پۆلیسی كەركوك ئازادكردنی منداڵێكی 12 ساڵانی راگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە رفێنرابوو.
پاشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی 25ی تشرینی یەكەم، پۆلیسی كەركوك لە رفاندنی ئەو منداڵە لە گەڕەكی دۆمیز ئاگاداردەكرێتەوە و درەنگانێك شەوی رابردوو توانرا ئازادبكرێت، بەڵام رفێنەرەكان هەڵاتون و دەستگیرنەكراون.
عەمید ئەفراسیاو کامیل، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت "کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆی هەینی لەو روداوە ئاگاداركراینەوە، بەپێی وتەی كەسوكاری لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە رفێنراوە و بۆ شوێنێكی نادیاریان بردووە، ئێمەش كەوتنیە لێكۆڵینەوە لە روداوەكە".
منداڵەكە ناوی محەمەد عەلا ئیبراهیمە و 12 ساڵە و عەرەبە، لە گەڕەکی دۆمیزی شاری کەرکوک دادەنیشن.
"بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی کەرکوک رایسپاردین بۆ بەدواداچون و لێكۆڵینەوە، بۆ ئەو مەبەستەش تیمێك پێكهات، دوای گەڕان و پشکنین زانیاریمان دەستكەوت لە بونی ئەو منداڵە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی کەرکوک و درەنگانێکی شەوی رابردوو توانیمان سەرەداو و شوێنی روداوەكە دەستنیشان بكەین"، ئەفراسیاو وایوت.
بۆ ئەو مەبەستە تیمەكەی پۆلیسی كەركوك، كە ئەفراسیاو سەرپەرشتی دەكرد، چونە گەڕەكەكە و منداڵەكەیان ئازادكرد، وەك ئەفراسیاو زیاتر وتی "بەڵام رفێنەرەکان کە ژمارەیان سێ کەسبون بەر لە چونی ئێمە بۆ گەڕەكەكە ناوچەكەیان چۆڵكردبوو و نەتوانرا دەستگیربكرێن".
هەر درەنگانێكی شەو منداڵەكە رادەستی كەسوكاری كرایەوە و بەبێ ئەوەی زیانی پێبگات، بەپێی وتەی پۆلیس.
عەمید ئەفراسیاو لەبارەی ناسنامەی رفێنەرەكان، وتی "جارێ نازانین كێن و بۆ كوێ هەڵاتون، بەڵام لێكۆڵینەوەكانمان بەردەوامدەبێت".
روداوەكە دوای 24 كاتژمێر هات لە راگەیەنراوێكی لیژنەی باڵای ئەمنی كەركوك كە راكان سەعید پارێزگاری بەوەكالەت سەرۆكایەتی دەكات و تیایدا دڵنیایی دایە هاوڵاتیان لە پاراستنی گیانیان و سەقامگیری دۆخی ئەمنی.