چەكدارانی نەناسراو شوانێك لە گوندێكی ناحیەی نەوجول سەر بە قەزای كفری دەكوژن، لە روداوێكی تریشدا چەند رۆژێك لەمەوبەر شوانێكی 16 ساڵ دەڕفێنن و تائێستا چارەنوسی نادیارە.
ئەو دوو روداوە لە ماوەی سێ رۆژی رابردودا لە دوو گوندی سەر بە ناحیەی نەوجول لە قەزای كفری رویانداوە، ئەو ناوچەیە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە ئارام نییە و گروپی چەكدارانی نەناسراو چالاكن تیایدا.
جەمال ساڵح ئەحمەد، بەڕێوەبەرى ناحیەى نەوجول، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 9:30 بۆ 10ى سەرلەبەیانى دوو چەكدار هێرشدەكەنە سەر سێ شوان و داوای مۆبایلەكانیان لێدەكەن، دووان لە شوانەكان مۆبایلەكانیان پێدەدەن، بەڵام یەكێكیان دەبێتە دەمەقاڵێ لەگەڵیاندا و ئامادەنابێت مۆبایلەكەیان پێبدات، بەهۆیەوە تەقەی لێدەكەن و هەر لەوێ دەیكوژن".
ئەو كوڕەی مۆبالەكەی پێنەداون، ناوی کرمانج شێرکۆ یاسین-ەو لەگەڵ خێزانەكەی لە گوندی دوڕاجین بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن.
تەرمەكەی هەر ئەمڕۆ شەممە گەیەنرایە پزیشكی دادوەریی و دواتر رادەستی كەسوكاری كرایەوە.
بەرێوەبەری ناحیەی نەوجول، وتی "ماوەیەکە جموجۆڵى داعش لەو سنورە هەیە و زیانی گیانیی و مادیی بە هاوڵاتیان دەگەیەنن".
هەرێم ناسیح، ئامۆزای كوژراوەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كرمانج لای ئاژەڵەكان بووە كاتێك چەكدارەكان هێرشیانكردۆتە سەری، بەپێی گێڕانەوەكان ئامادەنەبووە مۆبایلەكەیان پێبدات و رایكردوو، لەدواوە تەقەیان لێكردووە و بەركەوتووە".
هەرێم كاتێك قسەی بۆ (كەركوك ناو)، كرد، تەرمی كرمانجیان لە مزگەوتەوە بەرەو گۆڕستان دەبرد.
روداوی دووەم... شوانێك رفێنرا
لە روداوێكی تردا دوو رۆژ لەمەوبەر، ژمارەیەك چەكدار هێرشدەكەنە سەر سێ شوان (دوو براو مامێك)، لە گوندی قۆری چای سەر بە هەمان ناحیە و دوای ماوەیەك دروخستنەوەیان لە شوێنی رفاندنیان، مام و برا گەورەكە ئازاد دەكەن و برا بچوكەكە لەگەڵ خۆیان دەبەن.
ئەو كوڕەی رفێنراوە ناوی بلێر عومەر ئەحمەدە و 16 ساڵە.
شۆڕش ئەحمەد فەرج، مامى بلێر، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەرسێكیان لای مەڕو ماڵاتەكان بون، ژمارەیەك چەكدار لێیان نزیكبونەتەوە و هەرسێكیانیان بردووە".
زیاتر وتی "دواتر براکەم و برازایەکمیان ئازادكردووە و بلێری برازامیان بردووە... ئێستا ئەو بێسەروشوێنەو مۆبایلەكەشی داخراوە".
براکەم و برازایەکمیان ئازادكردووە و بلێری برازامیان بردووە
بۆ ئەو مەبەستە كەسوكاری بلێر دەزگا ئەمنییەكانیان ئاگاداركردۆتەوە.
ماڵی بلێر لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە گوندەكەیان لە ناحیەی نەوجول جێهێشتووە و لە كفری دەژین، بەڵام بۆ شوانكارەیی بەشێكیان گەڕاونەتەوە گوندەكەیان.
عوسمان محەمەد، لێپرسراوی ئاسایشی كفری، لەبارەی روداوەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاگاداری روداوەكەین، ئەو شوێنەی ئەو خێزانە كاری ئاژەڵداریی لێدەكەن 2كم لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە دورە، چەندینجار خەڵكی ئەو ناوچەیەمان ئاگاداركردۆتەوە كە نەچنە ئەو ناوچەیە و پارێزراو نییە، بەڵام بەگوێیان نەكردوین".
وتیشی "ئەو گوندە لەتائێستادا چۆڵە و ناوبەناو جموجۆڵی چەكدارانی داعشی لێیە".
ئاسایشی كفری چەند ناوچەیەك دەستنیشاندەكات كە پارێزراو نییە و ناوبەناو جموجۆڵی داعشی لێیە، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەكات خۆیان بپارێزن و نزیك نەكەونەوە. لەوانە گوندەكانی ناحیەى جەبارە و ناوچەى شێخ باوە.