نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت كە پێویستە لە كەشوهەوایەكی ئارامدا هەنگاو بۆ هەمواركردنەوەی دەستوری بنرێت و كۆدەنگی لەسەر بێت، ئەگەر دەستور پێویستی بە هەمواركردنەوە بێت. جەختیشیكردەوە "سەقامگیری عیراق بە كەمكردنەوەی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان بەدینایەت".
ئەو وتانەی نێچیرڤان بارزانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات كە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 5ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، دوابەدوای كۆبونەوەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەلایەك و دواتر كۆبونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە لەگەڵ سەرۆك كۆماری عیراق و سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم.
نێچیرڤان بارزانی، كۆنگرەكەی بە "گرنگ" وەسفكردو وتی "هەمووان هاودەنگبوین لەسەر ئەوەی پشتگیری لە داوا رەواكانی خۆپیشاندەران بكەن بەتایبەت لەسەر مەسەلەی خزمەتگوزاریی و شەفافیەت".
لەبارەی هەمواركردنەوەی دەستوری عیراق، نێچیرڤان بارزانی وتی "هەموو لایەنەكان دەوریان هەبووە لە نوسینەوەی دەستور. ئەگەر دەستور پێویستی بە هەمواركردنەوە بێت و بۆ بەرژەوەندی داوا رەواكانی خەڵك بێت، دەبێت لە كەشوهەوایەكی ئارامدا هەنگاوی بۆ بنرێت".
ئەگەر دەستور پێویستی بە هەمواركردنەوە بێت و بۆ بەرژەوەندی داوا رەواكانی خەڵك بێت، دەبێت لە كەشوهەوایەكی ئارامدا هەنگاوی بۆ بنرێت
وتیشی "مەبەست لە هەمواركردنەوەی دەستور چییە؟ ئەگەر مەبەست ئەوەیە دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان لەوەی هەیە كەمتر بكرێتەوە، ئەوە باوەڕناكەم كەس لە عیراق بیەوێت دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان كەمبكاتەوە، سەقامگیری عیراق بە كەمكردنەوەی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان بەدینایەت، بەڵكو كێشەكە لەوەدایە دەستور وەكو خۆی جێبەجێنەكراوە... گەلی عیراقیش پێویستی بە ئاو و خزمەتگوزارییە كێشەكەیە لەوەدایە".
هاوكات بەپێی راگەیەنراوێكی كۆبونەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق و هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، تیایدا لەبارەی دەستورەوە هاتووە "زۆربهی ئهو كێشانهی ههن بههۆی جێبهجێنهكردنی دهستوورهوه دروستبون، بۆیه ههمووان كۆكبون که ههر ههموارێکی دهستوور دهبێت مافه دهستووری و یاسایی و ئیدارییهكانی ههرێمی كوردستان و پێکهاتهکانی عێراقی تێدا پارێزراو بێت".
نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەكەدا وتیشی "پێویستە هەرێمی كوردستان یەكهەڵوێست بێت و هاوكاریی هەموو هێزە عیراقییەكان بین، هەریەكە بەحاڵی خۆیی و هەمووان بەرپرسیارین لەم دۆخە. هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەدەبێت كە هاوكاری عیراق بین لەو ناخۆشی و ناڕەحەتییەی تێیكەوتووە".
وتیشی "پشتیگری لە هەنگاوە چاكسازییەكانی حكومەتی عیراق دەكەین كە دەستیانپێكردووە و داوادەكەین بەزوترین كات هەناوەكان جێبەجێبكرێن". جەختیشیكردەوە "ئارامیی و سەقامگیری و پاراستنی دامەزاروە رەسمییەكان بە ئەركی هەموو لایەك دەزانین".
پشتیگری لە هەنگاوە چاكسازییەكانی حكومەتی عیراق دەكەین كە دەستیانپێكردووە
ئەوە كۆبونەوانە هاوكات بوو لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی عیراق، كە لەدژی بێكاریی و نەبونی خزمەتگوزارییەوە بۆ دەستلەكاركێشانەوەی حكومەت و پەرلەمان و گۆڕینی سیستم بۆ سەرۆكایەتی پەلی هاوێشت. لەئێستاشدا بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان داوای هەمواركردنەوەی دەستور دەكەن.
لە خۆپیشاندانەكانی عیراق تائێستا زیاتر لە 250 كەس كوژراون و هەزارانیش برینداربون.