"25ی ئەم مانگە ناوەكەی رادەگەیەنین"
نەجمەدین كەریم دەستیكرد بە وەرگرتنی كاندید بۆ لیستەكەی

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك و هاوژینەكەی لەكاتی دەنگدان بۆ ریفراندۆمی هەرێمی كرودستان و ناوچەكانی جێناكۆك فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی نەجمەدین كەریم

گۆران بابان – كەركوك

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك، دەستیكرد بە وەرگرتنی كاندید بۆ لیستەكەی، ئەوەش لەڕێی فۆڕمێكەوە و بەشێوەی ئۆنلاین. بڕیارە ناوبراو 25ی ئەم مانگە لیستەكەی لە كۆمسیۆن تۆماربكات و ناوەكەی ئاشكرابكات.

نەشوان جەلال، لێپرسراوی نوسینگەی رۆژنامەوانی نەجمەدین کەریم، بە (كەركوك ناو)ی وت "25ی ئەم مانگە لیستەکەی دكتۆر نەجمەدین كەریم، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان پێشکەشی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق دەكرێت، بەمەبەستی بەشداریکردنی لەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە 1ی نیسانی ساڵی 2020 بەڕێوەبچێت".

جەختیشیكردەوە "دکتۆر لیستەكەی تایبەت و جیاواز دەبێت، لیستەکە سەربەخۆیە و سەر بەهیچ لایەنێک نییە هەر خۆیشی سەرۆکایەتی دەکات...".

زیاتر وتی "لیستەكە بۆ دژایەتی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو کار و پڕۆژە و بەرنامەی خۆی هەیە و پاڵپشت بەو جەماوەرەی كە هەیەتی دەچێتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە لە کەركوك".

لیستەكە بۆ دژایەتی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە

ئەوەش لەكاتێكدایە زیاتر لە 15 حزب و لایەنی كوردی لە نێویاندا پارتی و یەكێتی، بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەك حزبی توركمانی و ئێزیدی رێككەوتون بە هاوپەیمانێتییەك (هاوپەیمانی كوردستانی)، بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن لە كەركوك و تەواوی ناوچەكانی تری جێناكۆك (نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین). كە عەبدولڕەحمان مستەفا پارێزگاری پێشوتری كەركوك سەرۆكایەتی دەكات.

هەفتەیەكە نەجمەدین كەریم لەڕێی سۆسیال میدیاوە، فۆرمی وەرگرتنی كاندیدی بۆ لیستەكەی دەستپێكردووە.

لەو بارەیەوە نەشوان وتی "هەركەسێك دەیەوێت كاندید بێت لەو لیستە دەتوانێت فۆرمەكە پربكاتەوە، ئەم فۆرمە بۆ ئەوەیە تا هەلی زیاتر لەبەردەم کەسانی شارەزاو خاوەن بڕوانامە و ئەزمون بڕەخسێت و رۆڵی خۆیان لەو لیستەدا ببینن".

najmadenpuk

نەجمەدین كەریم، لە بۆنەیەكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا، بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 فۆتۆ: پەیجی نەجمەدین كەریم لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك

نەجمەدین كەریم، ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی تشرینی یەكەم، لە بەرنامەیەكی كەناڵی ئاسمانی روداو – سەر بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان – وتی "تائێستا لەسەر بڕیارەكە ماوین بۆ دروستكردنی لیستێك".

نەشوان وتی "25ی ئەم مانگە لەگەڵ تۆماركردنیدا، ناوی لیستە بۆ رای گشتی ئاشكرادەكەین". زیاتر وتی "چەند لایەنێكی سیاسی كوردستانی لە لیستەكە بەشدارن... لایەنی عەرەبی، توركمانیی و مەسیحیش هەن"، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت.

نەجمەدین كەریم، لە ساڵی 2011 بووە پارێزگاری كەركوك، ئەوەش بەپێی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی و پشتگیریكردنی پێكهاتەكانی تر. بەڵام لە ئەیلولی 2017 بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق دورخرایەوە و تۆمەتباركرا بە گەندەڵی.

هەرچەندە ئەو پابەندنەبوو بە بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق، بەڵام لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەو لەگەڵ گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك، شارەكەی جێهێشت و لە هەولێر دەژیت. لەجێگەكەیدا راكان سەعید بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق بەوەكالەت دەستبەكاربوو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT