ژمارەیەك چالاكوانی مەدەنیی و ئەندامانی حزبی شیوعی عیراق لە كەركوك، داوادەكەن حكومەت دەست بۆ چەك نەبات لە دژی خۆپیشاندەران و رێگەیان بدات بە ئازادانە داواكاریی و مافەكانیان بگەیەنن.
هەڵوێستی ئەو چالاكوانانە لە گردبونەوەیەكدا هات، كە ئەمڕۆ شەممە 26ی تشرینی یەكەم لەبەردەم بارەگای حزبی شیوعی عیراق لە كەركوك بەڕێوەچوو، تیایدا پشتگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندانەكانی بەغدا و پارێزگاكانی تر دەربڕی.
هەیفا سەلاحەدین، لە گردبونەوەكەدا بەشداربوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "خۆپیشاندەرانی بەغدا داواى مافە رەواکانى خۆیان دەکەن و دەیانەوێت گەندەڵی نەمێنێت، ئێمە پشتگیرییان دەكەین، هەروەها پرسە بۆ شەهیدەكان دەنێرین و بەهیوای چاكبونەوەی بریندارەكانین".
سەلام عەزیز، بەشداربویەكی تری گردبونەوەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "پاڵپشتى خۆپیشاندەران دەکەین و پێمانوایە خۆپیشاندانەکان هەر لە خۆیەوە نەهاتۆتە کایەوە، بەڵکو چەندین ساڵە هاوڵاتیان بەدەست نەبونى خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانى ژیان و هەروەها نەبونى دەرفەتی كار دەناڵێنن، هاوڵاتیان گەیشتونەتە ئاستێك كە باوەڕیان بەم دەسەڵاتە نەماوە".
ئەو خۆپیشاندانە هاوكات بوو لەگەڵ فراوانبونی خۆپیشاندانەكان لە بەغداو پارێزگاكانی تری خوارو و ناوەڕاستی عیراق، كە بەهۆیەوە تەنیا دوێنێ هەینی 30 كەس كوژران و دوو هەزار و 312 كەسیش برینداربون.
فەهمى سوبحى، لێپرسراوی كۆمیتەی محەلی حزبى شیوعى عیراق لە كەركوك، وتی "لەم گردبونەوەیەدا داوادەكەین حکومەت بەدەنگ داواکارییەکانى هاوڵاتیانەوە بڕوات و بەهیچ شێوەیەک دەست بۆ چەک و گازى فرمێسکڕێژ نەبات".
هەروەها وتی "هەر کەسێک دەستى هەبووە لەڕشتنى خوێنى خۆپیشاندەران بدرێتە دادگا و سزابدرێت... داواکارین خۆپیشاندەرانیش بەهیچ شێوەیەک دەستدرێژی نەکەنە سەر دامودەزگا حكومییەكان".
خۆپیشاندەرانی بەغدا، دوێنێ هەینی 25ی تشرینی یەكەم، چەند داواكارییەكیان خستەڕوو، لە نێویاندا هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و حكومەت و گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی بۆ سەرۆكایەتی.
هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لە بەرامبەردا ئەو پارەیەی بۆ ئەنجومەنەكان تەرخاندەكرێت لە بونیاتنانەوەی وڵات خەرجبكرێت. لەگەڵ چەند داواكارییەكی تر لە نێویاندا دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتیان كرد بۆ دادگاییكردنی سیاسییەکانی عیراق (ئەوانەی لە 2003ەوە تا ئەمڕۆ حوکمیانکردووە) و گێڕانەوەی پارە درزاوەكان، كە لەلایەن لێپرسراوانی عیراقەوە بردراون.