كاری دەیان فەرمانگەی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك راگیراون، ئەوەش بەهۆی پچڕاندنی هێڵەكانی ئینتەرنێت بە بڕیاری حكومەتی عیراق.
حكومەتی عیراق بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە و لەڕۆژی سێشەممە 5ی تشرینی دووەمەوە، تەواوی هێڵەكانی ئینتەرنێتی لە پارێزگاكانی عیراق، كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك بڕی، ئەوەش كاری لانیكەم 10 فەرمانگەی راگرتووە و بەهۆیەوە مامەڵەی هاوڵاتیان راییناكرێت.
سەرچاوەیەك لە ئیدارەی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "كاری تەواوی ئەو فەرمانگانەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆن لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك راگیراون".
لەنێو ئەو فەرمانگانە هاتوچۆ، پاسپۆرت، رەگەزنامە و باری شارستانی، نشینگە، كارتی زانیاریی و كارتی نیشتیمانی و ژمارەیەك فەرمانگەی تر. چونكە كارەكانیان و راییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان پێویستی بە بونی هێڵی ئینتەرنێتە.
فەرمانگەكان بەگشتی دەوامیان هەیە و تەنیا ئەو مامەڵانە تەواودەكەن كە پێویستیان بە هێڵی ئینتەرنێت نییە، یان بەر لە پچڕاندنی ئینتەرنێت هاوڵاتیان فۆرمەكانیان پڕكردۆتەوە.
بچڕاندنی ناوبەناوی هێڵی ئینتەرنێت، دوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانی ناڕهزایی هاوڵاتیانی عیراق هات، كە له سهرهتای مانگی رابردوەوە له بهغدا و چەند پارێزگایەكی تری ناوەڕاست و باشوری عیراق دهستیپێكرد.
هێرش یوسف (33ساڵ) لە سێشەممەی رابردووەوە چاوەڕێی ئەوەیە مامەڵەكەی لە پاسپۆرتی كەركوك راییبكرێت، بەڵام ئاگاداریان كردەوە كە هێڵی ئینتەرنێت پچڕاوە و پێویستە كاتێكی تر سەردانیان بكاتەوە.
"زۆر زەرورم بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت، دەمەوێت خۆم و منداڵەكانم پاسپۆرت دەربكەین و هاوژینەكەم ببەم بۆ ئێران بۆ چارەسەر، بەڵام ئێستا كارەكان راگیراون"، هێرش وایوت.
ئەمە بۆ دووەمجارە لە عیراق هێڵەكانی ئینتەرنێت لە تەواوی پارێزگاكان راگیرێن.
جاری یەكەم لە درەنگانێكی 2ی تشرینی یەكەمەوە لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق – جگە لە هەرێمی كوردستان - بۆ ماوەی 100 كاتژمێر راگیران.
ئەمجارەش 100 كاتژمێری تێپەڕاند و كاتی ئاساییبونەوەی دیار نییە.