فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا، بۆردومانی خانوویه‌كیان كردووه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیشته‌جێ بون له قه‌زای شنگال، به‌هۆیه‌وه چوار شه‌ڕڤانی یه‌به‌شه برینداربون.
بۆردومانه‌كه‌ی توركیا بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی خانه‌سۆر سه‌ر به ناحیه‌ی سنونێ، كاتژمێر 2ی دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 4ی تشرینی دووه‌م بوو، به دیاریكراویش خانووی هاوڵاتییه‌كی كردۆته‌وه ئامانج.
خودێدا چۆكی، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ له باكوری خۆرئاوای شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "فرۆكه‌كانی توركیا باره‌گایه‌كی هێزه‌كانی یه‌به‌شه‌یان له‌ناو كۆمه‌ڵگای خانه‌سۆر بۆردومان كردووه، بۆردومانه‌كه یه‌ك جار بووه و زیانه‌كانی زۆر كه‌من".
"به‌هۆی بۆردومانه‌كه‌وه هیچ كه‌سێك شه‌هید نه‌بووه، ته‌نیا چوار كه‌س له هێزه‌كانی یه‌به‌شه به سوكی برینداربون، سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌م كرد و باری ته‌ندروستییان جێگیره، پێده‌چێت هه‌ر ئه‌مڕۆ له نه‌خۆشخانه ده‌ربچن".
به‌وته‌ی خودێدا ئه‌وه‌ش سێیه‌مجاره فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆردومانی ناوچه جیاوازه‌كانی شنگال بكه‌ن له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردودا.
هه‌ر ئه‌مڕۆ له كۆمه‌ڵگه‌ی خانه‌سۆر، به‌وته‌ی لێپرسراوان و شایه‌تحاڵه‌كان له‌و سنوره، فڕۆكه جه‌نگییه‌كان دووجار له ناوچه‌كه‌دا سوڕاونه‌ته‌وه و دواتر ئه‌و خانووه كراوه‌ته‌وه ئامانج، كه وه‌ك باره‌گای یه‌به‌شه به‌كارهێنراوه.
یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شنگال (یه‌به‌شه) و هێزه‌كانی تری نزیك له په‌كه‌كه، له ساڵی رابرودا له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی قه‌زای شنگال به‌ره‌و سوریا كشانه‌وه، به‌پێی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تیی عیراقی.
عادل حوسێن، لێپرسراوی فه‌رمانبه‌رانی نه‌خۆشخانه‌ی سنونێ به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ژماره‌ی ته‌واوی بریندارانی روداوی بۆردومانه‌كه نازانن به‌ڵام له نێوان سێ بۆ چوار كه‌سدا بووه، برینه‌كانیان سه‌خت نه‌بووه و ئه‌وه‌ی پێویست بووه له نه‌خۆشخانه بۆیان كراوه".
به‌وته‌ی ئه‌و لێپرسراوه‌ی نه‌خۆشخانه سنوره‌كه‌یان ئه‌مڕۆ روبه‌ڕوی دوو روداوی ناخۆش بۆته‌وه، جگه له بۆردومانه‌كه، به‌هۆی وه‌رگه‌ڕانی ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازیشه‌وه دوو كه‌س برینداربون و له‌به‌ر سه‌ختی برینه‌كانیان ره‌وانه‌ی دهۆك كراون.
پێشتر و له مانگی 12ی 2018یشدا، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا چه‌ندجارێك بۆردومانی شنگالیان كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زیانێكی گیانی لێبكه‌وێته‌وه.