ئه‌و فەرماندەیەی خراوەتە لیستی رەشی ئەمریكاوە
تۆمه‌تباره‌ بـه‌ رێگـریی لـه‌ ئـاوه‌دانیی و گـەڕانەوەی خـەڵك

نه‌ینه‌وا، 2019، ده‌روازه‌ی ناحیه‌ی به‌رتڵه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی شاری موسڵ

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

هاوڵاتی عه‌ره‌بی ناوچه‌ی كۆكجه‌لی له‌ خۆرهه‌ڵاتی موسڵ، لیوایه‌كی حه‌شدی شه‌عبی تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به رێگریی له‌به‌رده‌م ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنیاتنانی خانوو، یان هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌كی تری كڕین و فرۆشتنی زه‌وی، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و لیوایه‌ تۆمه‌ته‌كان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

لیوای 30ی حه‌شدی شه‌به‌ك سه‌ر به‌ ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، به‌ فه‌رمانده‌یی وه‌عد قه‌دۆ دۆسیه‌ی ئه‌منی ده‌شتی نه‌ینه‌وای به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌ ده‌ستی داعش.

"هێزه‌كانی لیوای 30 رێگه‌ناده‌ن زه‌وییه‌كه‌م بكه‌مه‌ خانوو، كاتێك پرسیاری هۆكاری رێگرییه‌كه‌ ده‌كه‌ین وه‌ڵامه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ پێویسته‌ نوسراوێكی فه‌رمیمان له‌ ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی هه‌بێت" هاوڵاتییه‌كی كۆكجه‌لی وای وت، كه‌ داوایكرد ته‌نیا پیتی یه‌كه‌می ناوی دوانی بنوسرێت.

(ع، ح) ئه‌وه‌شی به‌ (كه‌ركوك ناو) وت؛ هه‌ر كه‌سێك هه‌وڵبدات زه‌وییه‌كه‌ی بكاته‌ خانوو، ژیانی خۆی ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، زۆرینه‌ی ئاواره‌ی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌ش به‌هۆی رێگری له‌ ئاوه‌دانیی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

-5
نێو بازاڕی قه‌ره‌قوش به‌ دوری 32كم له‌ خۆرهه‌ڵاتی شاری موسڵ

ئه‌نجومه‌نی قه‌زای موسڵ، له‌ 12ی ئه‌یلولی 2019 راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ بۆ ئیدانه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتنی لیوای 30ی حه‌شدی شه‌عبی، له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر خه‌ڵك و وه‌رگرتنی سه‌رانه‌ له‌و ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگرانه‌ی خۆراك و دانه‌وێڵه‌ بۆ كۆگاكانی وه‌زاره‌تی بازرگانی ده‌گوازنه‌وه‌ له‌ نه‌ینه‌وا، له‌گه‌ڵ خاوه‌نی كۆمپانیاكانی خۆرهه‌ڵاتی موسڵ.

وه‌عد قه‌دۆ، ئامرلیوای 30ی حه‌شدی شه‌عبی جه‌ختیكرده‌وه‌ هێزه‌كانیان هیچ رێگرییه‌ك له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی ره‌سه‌نی ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی، به‌ڵكو هاوكاریشیان ده‌كه‌ن.

"هیچ رێگرییه‌ك نیه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵكی ره‌سه‌نی كۆكجه‌لی له‌ عه‌ره‌ب، توركمان، شه‌به‌ك و كورد بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی خانووه‌كانیان و كڕینی زه‌وی بۆ بنیاتنانی خانوو" قه‌دۆ بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ خه‌ڵك له‌ ناوچه‌كانی تره‌وه‌ روده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌و سنوره‌ و هه‌وڵده‌ده‌ن ببنه‌ خاوه‌نی زه‌وی له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌ش جێی قبوڵ نییه‌، چونكه‌ مه‌ترسی گۆڕینی دیمۆگرافیای لێده‌كرێت و زیانی هه‌یه‌ بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ ئاو و كاره‌با و تێكدانی بارودۆخی ئه‌منی.

وه‌زاره‌تی حه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا، له‌ 19ی ته‌مموزی 2019دا وه‌عد قه‌دۆ، ئامرلیوای 30ی حه‌شدی شه‌عبی خسته‌ نێو لیستی ره‌شه‌وه‌ و سزای به‌سه‌ردا سه‌پاند، به‌هۆی تێوه‌گلانی له‌ دۆسیه‌كانی پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ نێویاندا چه‌وساندنه‌وه‌ی كه‌مایه‌تییه‌كان.

67826692_106172960733874_8844447542142828544_n (1)
داخستنی رێگای موسڵ - هه‌ولێر دژی بڕیاری ده‌ركردنی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا

"له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا هیچ هاوڵاتییه‌ك قه‌ره‌بوی زیانه‌كانی پێنادرێت ئه‌گه‌ر پاڵپشتی سیاسی یان هێزێكی دیاریكراوی نه‌بێت" (ر، ح) هاوڵاتییه‌كی كریستیانییه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وتیشی "له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی شه‌به‌ك قه‌ره‌بووكراونه‌ته‌وه‌ و خانووه‌كانیان ئاوه‌دانكردۆته‌وه‌ له‌ كۆكجه‌لی و به‌رتڵه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی تر هیچ قه‌ره‌بوویه‌ك نه‌كراونه‌ته‌وه‌".

ده‌شتی نه‌ینه‌وا، له‌ سێ قه‌زا پێكهاتووه‌؛ ئه‌وانیش حه‌مدانییه‌، شێخان و تلكێف، زۆرێك له‌ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ كریستیانن، كه‌ ژماره‌یان له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌مبۆوه‌ دوای هێرشه‌كانی داعش.

ئامرلیوای 30ی حه‌شدی شه‌عبی له‌سه‌ر دۆسیه‌كاین قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوان و سودمه‌ندبونی ته‌نیا پێكهاته‌یه‌ك، وتی "ته‌واوی دانیشتوانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا قه‌ره‌بوونه‌كراونه‌ته‌وه و هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ فه‌رمانگه‌ی تاپۆی قه‌زای حه‌مدانییه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌".

وه‌عد قه‌دۆ ره‌خنه‌ی له‌ ململانێ سیاسییه‌كان گرت و بۆته‌ هۆی په‌كخستنی مامه‌ڵه‌كانی قه‌ره‌بوی خه‌ڵك، "هاوڵاتیانی شه‌به‌كیش زیانیان به‌ركه‌وتووه‌ به‌هۆی ئه‌و رێكارانه‌وه‌ و قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه‌ تا زیانه‌كانی شه‌ڕ چاكبكه‌نه‌وه‌، وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی تری ناوچه‌كه‌".

له‌ ئابی ئه‌مساڵدا عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق، فه‌رمانیكرد به‌ پاشه‌كشێی حه‌شدی شه‌به‌ك له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، به‌ڵام ئه‌و فه‌رمانه‌ جێبه‌جێنه‌كرا، دوای خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی لایه‌نگرانی لیوای 30ی حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ خێوه‌تیان هه‌ڵدا و رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی موسڵیان به‌ره‌و كۆكجه‌لی و هه‌ولێر داخست.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT