ژمارەیەك دوكانداری شەقامی جمهوری كەركوك خۆپیشاندانیان كرد دژی بڕیارێكی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق بۆ غەرامەكردنیان بە بڕی پێنج ملیۆن دینار.
خۆپیشاندانەكە ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تشرینی یەكەم لە بازاڕی جمهوری كەركوك لەبەردەم دوكانەكانیان بەڕێوەچوو، تیایدا بڕیارەكەیان رەتكردەوە.
فەرهاد محەمەد، یەکێک لەو دواکاندارانە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەر لە چوار مانگ، لیژنەیەكی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق پاڵپشت بە هێزێكی ئاسایشی نیشتیمانی هاتن و داوایانكرد هەر دوكاندارێك دەبێت مۆڵەتی كاركردن نوێبكاتەوە... بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ دوبارەكردنەوەی هەمان داوا، داوایانكرد هەر دوكاندارێك بڕی پێنج میلۆن دینار غەرامە بدات".
ئەو دوكاندارانە كە كاری چاككردنەوە و فرۆشتنی ئامێرەكانی كۆمپیوتەر و مۆبایل دەكەن، پێیانوتراوە لەمەودوا دەبێت لە دەستەی راگەیاندن مۆڵەت نوێبكەنەوە. لەكاتێكدا بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 مۆڵەتمان لە پارێزگار وەردەگرت".
فەرهاد، وتی "ناتوانین بڕی پێنج ملیۆن دینار غەرامە بدەین، دوكانەكانمان بە بڕی پێنج میلۆن دینار كەلوپەلی تیا نییە".
دوای خۆپیشاندانەكە جارێكی تر لیژنەكە سەردانی كردنەوە و دوپاتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی لێ كردونەتەوە.
سەرمەد ئۆرهان، یەكێكی تر لە دوكاندارەكان، بە (کەرکوک ناو)ی وت "سێشەممە 22ی تشرینی یەكەم، لیژنەكە نوسراوێكی پێداین و داوای ئەو غەرامەیەیان كرد"، زیاتر وتی "من کرێی دواکانە بچوكەكەم پێنادرێت ئیجا غەرامە!".
بە وتەی فەرهاد محەمەد، زانیاری هەڵە دراوە بە لیژنەكە لەبارەی كارەكانی ئەوان و پێیانوتراوە كە ئەو دوكانانە كامێرای چاودێری دادەنێن و دەفرۆشن، ئەوەش دەبێت لەژێر چاودێریی و مۆڵەتی ئەو دەستەیە بێت.
بەڵام ئەو وتی "ئێمە ئیشی دانانی كامێرا و فرۆشتنی ناكەین".
لیژنەكە پێیوتون غەرامەكە 50 ملیۆن دینارە، بەڵام ئێوە پێنج ملیۆن بدەن.
عومەر رەحیم جەنابی، لێپرسراوی بەشی باکوری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عیراق لەوبارەیەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو بڕیارە دەبێت جێبەجێبكرێت و بڕی غەرامەكە بدەن، چەندین جار ئاگاداركراونەتەوە... بڕی غەرامەكە بەپێی یاسای دەستەكەمانە لە بەرامبەر پێدانی مۆڵەت بەو دوكانانە".
دوكاندارەكان ژمارەیان 25 بۆ 30 كەس دەبێت و هەمویان كۆكن لەسەر ئەوەی ئەو غەرامەیە نەدەن.
لەبارەی ئەوەی بۆچی دوكاندارەكان پێشتر مۆڵەتیان تەنیا لە پارێزگار وەردەگرت، نەك دەستەی راگەیاندن، عومەر جەنابی وتی "ئێمە بەهۆی تەوانەبونی رێکارەکانمان پێشتر نەک تەنها لە کەرکوک لە موسڵیش نوسینگەمان نەبوو، ئێستا نوسینگەمان هەیە و بەپێی یاسا كاردەكەین".
لەبارەی كێشەی دوكاندارەكانیش، وتی "لەگەڵ دوكاندارەكان و حكومەتی ناوەندی لەسەر هێڵێن بۆ چارەسەركردنی كێشەكە".