په‌روه‌رده‌ "ئیحراج" بووه‌
دامه‌زراندنه‌كه‌ی نه‌ینه‌وا كێشه‌ی تێده‌كه‌وێت

نه‌ینه‌وا، ناڕه‌زایی وانه‌بێژانی خۆبه‌خش دژی دانه‌مه‌زراندنیان له‌سه‌ر میلاكی په‌روه‌رده‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی دامه‌زراندن، بۆته‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌ بۆ ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكان، له‌ نێو لایه‌نه‌كانیشدا بۆته‌ كه‌ره‌سته‌ی تۆمه‌تباركردن و گومان له‌ یه‌كتری‌، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندجارێك پرۆسه‌كه‌ راگیرا و ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا، 17ی تشرینی یه‌كه‌م، كردنه‌وه‌ی ده‌رگای دامه‌زراندن حكومی راگه‌یاند بۆ حه‌وت هه‌زار و 22 كه‌س، ئه‌وه‌ش له‌ ته‌واوی سنوری پارێزگاكه‌دا و له‌رێی پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌.

"دوابه‌دوای راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌ بۆ پرۆسه‌ی دامه‌زراندن، له‌ كاتژمێرێكدا، فۆڕمه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ نه‌ما و ده‌رگای پێشكه‌شكردن داخرا" رامی عه‌بدان وای وت.

ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌رچوان و ساڵانێكه‌ چاوه‌ڕێی دامه‌زراندن ده‌كات، بۆ (كه‌ركوك ناو) رونكرده‌وه‌، دوای دوو رۆژ سه‌ردانی په‌روه‌رده‌ی كردووه‌ و كاتێك له‌گه‌ڵ لێپرسراواندا باسی كردووه‌، هۆكاره‌كه‌یان گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ هه‌بونی چه‌ند كێشه‌یه‌ك له‌ فۆڕمه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌دا و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ده‌ده‌ن.

دامه‌زراندنه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا، به‌پێی پسپۆڕییه‌ جیاوازه‌كان دابه‌شكراوه‌، له‌ مامۆستا، یاسایی، ژمێركار و فه‌رمانبه‌ری خزمه‌تگوزاری.

 المحاضرين المجانيين على عدم تعيينهم
ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكان داواده‌كه‌ن له‌ هه‌لی دامه‌زراندندا مافه‌كانیان نه‌فه‌وتێت

ئه‌سیل عه‌بادی، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت خاوی هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت و زۆری ژماره‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی ویستویانه‌ فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی پڕبكه‌نه‌وه‌ هۆكار بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتژمێره‌كانی یه‌كه‌مدا پرۆسه‌كه‌ رابوه‌ستێت.

"له‌گه‌ڵ زۆری ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌یانویست فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی پڕبكه‌نه‌وه‌، سستمی پارێزگاریی ئه‌لیكترۆنیش سایته‌كه‌ش هۆكاربووه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی زانیاریی ده‌رچوان و راگرتنی پرۆسه‌كه‌" عه‌بادی بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌ هونه‌رییه‌ ده‌ده‌ن، تا جارێكیتر ده‌رچوان بتوانن فۆڕمه‌كه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌.

له‌و حه‌وت هه‌زار و 22 دامه‌زراندنه‌ی نه‌ینه‌وا، سه‌دا 15ی بۆ هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌، سه‌دا 10ی بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان، سه‌دا 5ی بۆ كه‌سوكاری خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، نیوه‌یشی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ ساڵانێكه‌ له‌ پارێزگاكه‌دا وانه‌بێژن.

عه‌بدولره‌حیم شه‌مه‌ری، هه‌ندێكی لایه‌نی سیاسیی تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌وه‌ هه‌وڵی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی دامه‌زراندن و پرۆژه‌كان ده‌ده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی هیچ لایه‌نێك بهێنێت.

شه‌مه‌ری به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "حه‌وت هه‌زار و 22 دامه‌زراندنه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌ پێویسته‌ بۆ وانه‌بێژانی خۆبه‌خش بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌رچوانه‌ی ساڵانێكه‌ له‌ دامه‌زراندن بێبه‌شن، به‌ دیاریكراوی له‌ناو موسڵ".

پارێزگار پێویسته‌ به‌ په‌له‌ ده‌ستتێوه‌ردان بكات بۆ رێگری له‌ دزینی ئه‌و دامه‌زراندنه‌ی بۆ ئێمه‌یه‌

په‌رله‌مانی عیراق، داوای گۆڕانكاری كردووه‌ له‌ رێكاره‌كانی دامه‌زراندن و هه‌ڵبژاردنی ناوی دامه‌زراوان له‌ نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌ش له‌ نوسراوێكدا بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌.

له‌و نوسراوه‌دا كه‌ پابت عه‌باسی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی كردووه‌ و وێنه‌یه‌كی ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتووه‌، تێیدا ره‌خنه‌ له‌ رێكاره‌كانی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ناو دامه‌زراوان كراوه‌، داواكراوه‌ گۆڕانكاری بكرێت، به‌ ئامانجی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی كێشه‌ی كه‌می مامۆستا و كادیری په‌روه‌رده‌ییان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ له‌به‌رچاوگرتنی مه‌رج و رێژه‌ی دانیشتوانی هه‌ر یه‌كه‌یه‌كی ئیداری.

له‌ پارێزگاكه‌دا 18 هه‌زار وانه‌بێژ به‌ دوای هه‌لی دامه‌زراندندا ده‌گه‌ڕێن به‌ هه‌میشی و له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراق.

سوها عه‌لی، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عیراق جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌ ره‌خساندنی هه‌لی یه‌كسانی دامه‌زراندن بۆ ئه‌وانه‌ی فۆڕمی داواكاری پڕده‌كه‌نه‌وه‌.

"دوای كۆتایی واده‌ی پێشكه‌شكردنی فۆڕم، پێویسته‌ واده‌یه‌كی تر دابنرێت بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری له‌ فۆڕمی ئه‌وانه‌ی له‌ پڕكردنه‌وه‌دا هه‌ڵه‌یان كردووه‌" وه‌زیری په‌روه‌رده‌ جه‌ختی له‌وه‌ هه‌نگاوه‌ كردۆته‌وه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌ش به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌ت.

almdars-fy-tlaafr-6
خوێندنگه‌كانی نه‌ینه‌وا به‌ده‌ست كه‌می شوێن و مامۆستاوه‌ ده‌ناڵێنن  فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌، پێشتر هۆشداری داوه‌ته‌ ده‌رچوان به‌شێوه‌یه‌كی ورد فۆڕه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌ و په‌له‌ی تێدا نه‌كه‌ن، چونكه‌ واده‌ی پێشكه‌شكردنی فۆڕم بۆ ماوه‌ی 20 رۆژ به‌رده‌وامی ده‌بێت.

"ئه‌وه‌ی رووده‌دات گاڵته‌جاڕییه بۆ ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگاكان" عه‌فرا حسێن، خۆی یه‌كێكه‌ له‌ ده‌رچوان و بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

به‌وته‌ی ئه‌و گه‌نجه‌، چه‌ند رۆژێكه‌، له‌گه‌ڵ ده‌یان وانه‌بێژی خۆبه‌خش و ده‌رچوودا له‌ به‌رده‌م په‌روه‌رده‌دا ده‌وه‌ستنن تا فۆڕمی دامه‌زراندن پێشكه‌شبكه‌ن، دوای راگرتنی پێشكه‌شكردن له‌رێی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌.

پرۆسه‌ی خوێندن له‌ شاری موسڵ و ته‌واوی پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ 30ی ئه‌یلوله‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و به‌هۆی لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی دژ به‌ داعش، هێشتا كه‌رتی په‌روه‌رده‌ به‌ ده‌ست چه‌ندین كێشه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت له‌ نێویاندا كه‌می مامۆستا.

"پارێزگاری نه‌ینه‌وا پێویسته‌ به‌ په‌له‌ ده‌ستتێوه‌ردانی هه‌بێت بۆ هه‌وڵی دزینی پله‌كانی دامه‌زراندن" فه‌هد موسه‌نا، ده‌رچوی زانكۆیه‌ و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێموایه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ فۆڕمه‌كه‌دا نیه‌ و ته‌نیا ده‌یانه‌وێت دامه‌زراندنه‌كه‌ی ئێمه‌ بدزن، بۆیه‌ فۆڕمه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ راگیراوه‌، ئه‌وه‌ش دوای ناڕه‌زایی به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر رێكاره‌كانی پێشكه‌شكردن".

به‌پێی ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كانی نه‌ینه‌وا، ژماره‌یه‌ك زۆر له‌ خوێندنگه‌كان به‌هۆی وانه‌بێژی خۆبه‌خشه‌وه‌ پرۆسه‌ی خوێندنیان ده‌ستپێكردۆته‌وه‌، له‌كاتێكدا ساڵانه‌ هه‌زاران ده‌رچوی زانكۆ و په‌یمانگاكان هه‌ن و دانامه‌زرێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT