نەبونی زمانی كوردی و سریانی
كردنەوەی بازاڕی قەیسەری كەركوكی راگرت

له‌سه‌ر حه‌وت ده‌رگاكه‌ی بازاڕی قه‌یسه‌ری كه‌ركوك دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی تابلۆكان ته‌نیا به‌ زمانی عه‌ره‌بی و توركانی نوسراون

گۆران بابان – كەركوك

كردنەوەی بازاڕی قەیسەری كەركوك دواخراوە بەهۆی كێشەی نەنوسینی زمانی كوردی و سریانی لەسەر تابلۆی قەیسەرییەكە، هەر بەو هۆیەوە رادەستكردنی دوكانەكان بە خاوەنەكانیان راگیراوە.

به‌پێی به‌دواداچونه‌کانی (که‌رکوک ناو)، کاره‌کانی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری که‌رکوک له‌ کۆتاییدایه‌ و وه‌ک ئاماده‌کاری بۆ کردنه‌وه‌ی، له‌ هه‌ر حه‌وت ده‌رگاکه‌یدا تابلۆی نوێ دانراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هیچ یه‌کێکیاندا زمانی کوردی و سریانی بونی نییه‌. تەنیا بە زمانەكانی عەرەبیو توركمانی نوسراوە.

رزگار جومعە، یەكێك لە نوێنەرانی بازاڕی قەیسەری كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەدا قسەمان كردووە كە ئەركی نۆژه‌نکردنه‌وه‌کەوەیان گرتۆتە ئەستۆ، ئەوان دەڵێن دەتوانن خۆتان زمانەكانی تریش زیاد بكەن و ئێمە كارەكە ناكەین".

وتیشی "هەر بەو هۆیەوە كردنەوەی قەیسەرییەكە دواكەوتووە لەوەشدا دوكاندارەكان زەرەمەندی یەكەمن".

كردنەوەی قەیسەرییەكە دواكەوتووە لەوەشدا دوكاندارەكان زەرەمەندی یەكەمن

پێشتر حاجی خەڵات، دوکانی زه‌ڕه‌نگه‌ری هه‌یه‌ له‌ بازاڕی قه‌یسه‌ری، وتی تابلۆی سه‌ر ده‌رگاکانی بازاڕه‌که‌ له‌لایه‌ن کۆمپانیای جێبه‌جێکاری نۆژه‌نکردنه‌وه‌که‌وه‌ هه‌ڵواسراون، ئه‌وه‌ی ئه‌وان بینیویانه‌، هیچیان زمانی کوردی له‌سه‌ر نییه‌، ته‌نیا به‌ عه‌ره‌بی و تورکی نوسراون.

له‌ شاری که‌رکوک؛ که‌ ناوچه‌یه‌کی جێناکۆکی نێوان هه‌ردوو حکومه‌تی عیراق و هه‌رێمی کوردستانه‌ به‌پێی ده‌ستوری عیراق، هه‌ریه‌ک له‌ عه‌ره‌ب، کورد، تورکمان و کریستیان ده‌ژین.

"ئێمه‌ داوامانکرد تابلۆکان به‌ چوار زمانی خه‌ڵکی شاره‌که‌ بنوسرێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکی تردا سه‌ردانی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانمان کرد" به‌وته‌ی حاجی خه‌ڵات بۆ (که‌رکوک ناو).

qaisari-1
به‌شێك له‌ دوكانداران داواده‌كه‌ن زمانی كوردیش له‌سه‌ر تابلۆی بازاڕی قه‌یسه‌ری كه‌ركوك هه‌بێت

پێشتر سه‌عد حه‌ربیه‌، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کان که‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگاکه‌یان له‌ده‌ستدایه‌، به‌ڵێنی بە دوكاندارە كوردەكان دابوو، بۆ زیادكردنی زمانی کوردی بۆ تابلۆی بازاڕه‌که‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی که‌رکوک و کۆمپانیای جێبه‌جێکاردا قسه‌ بکات.

به‌پێی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق، زمانی کوردی و عه‌ره‌بی؛ دوو زمانی فه‌رمی وڵاتن، هه‌ردوو زمانی تورکمانی و سریانیش دوو زمانی فه‌رمی ترن له‌و یه‌که‌ ئیدارییانه‌ی تێیدا زۆرینه‌ی دانیشتوان پێکده‌هێنن.

قه‌یسه‌ریی که‌رکوک له‌ ناوه‌ندی شار، شه‌وی 26ی تشرینی دووه‌می 2018 گڕیگرت و لانیکه‌م 220 دوکان به‌ ته‌واوی سوتان، هه‌ر ئه‌وکات "له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سپێشخه‌رییه‌کی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان"، رێکخراوی تیکای تورکی ئه‌رکی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ.

دیلان غه‌فور، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له‌ فراکسیۆنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان،  23ی تشرینی یه‌که‌م سه‌ردانی بازاڕی قه‌یسه‌ری کردووه‌ که‌ هێشتا نه‌کراوه‌ته‌وه‌، دوای سه‌ردانه‌که‌ له‌ فه‌یسبوک نوسیویه‌تی "پێداگرییمان کرد کە دەبێت تابلۆی قەیسەرییەکە بە زمانی کوردیش لەسەری بنوسرێت کە لەلایەن ڕێکخراوێکی تورکییەوە نۆژەن کراوەتەوەو بە چەند زمانێک لەسەر تابلۆکە نووسرابوو جگە لە کوردی".

بەپێی خەمڵاندنی ئیداره‌ی که‌رکوک، سوتانی قەیسەریی کەرکوک زیانی سێ ملیار دیناری هەبوو، هیچ دوکاندارێکیش قەرەبوو نەکرایەوە.

مێژوی قه‌یسه‌ریی که‌رکوک بۆ 160 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه‌ و له‌لایه‌ن عوسمانییه‌کانه‌وه‌ له‌سه‌ر روبه‌روی دوو هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه‌  بنیاتنراوه‌، ساڵی 1983 بۆیه‌که‌مجار نۆژه‌‌نکراوه‌ته‌وه‌. قه‌یسه‌رییه‌که‌ له‌ 232 دوکان پێکدێت و  حه‌وت ده‌رگای هه‌یه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT