بەڕێوەبەری ناحیەی ئەبی سەیدە سەر بە قەزای شارەبان بەدەستی هاوڕێیەكی كوژرا و بەدوای ئەویشدا سەرۆكی پێشوی ئەنجومەنی ناحیە و بەڕێوەبەری باری شارستانیش كوژران. دۆخی ناحییەكە دوای روداوەكان لە كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەكان دەرچوو.
سەرەتای روداوەكە بە كوژرانی حارس روبەیعی، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەبی سەیدە دەستیپێكرد لە ماڵی هاوڕێیەكی، كە بۆ نانی نیوەڕۆ میوانداری كردبوو، ئەوەش بەوتەی عەدنان تەمیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی قەزای شارەبان.
عەدنان بە (كەركوك ناو)ی وت "پاش كوشتنی حارس روبەیعی، دۆخی ناحییەکە ئاڵۆزبووە و شەڕ دروستبووە، بەهۆیەوە سەرۆكی پێشوی ئەنجومەنی ناحیەکەش (شێخ سەعەد سوێری) و كەسێكی تر كوژراون و هەروەها بەڕێوەبەری فەرمانگەی باری شارستانی (عەمید محەمەد حمێری)ش کوژراوە".
ناحیەی ئەبی سەیدا دەكەوێتە باکوری پارێزگای دیالە و سەر بە قەزای شارەبانە و سەرچاوەی ئەو ناكۆكییانە بەهۆی شەڕی عەشایەریی و دوژمنداریی دەگەڕێتەوە.
عەدنان تەمیمی زیاتر وتی "لە ئێستادا بە بڕیاری حکومەتی خۆجێی پارێزگای دیالە ھاتوچۆکردن لەقەزای شارەبان و ناحیەی ئەبی سەیدە قەدغەکراوە"، بەڵام سەرچاوەیەكی ئەمنی جەختیكردەوە كە دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەرچووە.
دۆخی ناحییەكە تا ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی تشرینی یەكەم، ئاڵۆز و نائارام بووە و سەرچاوەی کێشەکانیش بەهۆی ناكۆكی عەشایەریی و دوژمندارییەوە هەبووە لە نێوان هۆزەكان.
سەرچاوە ئەمنییەكەی (كەركوك ناو)، وتی "هۆزەكان چەكیان هەڵگرتووە و دۆخەكە لە كۆنترۆڵی دەزگا ئەمنییەكان دەرچووە".