت به‌شی جیۆلۆجییه‌ و تائێستا دانه‌مه‌زراوه‌، بۆیه‌ سه‌رقاڵی مامه‌ڵه‌ی سودمه‌ندبونه‌ له‌ موچه‌ سێ مانگییه‌كه‌ی حكومه‌ت، "له‌ بازاڕ و به‌ چوار هه‌زار دینار فۆڕمه‌كه‌م پڕكرده‌وه‌، چونكه‌ هێڵی ئینته‌رنێتی خۆمان خراپ بوه‌ و به‌كارنه‌هات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دڵنیام ناوه‌كه‌م ناگه‌ڕێته‌وه‌ و له‌و موچه‌یه‌ سودمه‌ندنابم".

ئه‌و كچه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت، زیاد له‌ جارێك خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامداوه‌ تا دابمه‌زرێندرێن، به‌ڵام ته‌نیا به‌ڵێنی بێ كرداریان پێدراوه‌.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو) له‌ شاری كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك زۆر له‌ خه‌ڵك رۆژانه‌ هه‌وڵی پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی وه‌رگرتنی ئه‌و موچه‌یه‌ ده‌ده‌ن، له‌ كاتێكدا به‌شێكیان مه‌رجه‌كانیان تێدانییه‌.

krekar
كه‌ركوك، ئازاری 2019، به‌شێك له‌ گه‌نجان زۆر چه‌ند مانگێك كرێكارییان ده‌ستناكه‌وێت فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

حه‌سه‌ن شه‌مه‌ری، دوكانی ئینته‌رنێت و فۆتۆكۆپی هه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی به‌غدا، ده‌ڵێت رۆژانه‌ خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ردانیان ده‌كه‌ن بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و فۆڕمه‌، "به‌هۆی بێكارییه‌وه‌ خه‌ڵكی وادێت كه‌ ته‌مه‌نی له‌سه‌روو 40 ساڵییه‌وه‌، به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی به‌كو سودمه‌ندبێت، له‌ كاتێكدا پێمانوتووه‌ مه‌رجه‌كانی تێدانیه‌، به‌ڵام ده‌یه‌وێت پڕیبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سودمه‌ندبێت ئه‌گه‌ر حكومه‌ت مه‌رجه‌كانی گۆڕی".

به‌پێی بڕیاره‌كانی حكومه‌ت، له‌گه‌ڵ پێدانی ئه‌و موچه‌ كاتییه‌دا، هه‌وڵده‌درێت له‌رێی به‌رنامه‌یه‌كی راهێنانی پیشییه‌وه‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ی سودمه‌ندده‌بن بخرێنه‌ سه‌ر كار، ئه‌وانه‌یشی له‌ راهێنانه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتوو ده‌بن، قه‌رزی بچوكیان پێده‌درێت.

عه‌مار نه‌عمان، گه‌نجێكی شاری كه‌ركوك و فۆڕمی وه‌رگرتنی ئه‌و موچه‌یه‌ی پڕكردۆته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك خۆی وتی "چۆن دڵنیام باوکم ناوی نه‌عمانه‌ ئه‌وهاش دڵنیام ناوی من نایه‌ته‌وه‌"، ئه‌و گه‌نجه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت كه‌ له‌و پرۆسه‌یه‌شدا "واسیته‌كاری هه‌یه‌.. له‌گه‌ڵ درۆ حکومه‌ت راهاتوون، به‌ڵام ئه‌مه‌ وه‌ک زارێکه‌ فڕێی ده‌ده‌ین و بزانین چۆن ده‌بێت".

چۆن دڵنیام باوکم ناوی نه‌عمانه‌ ئه‌وهاش دڵنیام ناوی من نایه‌ته‌وه‌

به‌پێی ئامارێكی پێشتری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كارو كاروباری كۆمه‌لایه‌تی له‌ كه‌ركوك ده‌رباره‌ی رێژه‌ی بێكاری، له‌ 2005وه‌ تا 2018، زیاتر له‌ 90 كه‌س هه‌زار وه‌ك بێكار ناوی خۆیان تۆماركردووه‌.

چه‌ند ساڵێكه‌ روپێوی ورد و گشتگیر له‌ عیراق نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئاماری پێشتر هه‌یه‌ و به‌پێی سایتی ده‌زگای ناوه‌ندی بۆ ئامار، رێژه‌ی بێكاری له‌ نێو گه‌نجامدا ده‌گاته‌ سه‌روو سه‌دا 20.

له‌و ئامارانه‌دا بۆ ساڵی 2014دا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ رێژی بێكاری له‌ نێوان كه‌سانی ته‌مه‌ن 15 بۆ 24 ساڵ له‌ پارێزگای كه‌ركوك، سه‌دا 5.2 بووه‌ و ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ 2016دا به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ سه‌دا 28.7.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT