"ئــۆپـڵ دزه‌كـان" كـه‌وتنه‌ بـۆسـه‌وه‌

كه‌ركوك، 2019، له‌ نێو ئۆتۆمبێله‌كاندا زۆرترینیان جۆری ئۆپڵ ده‌دزرێن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

گۆران بابان – كه‌ركوك

كاتژمێر 4:30 خوله‌كی به‌ره‌به‌یان بوو، حاته‌م به‌ زه‌نگی مۆبایله‌كه‌ی خه‌به‌ری بۆوه‌، ژماره‌كه‌ نه‌ناسراو بوو، دوای كه‌مێك دودڵی وه‌ڵامی دایه‌وه‌؛ "تۆ ئۆتۆمبێلت هه‌یه‌؟ به‌ڵێ هه‌مه‌، ئه‌ی چ جۆرێكه‌؟ له‌ جۆری ئۆپڵه‌، ئێستا له‌ كوێیه‌؟ له‌ به‌ر ده‌رگا رامگرتووه‌، ده‌ باشه‌ بڕۆ سه‌یرێكی بكه‌".

حاته‌م به‌په‌له‌ له‌سه‌ر جێگه‌ی نوستنه‌كه‌ی هه‌ستا و به‌ره‌و ده‌رگاكه‌ رۆیشت، به‌ڵام ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌وێ نه‌مابوو، به‌ ته‌له‌فۆن به‌و كه‌سه‌ی وت كه‌ پرسیاری كرد؛ ئه‌ویش داوایلێكرد ده‌ستبه‌جێ بگاته‌ بازگه‌ی چیمه‌ن و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه‌.

ئه‌و كه‌سه‌ی ته‌له‌فۆنی بۆ حاته‌م كرد، كارمه‌ندێكی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بوو، دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌ ده‌ستی باندێكی دزیكردن له‌ بازگه‌ی چیمه‌ن، په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردبوو.

"پۆلیس دوای ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌یان دزی بوم، له‌ ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌مدا كه‌ به‌ناوی خۆمه‌وه‌یه‌، ژماره‌ی مۆبایله‌كه‌یان وه‌رگرتبوو، بۆیه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردم تا ئۆتۆمبێله‌كه‌م وه‌ربگرمه‌وه‌" حاته‌م ویسام بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ نیشته‌جێی شاری كه‌ركوكه‌، یه‌كێكه‌ له‌و ده‌یان هاوڵاتییه‌ی ئۆتۆمبێلی له‌ جۆری ئۆپڵ هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌ كۆنن و مێژوی دروستكردنیان بۆ كۆتایی هه‌شتا و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا زۆرترینیان روبه‌ڕوی دزین بونه‌ته‌وه‌.

هێزه‌كانی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان له‌ كه‌ركوك، به‌ره‌به‌یانی 28ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، له‌ بۆسه‌یه‌كدا له‌ بازگه‌ی چیمه‌ن له‌سه‌ر رێگای سه‌ره‌كی كه‌ركوك به‌ره‌و سلێمانی، توانییان باندێكی دزینی ئۆتۆمبێلی ئۆپڵ ده‌ستگیربكه‌ن، له‌ نێویاندا ئۆپڵه‌كه‌ی حاته‌م ویسام، هه‌ر ئه‌وانیش بون په‌یوه‌ندییان پێوه‌كرد تا ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بباته‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمانده‌یی گشتی پۆلیسی كه‌ركوك، ئه‌و بانده‌ له‌ سێ كه‌س پێكهاتون و دوو ئۆتۆمبێلی ئۆپڵ ڤیكترا-یان پێگیراوه‌، له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیشدا دانیان ناوه‌ به‌ چه‌ندین دزی تردا.

kirkuk (2)-1
كه‌ركوك، ئازاری 2019، شه‌قامێكی سه‌ره‌كی له‌ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

عەمید قەیس عامر، بەڕێوبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان له‌ كەركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "لەبۆسەیەكدا توانیمان باندێكی مەترسیداری دزینی ئۆتۆمبێلی جۆری ئۆپڵ دەستگیر بكەین، ئەو باندە لە سێ كەس پێكهاتوون و خەڵكی قەزای چەمچەماڵن".

ئه‌و بانده‌ی ده‌ستگیركراون، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی پۆلیس، هه‌ستاون به‌ دزینی 15 ئۆتۆمبێلی جۆری ئۆپڵ له‌ ماوه‌ی دوو مانگدا، دواتر بردویانه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری كه‌ركوك.

"لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوەكاندا لەگەڵ ئەو باندە دەركەوتووە ئەنجامدەری دزینی ئۆتۆمبیلی جۆری ئۆپڵن و شارەزاییەكی باشیان لەو بوارەدا هەیە" به‌وته‌ی عه‌مید قه‌یس.

جگه‌ له‌ ئۆتۆمبێلی جۆری ئۆپڵ، چه‌ندین ماتۆڕسكیل-یش له‌ گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌ جیاوازه‌كانی شاری كه‌ركوك دزراون.

سەرەتای مانگی رابردوو، گه‌نجێكی كه‌ركوكی دوای راگرتنی ماتۆڕسكیله‌كه‌ی له‌ به‌رده‌رگا، له‌ چه‌ند خوله‌كێكی كه‌مدا ده‌دزرێت.

ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "كاتژمێر 10ی شه‌و بوو، ماتۆڕسكیله‌كه‌م له‌ به‌رده‌رگا به‌جێهێشت، ده‌مویست بۆ كارێك بچمه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ ماڵ ده‌رچوم و بینیم ماتۆڕسكیله‌كه‌م نه‌ماوه‌، دواتر له‌رێی كامێرای چاودێرییه‌وه‌ ده‌ركه‌وت گه‌نجێك له‌ ئۆتۆمبێل داده‌به‌زێت و ماتۆڕه‌كه‌ ده‌خاته‌ كار و ده‌یبات".

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، شه‌وی 28 له‌سه‌ر 29ی تشرینی یه‌كه‌م له‌ گه‌ره‌كی 16ی ئاب، سه‌رنشینانی دوو ماتۆڕسكیل رێگرییان كردووه‌ له‌ گه‌نجێك و به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌ك، ئۆتۆمبێله‌كه‌یان لێ سه‌ندووه‌ و به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵاتون.

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی روداوه‌كانی دزی، به‌ تایبه‌ت ئۆتۆمبێل، به‌ رۆژ و شه‌و هه‌ڵمه‌تی پشكنینیان هه‌یه‌.

hez
كه‌ركوك، 2017، هێزێكی ئه‌منی له‌ ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان له‌باره‌ی زۆری دزینی ئۆتۆمبێلی جۆری ئۆپڵ، وتی "ئێمەش ئەو پرسیارەمان لەباندەكان كردووه‌ و ئه‌وان ده‌ڵێن دزینی ئەو جۆرە ئۆتومبیلانە ئاسانترە، چونكه‌ بە سویچ و كلیلی جۆكەر دەتوانن هەموو جۆرە ئۆپڵێك بخه‌نه‌كار و بیگوازنەوە لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر".

عەمید قەیس عامر رونیكرده‌وه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌ كه‌ركوك ده‌دزرێن؛ "بۆماندەركەوت تەنها لەڕێی كەركوك – سلێمانییه‌وه‌ دەبرێتە دەرەوە، ئه‌وه‌ش به‌ زۆری له‌ به‌ره‌به‌یاندا".

له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ده‌ستگیركردنی تیمه‌كه‌شه‌وه‌ باسی له‌وه‌كرد "كاتژمێر 3:30 خوله‌كی به‌ره‌به‌یان دوو ئۆپڵ ده‌ركه‌وتن و دوای لێكۆڵینه‌وه‌، ده‌ركه‌وت ئۆتۆمبێله‌كان موڵكی خۆیان نیه‌ و ده‌ستگیركران، ئه‌وان شه‌ش كلیل و سویچی جۆكه‌ریان پێ بوو".

عه‌مید قه‌یس ده‌ڵێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌دا به‌رده‌وامه‌ و به‌پێی مادده‌ی 443 له‌ یاسای سزادانی عیراقی ده‌ستبه‌سه‌رن، جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ "به‌ ده‌ستگیركردنی ئه‌و بانده‌ هه‌ستده‌كه‌ین له‌مه‌ودوا روداوه‌كانی دزینی ئۆتۆمبێل كه‌مده‌كات و كۆنتڕۆڵده‌كرێت".

مادده‌ی 443ی یاسای سزادان سزای زیندانی 10 ساڵی داناوه‌ بۆ هه‌ر كه‌سێك دزینی به‌سه‌ردا ساغبێته‌وه‌.

له‌ دوو ساڵی رابردوودا، هاوكات له‌گه‌ڵ تۆماركردنی ده‌یان روداوی دزینی ئۆتۆمبێل، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چه‌ند باندێكیان ده‌ستگیركردووه‌ و ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێلیان بۆ خاوه‌نه‌كانی گه‌ڕاندۆته‌وه‌.

دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك، له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌یی ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كاندایه‌ به‌ به‌شداری پۆلیسی ناوخۆیی، ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه‌ش هێزه‌كانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی تێدایه.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT