پارتی توركمان ئیلی له كه‌ركوك، هه‌ڕه‌شه‌ی هاندانی خه‌ڵك ده‌كات بۆ خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی، ئه‌گه‌ر ئه‌و داواكارییانه‌ی هه‌یانه جێبه‌جێنه‌كرێن، چونكه وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن؛ "ئارامگرتنمان كۆتاییهات".
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 23ی تشرینی یه‌كه‌م له كه‌ركوك، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، لێپرسراوانی توركمان ئیلیی له په‌یامێكدا 12 داواكارییان ئاراسته‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق كرد.
له ده‌ستپێكی په‌یامه‌كه‌دا هۆشداریی ده‌ده‌ن له هاندانی خۆپیشاندان و مانگرتن له چوارچێوه ده‌ستوریی و یاساییه‌كاندا، پێیانوایه له بری دادپه‌روه‌ری، پێكهاته‌ی توركمانی كراونه‌ته ئامانج و په‌راوێزخراون.
داواكارییه‌كانی توركمان ئیلی، به‌شێكی په‌یوه‌سته به كه‌ركوكه‌وه، له نێویاندا به‌كارنه‌هێنانی شاره‌كه وه‌ك كارتی سازشكردن له‌نێو كوتله گه‌وره‌كاندا له كاتی گفتوگۆی پێكهێنانه‌وه‌ی حكومه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به پێویستی ده‌زانن؛ پشتگیری هه‌وڵه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكرێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و پارێزگایه.
هه‌روه‌ها داوای دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی خزمه‌تی گشتی ده‌كه‌ن له كه‌ركوك، به ره‌چاوكردنی تایبه‌تمه‌ندێتی سنوره‌كه و له‌به‌رچاوگرتنی پێكهاته‌كاندا له دامه‌زراندن.
توركمان ئیلی به‌پێویستی ده‌زانێت ده‌سه‌ڵات له عیراقدا بكرێته سه‌رۆكایه‌تی و زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌ته‌كانیش بۆ پارێزگاكان شۆڕبكرێته‌وه.
زۆرینه‌ی داواكارییه‌كانی ئه‌و حزبه په‌یوه‌سته به توركمانه‌وه، له وانه دامه‌زراندنی پارێزهرانان له په‌یمانگای دادوه‌ری، له سلكی سه‌ربازیدا رێژه‌ی بۆ دابنرێت، له حكومه‌ت و وهزارهتهكانیشدا رۆڵی به‌رچاویان هه‌بێت.
به پارێزگاكردنی ته‌له‌عفه‌ر و دوزخورماتوو، یه‌كێكی تره له داواكارییه‌كانی توركمانی ئیلی، له‌گه‌ڵ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی زه‌وی و زاری چه‌ندین ناوچه، به تایبه‌ت زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان، كه هێشتا گرفت له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتییان هه‌یه.
ئه‌و په‌یامه‌كه‌ی توركمانی ئیلی بۆ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عیراق، هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی بانگه‌شه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری و فراوان له پارێزگاكانی عیراقدا له نێویاندا كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش له رۆژی هه‌ینی 25ی تشرینی یه‌كه‌م، دژی نه‌بونی خزمه‌تگوزاری و خراپی گوزه‌رانی هاوڵاتیان.