"ئەبوبەكر بەغدادی كوژراوە"

ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)

كەركوك ناو

دەزگا راگەیاندنەكانی ئەمریكا، كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) رادەگەیەنن، ئەوەش بە پشتبەستن بەوتەی گەورە لێپرسراوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ناسراو بە (پنتاگۆن).

بەپێی راگەیاندنەكان، خەلفیەی داعش، لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتی وەزارەتی بەرگری ئەمریكادا كراوەتە ئامانج و كوژراوە، ئەوەش لە رۆژی شەممە 26ی تشرینی یەكەم لە سوریا.

گۆڤاری نیوزویكی ئەمریكی، بڵاویكردەوە كە بە ئامانجگرتنی بەغدادی، لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەت بووە لە پارێزگای ئیدلیب لە باكوری خۆرئاوای سوریا.

گۆڤارەكە لەزاری لێپرسراوێكی ئەمركییەوە كە چاودێریی و ئاگاداری پرۆسەكە بووە، بڵاویكردەوە كە "پێكدادانێكی كورتخایەن رویداوە، كاتێك هێزەكانی ئەمریكا چونەتە نێو ئەو گوندەی ئەبوبەكر بەغدادی تیایدا خۆی حەشاردابوو".

هەروەها تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی، لە زاری لێپرسراوێكی پنتاگۆنەوە بڵاویكردەوە كە ئەبوبەكر بەغدادی، رەنگە لەكاتی ئۆپەراسیۆنەكەدا هێلەكێكی بۆمبڕێژكراوی تەقاندبێتەوە، ئەوكاتەی هێزە ئەمنییەكان نزیكبونەتەوە.

لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی جەختكردنەوە لە كوژرانی خەلیفەی داعش، پەیوەستە بە كۆتاییهاتنی پشكنینی دی ئێن ئەی-یەوە.

رۆیتەرز لەزاری ژمارەیەك سەرچاوەی عیراقی و ئێرانییەوە بڵاویكردەوە كە وڵاتەكانیان دڵنیاكراونەتەوە لە كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی.

baxdadi-1

شێخ ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم سامەرائی، ناسراو بە (ئەبوبەكر بەغدادی) ساتی راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلام لە مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ

هاوكات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، دەرنگانێكی شەوی رابردوو، لە تویتێكدا رایگەیاند "هەر ئێستا شتێكی زۆر گەورە رویدا"و بڕیارە كاتژمێر 5ی  ئێوارەی ئەمڕۆ بەكاتی عیراق وتەیەكی هەبێت.

شێخ ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم سامەرائی، ناسراو بە (ئەبوبەكر بەغدادی) لە حوزەیرانی 2014 خەلافەتەكەی لە عیراق و شام راگەیاند، كاتێك لە مزگەوتی نوری لە موسڵ وتاری هەینی خوێندەوە و داوای لە شوێنكەوتووانی كرد "جیهاد" بكەن.

ئەوكات داعش لە ترۆپكی بەهێزیدا بوو و لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا، جگە لە پارێزگای نەینەوا، گەیشتە سەڵاحەدین، دیالە، كەركوك و ئەنبار و تا نزیك پارێزگای بەغدا بۆوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT