دەزگای (كەركوك ناو) وەكو میدیایەكی بەرپرسیار دەناسێنرێت

لۆگۆی تۆڕی رۆژنامەنوسانی بەرپرسیار (EJN)

كەركوك ناو

دەزگای (کەرکوک ناو)، لەلایەن تۆڕی رۆژنامەنوسانی بەرپرسیار (Ethical Journalism Networking)ەوە وەک میدیایەکی بەرپرسیار دەناسێنرێت لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، کە پڕۆفیشناڵانە و بەپێی ستراتیژێکی تایبەت کاردەکات.

ئەو دامەزراوەیە كە بە (EJN) ناسراوە و مامەڵە و كاری هاوبەش لەگەڵ دامەزراوە میدیا بەرپرسیارەكانی جیهاندا دەكات، لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی خۆی، دەزگای (كەركوك ناو)ی وەك یەكێك لە میدیا بەرپرسیارەكان ناساند.

هەر لەسەر ماڵپەڕەكەیاندا بنەماكانی كاری رۆژنامەوانی (كەركوك ناو) بڵاوكراوەتەوە.

KirkukNow ماڵپەڕێکى ئەلکترۆنیى هەواڵییە، بایەخ بە بڵاوکردنەوەى ئەو ڕووداو و بابەتانە دەدات کە لە سنوورى جوگرافیى “ناوچەى جێناکۆک”دا ڕوودەدەن، یان پەیوەندییان بەو سنورە جوگرافییەوە هەیە، ئەمەش بە ئاڕاستەى پێکەوەژیانى ئاشتییانە لەم سنوورەدا و ئاسانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی.

KirkukNow لە مانگی نیسانی ساڵی (٢٠١١)دا دامەزراوە و تەنیا دامەزراوەی میدیایی سەربەخۆیە کە بە تایبەت گرنگی بە پەرەسەندنەکانی تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك دەدات و بابەتەکانی بە هەر سێ زمانی بەربڵاوی پارێزگاکە کە ئەوانیش عەرەبی، کوردی و تورکمانین لەگەڵ زمانی ئینگلیزی بڵاوکردۆتەوە.

ئامانجى لە دامەزراندنی ماڵپەڕەکە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری بوو بۆ هەموو خەڵکی کەرکوک و ناوچەكانی تری جێناكۆك، هەرکەسێک کە بایەخ بە هەواڵی بێلایەن و زانیاریی دەدەن دەربارەی ئەو ناوچانە.

سەرەتا ماڵپەڕەكە تەنیا تایبەت بوو بە پارێزگای كەركوك، بەڵام لە کۆتایی ساڵی (٢٠١٦)دا سنافەكەی ستراتیژێکی درێژخایەنیان داڕشتووە بۆ بەکارهێنانی میدیا وەک ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و پێکەوەژیان و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارماندا بە فراوانکردنی سنوری کارکردنی ماڵپەڕەکە بەشێوەیەک هەموو ئەو ناوچانە بگرێتەوە کە لە دەستوری عیراقدا بە ناوچەی جێناکۆک ناسێنراون.

ستافی (كەركوك ناو)، ژوری هەواڵ و تۆڕی پەیامنێرانی، تێكەڵەیەكن لە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكانی ناوچەكانی جێناكۆك.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT