راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، دڵنیایی سەقامگیری دۆخی ئەمنی شارەكە بەهاوڵاتیان دەدات و داوادەكات دوربكەنەوە لەو دەنگۆیانەی بانگەشەی ترس و دڵەڕاوكێ بڵاودەكاتەوە.
ئەو وتانەی راكان سەعید، وەكو سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنی كەركوك، لە بەیاننامەیەكدا هاتووە كە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی ئەیلول بڵاوكراوەتەوە، ئەوەش دوای كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنی دێت.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە "ئێمە بەوردی چاودێریی بارودۆخەكە دەكەین و كاردەكەین بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و ئاسایشی شارەكە، لەگەڵ پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاریی و دوركەوتنەوە لەو دەنگۆ و بانگەشانەی كە دڵەڕاكێی و ترس لەناو شارەكەدا بڵاودەكاتەوە".
ئێمە بەوردی چاودێریی بارودۆخەكە دەكەین و كاردەكەین بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان
هەروەها دڵینایی دەداتە هاوڵاتیان لە سەقامیگری بارودۆخەكە و داوا لەهەموو لایەنە سیاسییەكان دەكات بۆ هەماهەنگیی و دیالۆگ لەپێناو بەرژەوەندی كەركوك.
ئەو كۆبونەوەیە كە بە بەشداریی فەریق روكن سەعد حەربییە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك و تەواوی هێزە ئەمنییەكانی پارێزگاكە بەڕێوەچوو، هاوكات بوو لەگەڵ دڵەڕاوكێی بەشێك لە هاوڵاتیانی كەركوك لە بارودۆخی شارەكە و ئەگەری خۆپیشاندان.
بەپێی بەیاننامەی كۆبونەوەكە، سەعد حەربییە جەختیكردۆتەوە لە پاڵپشتی هەوڵەكانی ئیدارەی كەركوك بۆ دابینكردنی هەموو پێداویستییەك هاتووە "پاڵپشتی سەقامگیری شارەكە دەكەین لەڕێی ئەو ئەركە ئەمنییانەی لە ئەستۆماندایە و بەردەوامدەبیت لە راوەدونانی پاشماوەكانی داعش".
پاڵپشتی سەقامگیری شارەكە دەكەین لەڕێی ئەو ئەركە ئەمنییانەی لە ئەستۆماندایە
"كەركوك ئارامە و هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە كە پاراستنی ئاسایش و گیانی هاوڵاتیان لە ئامانجی سەرەكیمانە"، حەربییە وایوتووە. لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "كەركوك یەكێك لەهەرە پارێزگا باشەكان لەڕوی ئاستی خزمەتگوزاریی و سەقامگیرییەوە".
ئەو دڵنیاییانەی پارێزگار و هێزە ئەمنییەكانی كەركوك، هاوكاتە لەگەڵ ئەگەری بەڕێوەچونی خۆپیشاندانی فراوان لە پارێزگاكانی عیراق، دژی گەندەڵیی، بێكاریی و نەبونی خزمەتگوزاریی.